حوزەیران 05, 2020

ژمارەی ئەندامانی ئاكەپە لە ماوەی ٥٠ رۆژدا زیاتر لە ١٥ هەزار دابەزیوە

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

داواكاری گشتی توركیا، هەڵسەنگاندنی بۆ ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەكانی توركیا كردووە، بەمەش لە ماوەی ٥٠ رۆژدا ژمارەی ئەندامانی ئاكەپە لە تەواوی توركیادا ١٥ هەزار و ٦٩٢ كەس كەمی كردووە. لە بەرامبەردا ژمارەی ئەندامانی هەدەپە زیادی كردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە داواكای گشتی وەرگیراوە و چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئاكەپە ژمارەی ئەندامەكانی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە كە لە ماوەی ١٥ رۆژدا ١٥ هەزار و ٦٩٢ كەس كەمی كردووە. بەڵام مەهەپە كە هاوپەیمانی ئاكەپەیە ژمارەی ئەندامەكانی لە ماوەی ٥٠ رۆژدا ١٠ هەزار كەس زیادی كردووە و جەهەپەش ٤ هەزار و ٢٣٠ كەس و پارتی باش ٤٢ هەزار و ٥٣٣ زیادی كردووە و هەدەپەش لە ماوەی ٥٠ رۆژدا ٤١٢ ئەندامی زیادی كردووە.
ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئاكەپە لە تەواوی توركیا ١٠ ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٩٠٤ كەسە و مەهەپەی هاوپەیمانیشی ٤٧٩ هەزار و ١٩٩ كەسە.
بەڵام هەدەپە كە پارتێكی سیاسی كوردییە و زۆربەی دەنگدەر و لایەنگرەكانی كوردن و بەشێكی توركە، ژمارەی ئەندامەكانی گەیشتووەتە ٣٩ هەزار و ٣٣٤ ئەندام.
لە توركیا تاوەكو ئێستا ١٥ پارتی سیاسی هەن كە هیچ ئەندامێكیان لە داواكاری گشتی تۆمار نەكراوە، چونكە ژمارەی ئەندامەكانیان وەكو پێویست نییە. نموونە پارتی ئاییندە كە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكییەتی، تاوەكو ئێستا ناوی لەناو سیستەمی داواكاری گشتی توركیا تۆمار نەكراوە تا ژمارەی ئەندامەكانی ئاشكرا بكرێت.

© 2017 Hawler