نیسان 02, 2020

خاچی سووری نێودەوڵەتی زانیاری نوێ لەسەر ئەو ئێسك و پروسكانە بڵاو دەكاتەوە كە لە سەماوە دۆزرانەوە

دۆزینەوەی ئەم دواییەی ئێسك و پروسكی چەند كەسێك لە ناوچەی موسەننا/ پارێزگای سەماوە، لە باشوری عێراق، كە وا با‌وەڕ دەكرێت بگەڕێنە‌وە بۆ كەسانێك كە لە جەنگی عێراق و كوێت بێسەروشوێن بوون، هیوا دەداتە خێزانانیان كە ‌تاكو ئێستا چاوەڕێی وەڵامن.

بەیاننامەیەكی بە هاوبەشی لیژنەی سێلایەنینی بڵاوكراوەتەوە كە تێدا هاتووە پێشبینی دەكرێت كە ئێسك و پروسكەكان هی هاوڵاتی كوێتی بن، كە كەسانی سڤیل و دیلی جەنگیان تێدا بێت. شیكاری پزیشكی دادی DNA ژمارەی ئەو كەسانە دیاری دەكات كە دۆزراونەتەوە و زانیاری لەبارەی شوناسیان‌ دەخاتە ڕوو.
ئەمە دووەم دۆزینەوەیە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا، پاش هەڵدانەوەی‌ گۆڕی بە كۆمەڵ و دۆزینەوەی ئێسك و پروسك لە دوو شوێنی جیاجیادا لە سەرەتای ساڵی 2019 دا‌. دۆزینەوەی ئێسك و پروسكەكان لەم شوێنە نوێیە دەرئەنجامی هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی عێراق و كوێتە، هەروەها پسپۆرانی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور (ICRC) كە لە چوارچێوەی لیژنەی سێلایەنە ئەنجام درابوون.
هەروەها لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە لیژنەكە بە هیوایە كە ناسینەوەی ئەم ئێسك و پروسكانە‌ یارمەتیدەر بێت بۆ كۆتایی هێنان بە چاوەڕوانی خێزان و كەسوكاری ژمارەیەك لەو كەسانەی كە لە میانی ئەو جەنگەدا بێسەروشوێن بوون هەروەها وەڵامی ئەوپرسیارانە بداتەوە لەبارەی چی بەسەریان هاتووە. ئەم دۆزینەوەیە جەخت دەخاتە سەر‌ گرنگی بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای وەڵامدا كاتێك تروسكەیەك لە هیوا هەبێت بۆ گەیشتن بە زانیاری دەربارەی كەسانی بێسەروشوێن.
لیژنەی سێلایەنی‌ و لقە تەكنیكیەكەی بە دوای یەكدا لە ساڵی 1991 و ساڵی 1994 دامەزران بۆ یارمەتیدان لە دیاریكردنی چارەنووسی ئەو كەسانەی لە جەنگی 1990-1991 دا بێسەروشوێن بوون. ئەو لیژنەیە بە رێبەری كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور كارەكانی ئەنجامدەدا، و‌ پێكهاتووە لە نوێنەرەكانی هەریەك لە كۆماری عێراق، دەوڵەتی كوێت، شانشینی عەرەبی سعودیە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، شانشینی یەكگرتو هەروەها كۆماری فەڕەنسا. پاشانیش لە 2013 دا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق (یونامی) (UNAMI) وەك چاودێر لە لیژنەكەدا بەشداریكرد.
دوایین دۆزینەوەی ئێسك و پروسكی هاونیشتمانی‌ كوێتی لە چوارچێوەی ئەم میكانیزمە لەساڵی 2019 دا بوو، لەكاتێكدا دوایین ئێسك و پروسكی كەسانی عێراقی لە 2011 دا دۆزراوەتەوە.

© 2017 Hawler