نیسان 02, 2020

هەولێر، وردەکاری لەسەر میکانیزمی (سویس پەیمێنت) بڵاودەکاتەوە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

لەنێو سزا چڕەکانی ئەمەریکادا، وڵاتانی ئەوروپا و لەنێویشیاندا سویسرا میکانیزمێکی بانکی داناوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵە بازرگانیەکان و یارمەتی مرۆیی خەڵکی ئێران، کەپێی دەڵێن(سویس پەیمێنت میکانیزم) ئەو سیستەمە میکانیزمێکی پارەدانە و ڕێگای ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئێران دەدات بەبێ ئەوەی لەنێو سزایەکانی ئەمەریکادا گیرببێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) مەبەست لەئەو سیستەمە لەسەرەتادا یارمەتیدانی دابینکردنی پێداویستیە پزیشکیەکانە بۆ نەخۆشە درێژخایەنەکان، وە نەخۆشانی شێرپەنجە و چاندنی ئەندامەکانیش لەوانەن کە پێشینەیان لەو سیستەمە پێدراوە.
لەڕاستیدا لەنێو سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، یارمەتییە مرۆییەکان بەخشراون بەڵام بەهۆی چڕی سزایەکانەوە بەشێک لەبانکە بیانیەکان نایانەوێ بەو پرۆسە زەحمەتانەی سزایەکاندا تێپەڕن، کۆمپانیایەکان لەبەر ئاستەنگی ئاڵوگۆڕە داراییەکان ئامادەی مامەڵەی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا نەبوون.
حكوومەتی سویسرا لەبارەی ئەو سیستەمەوە دەڵێ، ئەو سیستەمە میکانیزمێکی پارەدانە و ئامانج لێی دڵنیابوونە هەتا ئەو کۆمپانیایانەی لەسویسران کەناڵێکی پارەدانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لەبەردەستدا هەبێت، کەوا لەڕێگای بانکی سویسەوە مامەڵە داراییەکانیان ئەنجامدەدرێ.
هەروەها گوتیشی، سویسرا لەو ڕێگایەوە دەیەوێ یارمەتی خەڵکی ئێران بدات بۆ دابینکردنی کەلوپەل و ماددە خۆراکیەکان و، هەروەها دەرمان و پێداویستیە پزیشیکیەکان، ئەوەش لەچوارچێوەی نەریتە مرۆییەکانی سویسرادایە.
لەژێر یاسایەکانی ئەو میکانیزمە نوێیەدا دەبێ ئەمەریکا دڵنیایی هەبێ کە ئەو حەواڵانە یان مامەڵە بازرگانیانە پێشێلی سزایەکانی ئەمەریکا ناکەن.
وە ئەو بانک و کۆمپانیایانە کە هەناردەی کەلوپەل بۆ ئێران دەکەن دەبێ زانیاری تەواو لەبارەی چالاکیە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا بدەنە ئەمەریکا.
کاردانەوەکانی ئەمەریکا لەبەرانبەر ئەو میکانیزمەی سویسرا بۆ کۆمپانیا بازرگانیەکان ئەرێنیە و، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا قایلبوە بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە و دەڵێ مۆدێلێکە بۆ هەناردەی پێداویستیە مرۆییەکان بۆ ئێران بەکاردێ.
(ستیڤان منوشن) وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەو بارەیەوە گوتی، حكوومەتی ئەمەریکا متمانەی تەواوی هەیە کەوا ئەو میکانیزمە پرۆسەی هەناردە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ئێران باشتردەکات.
هەروەها گوتیشی، یارمەتیە مرۆییەکان لەژێر سزایەکانی ئەمریکادا ڕێگاپێدراون و، وە هانی کۆمپانیا بازرگانیەکانیش دەدەین کە بۆ مامەڵە مرۆییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ئەو میکانیزمە مرۆییە بەکاربهێنن.
لەبارەی بەخشینی مرۆیی لەنێو سزایەکانی ئەمەریکادا لەسەر ئێران لەساڵی (٢٠١٩)دا چەند جارێک بەرپرسانی باڵای ئێران ڕەخنەیان لەسزایەکانی ئەمەریکا لەسەر وڵاتەکەیان دەگرت کە سزایەکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی پێدوایستیەکانی بواری مرۆیی و پزیشکی نەبواردوە، چونکە کۆمپانیا بیانیەکان بەهۆی سزا ئابورییەکانەوە ناتوانن ئاڵوگۆڕی دارایی بۆ بازرگانیەکانی بواری مرۆیی و پزیشکی ئەنجامدەن، بۆیە چاوەڕێدەکرێ ئەو میکانیزمە کەناڵێکی باشبێ و، دەرگایەکی یارمەتی مرۆیی بێ بۆ ئێرانیەکان.
ئێران بەشێکی زۆری داودەرمان و پێویستیە پزیشیکیەکانی بۆ خۆی دروستدەکات بەڵام نزیکەی (٤%) لەڕووی قەبارەوە داوودەرمان لەدەرەوە هاوردەدەکات، هاوکات بۆ دابینکردنی دەرمانەکان بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی وەکو شێرپەنجە و، چاندنی ئەندامەکان و، نەخۆشیە درێژخایەنەکان پێویستی بەهاوردەکردن دەرمان لەوڵاتانی پێشکەوتوەوە هەیە.
بەهۆی سزایەکانەوە، کڕینی دەرمان و پێویستیە پزیشیکیەکان پێشتر بەڕێژەیەکی زۆر هاتۆتەخوارێ، ئێران لەساڵی (٢٠١٨)ەدا بایی (١٧٦ ملیۆن دۆلار) دەرمانی لەدەرەوە کڕیوە، بەڵام لەگەڵ توندترکردنی سزایەکان لەساڵی (٢٠١٩) ەدا ئەو مامەڵەیە بەڕێژەی (٦٠%) دابەزیوە و کەمبۆتەوە بۆ (٦٧ ملیۆن دۆلار).
کەمبونەوەی پێداویستیە پزیشیکیەکان لەبازاڕەکانی ئێراندا بارقورسی لەسەر خەڵکی ئاسایی دروستکردوە و، بەپێی ئامارەکانی ساڵی (٢٠١٩) خەرجی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشیکیەکان لەماوەی (١٢) مانگی پێشوتردا بەڕێژەی (١٩%) بەرزبۆتەوە.
شیاوی باسکردنە، ئەمەریکا لەمانگی ئایاری (٢٠١٨)ەدا پشتی لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کرد و لێی کشایەوە و بەقۆناغ سزایەکانی لەسەر ئێران چەسپاندنەوە، (دۆناڵد ترەمپ) دەیەوێ لەڕێگای سزا ئابووریەکانەوە زۆرترین فشار لەسەر ئێران دروستبکات بۆ ئەوەی تاران ملکەچی دانوستانی تازە بکاتەوە کە ڕێکەوتنێکی باشتری لێ بەرهەم بێت.
لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنەکە، وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا بەردەوام بەدوای دەرچەیەکدا بوون بۆ پاراستنی ڕێکەوتنەکە، یان لانیکەم بتوانن ئەوان درێژە بەمامەڵە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن بەڵام بەهۆی قورسی سزایەکانەوە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبون.
لەدوای گرژییەکانی سەرەتای ئەو ساڵ لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا، دانانی کەناڵێکی پارەدان بۆ مامەڵە بازرگانیە مرۆییەکان لەنێوان کۆمپانیا بیانیەکان و ئێراندا هەوڵێکی باشە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران کە بەهۆی سزایەکانەوە توشی ناڕەحەتی و بار قورسی ژیان بوون.

© 2017 Hawler