نیسان 02, 2020

سەوادی سەدە و ڕۆژهەڵاتى نێـوەڕاست

 شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

 

دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا، ڕۆژى سێشەممە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، وردەکاری گەورەترین گەڵاڵەى بازرگانى و سیاسى ئەم سەدەیەى ڕاگەیاند کە بە گەڵاڵەى "سەوادی سەدە" (صفقة القرن) ناسراوە. بڕیار وایە ئەو گەڵاڵەیە کۆتایی بە ٧٠ ساڵ کێشەی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بهێنێت، ئەگەرچی هەر زوو ڕووبەڕووی دژایەتی مەحمود عەباس سەرۆکی ڕیکخستنی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینییەکان بووە.

بە هۆى گەڵاڵەی ناسراو بە سەودای سەدە کە هەر یەک لە ترامپ و جرد کۆشنێرى زاواى سەرۆکایەتى دەکەن، وا دەکات کە دوو دەوڵەتى سەربەخۆ دروست ببێت و ئورشەلیم (بەیت المقدس) وەک پایتەختی ئیسرائیل بە فەرمی دەناسێنێت. سەرکۆماری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پایتەختی فەلەستین ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم دەبێت و گوتى بە درووستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، ئەمریکا بەشانازیپەوە باڵیۆزخانەی خۆی تێدا دەکاتەوە و "وڵاتانێکی زۆر ئامادە دەبن هاوکاری ملیار دۆلاری فەلەستینییەکان بکەن و بەمەش زیاتر لە یەک ملیۆن هەلى کاریان بۆ دروست دەبێت".
بە گوێرەی گەڵاڵەکەی ترامپ و قسەکانی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، شارەکانی لێوارى ڕووباری ئوردن و دۆڵی ئوردن سەر بە وڵاتی ئیسرائیل دەبن. نەتانیاهۆ گووتی بۆ وتووێژ سەبارەت بە درووستبونی دەوڵەتێکی فەلەستینی ئامادەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە فەلەستینییەکان دەبێ ئیسرائیل وەک وڵاتێکی یەهودی بە فەرمی بناسن.

ڕۆژژمێرى سەوداى سەدە:
هەر لەسەرەتاى دەستپێکەوە، گەڵاڵەى "سەوداى سەدە" بە چەند هەنگاوێک دەست پێ کرا کە لێرەدا ڕۆژژمێرى دەستپێکردنى تاوەکو ئەوڕۆ باس دەکەین:

١٦ى شوباتى ٢٠١٧ (فێبریوەرى)
دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا چیتر پشتیوانى لە ڕێگەچارەى ناسراو بە دوو وڵات کە لە سیاسەتى پێشینەى واشنتۆن بۆ ئاشتى ئیسرائیلى و فەلەستینییەکان ناکات.

٢٤ى ئازارى ٢٠١٧ (مارچ)
دانانى دەیڤید فریدمێن لە پشتیوانانى ماددى شارسازییەکانى ئیسرائیل لە لێوارەکانى غەزە وەک باڵیۆزى ئەمریکا لە ئیسرائیل و ئەم دانانەش لە سەناى ئەمریکا ددانى پێدا نرا.

٦ى کانوونى یەکەم ٢٠١٧ (دیسەمبێر)
سەرۆک ترامپ بە فەرمى، ئۆرشەلیمى وەک پایتەختى ئیسرائیل ناساند و ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەى ئەمریکاى لە تەلئەبیبەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئۆرشەلیم.

٣ى کانوونى دووەمى ٢٠١٨ (جانیوەرى)
سەرکۆمارى ئەمریکا ڕایگەیاند ئەو هاوکارییە ماددییانەى کە ئەمریکا بۆ فەلەستینییەکانى دەنێرێت ڕادەگرێت ئەگەر بێتو لە گفتوگۆکانى ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیل بەشدارى نەکەن.

١٧ى کانوونى دووەمى ٢٠١٨ (جانیوەرى)
دەوڵەتى ئەمریکا نیوەى هاوکارییە ١٢٥ ملیۆن دۆلارییەکەى بۆ ئاژانسى پەنابەرانى فەلەستینى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگرت.
١٤ى ئایار ٢٠١٨ (مەى)
باڵیۆزخانەى نوێى ئەمریکا لە ئۆرشەلیم بە فەرمى کرایەوە.

٢٥ى ئابى ٢٠١٨ (ئاگۆست)
هاوکات لەگەڵ سەفەرى جێرد کۆشنەرى زاواى دۆناڵد ترامپ بۆ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بۆ دروستکردنى پاڵپشتى لە گەلاڵەى ئاشتى، ئەمریکا ڕایگەیاند کە خۆى دەبوێرێت لە پێدانى ٢٠٠ ملیۆن دۆلارى هاوکارى ئابوورى بە فەلەستینییەکان و هاوکارى ماددى بۆ ئاژانسى پەنابەرانى فەلەستینى نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوى ڕادەگرێت.

١١ى ئەیلوولى ٢٠١٨ (سپتەمبێر)
ئەمریکا ئۆفیسى ڕێکخراوى ئازادیبەخشى فەلەستینى لە واشنتۆن داخست و مانەوەى نوێنەرى ئەم ئۆفیسە و بنەماڵەکەى لە ئەمریکا هەڵوەشاندەوە.

٢٥ى ئازارى ٢٠١٩ (مارچ)
سەرۆک ترامپ، بەرزاییەکانى جۆلانى وەک بەشێک لە خاکى ئیسرائی لە فەرمى ناسى.

٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٩ (جون)
کۆنفڕانسێک لە مەنامەى پایتەختى بەحرەین و بە ئامانجى تاوتوێکردنى ڕەهەندە ئابوورییەکانى گەڵاڵەى ئاشتى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستى ئەمریکا بەڕێوە چوو.

١٨ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ (نۆڤەمبەر)
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن پەیڕەوى لە ڕەهەندى یاسایی ساڵى ١٩٧٨ى وەزارەتى دەرەوە ناکات کە  شارسازییە ئیسرائیلییەکانی نێو خاکى فەلەستین بە پێی یاساى نێونەتەوەیی ڕێک خرابوو.

سەوداى سەدە چییە؟!
گەڵاڵەى سەوداى سەدە، دوو پرسى سەرەکەى لەخۆ دەگرێت کە چەدنین ساڵە دوو گەل و ناوچەیەکى گەورە پێوەى دەناڵێنن. گرنگترینیان ئۆرشەلیم (بەیتولموقەدەس)ـە، شارێک کە هەردوو گەلى فەلەستینى و ئیسرائیلى وەک پایتەختى خۆیان دەیناسن، پرسى دووەم نەبوونى بڕوا لە نێوان هەردوولایە کە ئەمانە کێشەى گەورەیان لە ناوچەکە دروست کردووە و بووەتە هۆکارى ئەوەى کە وڵاتانى دیکەیش دەستى تێ وەربدەن. هەر بۆیە دۆناڵد ترامپ هاتووە گەڵاڵەیەکى بە ناوى گەڵاڵەى سەوداى سەدە داناوە کە ئەم پرسانەى لەخۆ گرتووە و چارەسەرى بۆ دۆزیونەتەوە:
ـ دۆخى ئۆرشەلیم و شوێنە پیرۆزە مێژووییەکانى یەهودى و  موسڵمان و مەسیحییەکان.
ـ دیاریکردنى سنوورەکان بە ڕەزامەندى هەردوولا
ـ دۆزینەوەى چارەسەرێکى ئەمنى کە ئیسرائیل بە دى بێت و چیتر لە دوودڵى هێرشى بەردەوامى فەلەستینییەکان نەبێت.
ـ بەفەرمیناسینى وڵاتى فەلەستین لە خانى لێوارەکانى غەزە و ڕووبارى ئوردن و ئورشەلیمى ڕۆژهەڵات کە لە شەڕى ساڵى ١٩٦٧ لە لایەن ئیسرائیل دەستى بەسەردا گیراز
ـ دۆزینەوەى ڕێگەچارەى هەزاران ئاوارى فەلەستینى
ـ ڕێکخستنێک بۆ پشکدارى و هاوبەشى سەرچاوە سرووشتییەکانى وەک ئاو
ـ گەڕانەوەى زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئیسرائیلى کە لە نێوزان ٣ ملیۆن فەلەستینى لە لێوارەکانى غەزەن لەگەڵ چۆڵکردنى ٢٠٠ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونی دیکە کە لە ئۆرشەلیمى ڕۆژهەڵات دروست کراون.
ـ دانانى یاسایەک بۆ نەهێشتنى هەڵاواردنى فەلەستینییەکانى نێو ئیسرائیل.
ـ دابینکردنى ٥٠ ملیار دۆلار وەک سەرمایەگوزارى بۆ بەهێزکردنى ژێرخانى ئابوورى فەلەستین و دابینکردنى ملیۆنان هەلى کار بۆیان.

قسەکانى دۆناڵد ترامپ و بنیامین نەتانیاهۆ
هەردوو سەرۆکى ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕۆژى سێشەممە و بە بەشدارى چەندین وەزیرى گەورەى ئەمریکا و کەسایەتى گرنگ، گەڵاڵەى سەوداى سەدەیان لە واشنتۆن ڕاگەیاند و هەریەک لە دۆناڵد ترامپ و بنیامین نەتانیاهۆ قسەیان کرد.
 گەڵاڵەى ئاشتى ئێمە تەواو جیاوازە لەگەڵ پێشنیارەکانى پێشوو و ڕێگەیەکى درێژ و قورس بڕاوە تا بگەینە گەڵاڵەى ڕێککەوتنى ئاشتى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین. ئەم گەڵاڵەیە وردەکارى زۆرى هەیە کە تا ئێستا سەرنجیان نەخراوەتە سەر. وەبەرهێنان بە بڕى ٥٠ ملیار دۆلار لە فەلەستین دەکرێت. ١ ملیۆن هەلى کار بۆ فەلەستینییەکان دروست دەکرێت و هەژارى نامێنێت. بەرهەمى ناوخۆیی ناوچەکە دەبێتە دوو هێندە و ئەمەش باشە بۆ گەلى فەلەستین. ئێمە هاوکارى فەلەستینییەکان دەکەین کە بە متمانەبەخۆ و کەرامەتەوە بگەنە دەوڵەتى فەلەستین. بۆ ئەوەى فەلەستینییەکان بگەنە دەوڵەتى خۆیان، داوایان لێ دەکەین لەگەڵ ئاشتى بن. ئەمەش دوورکەوتنەوەیە لەو هەموو گرووپەى کە کێشەن و کینە درووست دەکەن. فەلەستینییەکان لە ماوەى چوار ساڵ کاتیان دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فەلەستینییەکان تا فەلەستین ببێتە وڵاتێکى سەرەبەخۆ. سەرۆک عەباس، ئێمە لەگەڵتان دەبین هەنگاو بە هەنگاو بۆ سەرکەوتنت. قودس پایتەختى ڕۆژهەڵاتى فەلەستین دەبێت".

کاردانەوەکانان:
فەلەستینییەکان لە سەرەتاوە دژایەتی خۆیان بۆ ئەو گەڵاڵەیە دەربڕی و هەواڵدەری فەرانسە رایگەیاند ئەو گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی فەتح و حەماس. ڕێبەرانی فەلەستین ئەو گەڵاڵەیە دژی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەزانن و دۆناڵد ترامپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە قازانجی ئیسرائیلییەکان دایڕشتووە و بەو هۆکارەش خۆیان بواردووە لێی.
بە پێی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و پەسەندکراوەکانی دیکەی ئەو دامەزراوە، ناوچە فەلەستینییەکانی نێو ئیسرائیل بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ئیسرائیل بە "خاکی داگیرکراو" ناسراون. ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سەرۆکی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گووتی ڕێکخراوەکە خۆی بە ئەرکدار دەزانێ هەروا داوا لە فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان بکات پشتیوانی ڕێگەچارەی تایبەت بە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ى زایینى بکەن. شایەنى باسە لە شەڕی شەش رۆژەی ساڵی ١٩٦٧ى نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، ئیسرائیل لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن و لێواری غەزە و ئورشەلیمی ڕۆژهەڵاتی داگیر کرد.
هەر یەکە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتی ئەوروپا، تورکیە و ئوردن ڕەخنەیان لە گەڵاڵەی ئاشتی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرت. ئیمارات پێشوازی لە گەڵاڵەکەی ترامپ کرد و میسر زۆر بە پارێزەوە کاردانەوەی نیشان دا. وەزارەتی دەرەوەی میسر داوای لە ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کرد بە سرنجەوە هەموو لایەنەکانی گەڵاڵەکە لێک دەنەوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا ڕایگەیاند بڕۆکسێل سرنجدان بە خواستە ڕەواکانی ئیسرائیل و فەلەستین، لێکۆڵینەوە لە گەڵاڵەکەی دۆناڵد ترامپ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیش گووتی "گەڵاڵەکەی ترامپ کۆمەلێک پرسیار بە تایبەتی سەبارەت بە بەشداریپێکردنی لایەنەکانی هاوبەش لەو کێشەیە لە ڕەوتی دانوسانەکان، دروست دەکات کە دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە.
نوێنەرانی هەردوو حیزبی سۆسیاڵ مەسیحی و دیموکرات مەسیحی ئاڵمان گومانیان لەوە کردووە گەڵاڵەی دۆناڵد ترامپ بتوانێ ببێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکە. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو دوو حیزبە لە پەرلەمان گووتی "ڕێگەچارەی دۆناڵد ترامپ بۆ پێکهاتنی دوو وڵات لە ڕوانینی یەکیەتی ئەوروپا و ئاڵمان بۆ ئەو پرسە لای داوە".
وەزیری دەرەوەی ئوردن جەختی لەوە کردەوە گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا بە درووستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی بە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ـەوە مەیسەر دەبێت.
تورکیە بە تووندی گەڵاڵەکەی ڕەت کردەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند "منداڵێکی مردوو لەدایک بووە". ئانکارا بە بڵاوکردنەوەی راگەیێنراوێک گەڵاڵەکەی دۆناڵد ترامپی بە "پلانی داگیرکردن" ناوبردووە کە ئامانجی تێکدانی ڕێگەچارەی درووستکردنی دوو وڵات و داگیرکردنی خاکی فەلەستنییەکانە.
دەوڵەتی ڕووسیە هاوشێوەی میسر بە پارێزەوە کاردانەوەی نیشان داوە. سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند دەبێ وەفدێکی نێودەوڵەتی بە نوێنەرایەتی ڕووسیە، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتی ئەوروپا و ئەمریکا پێک بێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە گەڵاڵەکەی ترامپ.

© 2017 Hawler