شوبات 27, 2021

(بۆینگ 777X) زەبەلاحترین فڕۆکەی جیهان فڕی

محمد لادێ - هه‌‌ولێر

 

 

یەکەم تێستی فرینی گەورەترین فڕۆکەی دەبڵ مەکینەی گەشتیاری لە جیھان بە ناوی (Boing 777X) به سەرکەوتوویی کرا.

ئەمەش بە ھەوڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەنگی کۆمپانیاکە و بەدەستھێنانەوەی متمانەی خەلک دوای ئەوەی ساڵی پار دوو فڕۆکەیان تێک شکا و ٣٤٦ ھاووڵاتی بوونە قوربانی.
فرۆکەکە لە شاری سیتڵ دەستی بە فڕین کرد و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ئاسمان مایەوە ئەو تاقیکردنەوەیەش بەسەرکەوتوویی کرا دوای ئەوەی دوو جار بەھۆی کەشوھەوای نالەبارەوە فڕینی فڕۆکەکە دواخرابوو.
ھەرچەندە تاقیکردنەوەکان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو بەڵام ھێشتا تاقیکردنەوەی تری ماوە پێش ئەوەی خزمەتگوزاریەکانی لەڕێی کۆمپانیای فڕۆکەکەوانی ئیماراتس بخاتە بەردەست.
بڕیار وابوو ئەو فڕۆکە زەبەلاحە کە درێژیەکەی ٢٥٢ پێیە لە سەرەتای ئەمساڵدا بکەوێتە کار بەڵام بەھۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکیەوە دواخرا.
XXX7 فڕۆکەیەکی نوێتر و پێشکەوتووترە لە XXX7 mini-jumbo بە گەورەترین مەکینە بازرگانییەکانی جیھان کار دەکات.
بەشی بازرگانی کۆمپانیای بۆینگ رایگەیاند: تا ئێستا ٣٠٩ فرۆکەیان لەو جۆرە فڕۆشتووە کە نرخی ھەریەکیان ٤٤٢ ملیۆن دۆلارە.
لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگ دوو فڕۆکەیان لە جۆر737 max کەوتە خوارەوە و تێکشکا، یەکەمیان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ لە ئەندەنوسیا دووەمیان لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە ئەسیوبیا، کە ٣٤٦ قوربانیی لێ کەوتەوە، بەو ھۆیەوە کۆمپانیاکە لەو کاتەوە تووشی تەنگ و چەڵەمەیەکی زۆر بۆتەوە.
کۆمپانیای بۆینگ رووبەروی چەند لێکۆڵینەوەیەک بووەتەوە بەھۆی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە کۆمپانیاکە پەیڕەوی یاسای سەلامەتی نەکردووە و پەلەی کردووە لە پێدانی فرۆکەکانی بە مشتەریەکانی. ئێستا لە ھەوڵی چاکردنەوە و بەدەستھێنانەوەی متمانەیە لە ڕێگای ئەو فرۆکە زەبەلاحانەوە.
شایانی باسە بەھۆی وەستانی کار و راوەستانی فرۆشتنی فڕۆکەی 737 Max نزیکەی ٩ملیار دۆلار لەسەر کۆمپانیاکە کەوت.

© 2017 Hawler