شوبات 26, 2021

دەیان باڵەخانە لە ئیلازیخ بە تەواوی وێران بوون

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

سەرۆكی ژووری ئەندازیارانی ئیستانبۆڵ، هەڵسەنگاندنی بۆ بوومەلەرزەكەی ئیلازیخ كرد، كە بووە هۆی كوژرانی ٣٢ كەس و سەدانیشی بریندار كرد، ئەو دەڵێت ئەو بوومەلەرزەیە زۆر گەورەبوو، ئەگەر بە هەمان رێژە لە ئیستانبۆڵی بدایە، ٥٠ هەزار كەسی دەكوشت.

جەمال گۆكچە سەرۆكی ژووری ئەندازیارانی ئیستانبۆڵ، لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (سۆزجو)_ی توركی ئاماژە دەدات، كە ئەو بوومەلەرزەیەی ئیلازیخ پێمانی گوت كە پێویستە حكوومەت دەست لە پڕۆژەی گەرووی ئیستانبۆڵ هەڵگرێت، چونكە ئەوكات ئیستانبۆڵ دووچاری ریسكێكی زۆر گەورە دەبێتەوە بەوەی بوومەلەرزەی گەورەی رووبەڕوو دەبێتەوە.
ئەو دەڵێت: ”بینایەكانی ئیستانبۆڵ زۆر كۆن بوونە و بەرگەی بوومەلەرزە ناگرن، ئەگەر بوومەلەرزەیەكی لەوشێوەیە لە ئیستانبۆڵ بدات، ١٥٠ هەزار بینا وێران دەبێت و دەڕوخێت و ئەگەریش هەیە ٥٠ هەزار كەس بكوژێت، ئەویش ئەگەر بوومەلەرزەكە بە رۆژ بێت، بۆیە دەبێت حكوومەت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بینایەكاندا بكات“.
ئەو ئاماژە دەدات كە حكوومەت ناتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت كاتێك ئیستنابۆڵ دووچاری بوومەلەرزە دەبێتەوە، چونكە بینایەكان كۆن بوون و ئامادەكاریش وەكو پێویست نییە.
باسی لەوەش كرد، كە دوای بوومەلەرزەكەی ئیلازیخ، ئیدی هاووڵاتیانی توركیا پڕۆژە (گەرووی ئیستانبۆڵ) كە حكوومەتی ئاكەپە بە نیازە ئەنجامی بدات، وەكو گوارەیەك خستویانەتە گوێیان و ئێستا دەزانن جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژەیە چەند سەخت و مەترسییە بۆ دواڕۆژی شارەكە.
گوتیشی: ”ئەگەر بوومەلەرزە لە ئیستانبۆڵ بدات دوای ئەنجامدانی پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ)، وەكو ئیلازیخ نابێت، بەڵكو حكوومەت لێی ناچێتە دەرەوە و بە ناچاری داوای سەفەربەرلیك دەكات، تا بتوانێت رووبەڕیی ببێتەوە. با ئەوەش بزانین، لە دەستدانی ئیستانبۆڵ، واتە لە دەستدانی هەموو توركیایە“.

٧٣ باڵەخانە لە تەواوی وێران بووە
بوومەلەرزەكەی ٢٤ی ١ی ٢٠١٩ لە ئیلازیخ، جگە لەوەی تاوەكو ئێستا ٣٢ كەس كوژراوە و زیاتر لە هەزار كەسیش بریندارن، لە پاڵ ئەوەدا زیانێكی مادی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، كە دەیان باڵەخانە وێران بوون و لەناوچوون. وەزیری ژینگەی توركیاش لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، زیانەكانی بوومەلەرزەكەی ئاشكرا كرد.
موراد كوروم وەزیری ژینگەی توركیا ئاشكرای دەكات، لە بوومەلەرزەكەدا، لەناو سەنتەری ئیلازیخ ١٩ باڵەخانە رووخاون و وێران بوون، ١٠٧ی تریش بە سەختی زیانیان بەر كەوتووە و ٣٧ باڵەخانەش زیانەكانیان مام ناوەندە و ١٧١ باڵەخانەش زیانەكانیان كەمە.
هەروەها كوروم ئاشكرای دەكات، لە هەردوو ناوچەی دۆغان یۆڵ و پوتەرگەی سەر بە مالاتیا، ٥٤ باڵەخانە رووخاوە و ٤١٨ باڵەخانەی تر بە سەختی زیانیان بەر كەوتووە و ٤ یش زیانەكانی مام ناوەندە و ١٩٩ باڵەخانەی تریش بە كەمی زیانیان بەر كەوتووە.
هەروەها بە گوێرەی تازەترین ئاماری كوژراو و بریندارەكان، ٣٢ كەس كوژراوە و ١٣٣٠ كەسیش بریندار بوونە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بەردەوامە لە گەڕان و پشكنینی ئەو شوێنانەی بە تەواوی وێران بوون و بە دوای ونبووەكاندا دەگەڕێن.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە رێگەی میدیاكانییەوە، هاووڵاتیانی ئیستانبۆڵ ئاگادار دەكاتەوە، كە بوومەلەرزەكەی ئیلازیخ زەنگێكی ئاگادار كردنەوە بوو، تا بە هەموومانەوە رێگە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی گەرووی ئیستانبۆڵ بگرین، چونكە ئەگەر پڕۆژەكە ئەنجام بدرێت، ئیستانبۆڵ بە تەواوی بە هۆی بوومەلەرزەوە وێران دەبێت.
لە ماوەی ٤٨ سەعاتی رابردوودا، دەیان نووسەری توركیا جگە لەوەی نیگەرانی خۆیان بۆ بوومەلەرزەكەی ئیلازیخ راگەیاندووە، لە هەمان كاتدا ترسیان هەیە هەمان سیناریۆ لە ئیستانبۆڵیش روو بدات، چونكە پێشتر نموونەی ئەو بوومەلەرزەیە لەو شارەدا بوونی هەبووە.
لە ١٩٩٩ بوومەلەرزە لە ئیستانبۆڵی دا و نزیكەی ١٠ هەزار كەسی كوشت و سەدان باڵەخانە لەناوچوون و وێران بوون و زیانی ملیۆنان دۆلاری لە حكوومەتدا.

© 2017 Hawler