ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پەنابەرانی گەنج لە ئەورووپا و ئاستەنگەکانیان

ئاژانسی مافەکانی پەنابەران لە ئەوروپا هۆشداریان داوەتە وڵاتانی ئەوروپا کە وڵاتەکانیان دەبێتە ژینگەیەکی مەترسیداری ونبونی نەوەیەکی گەنج ئەگەر بێتو هەنگاوەکانیان لەئاستی پەنابەریدا چاکنەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئاژانسی مافە بنچینەییەکانی پەنابەران چەند تەحەدداییەکی دەرخستوە کە بونەتە بەربەست لەتێکەڵکردن و بەڕێوەبردنی پەنابەرانی گەنج لەسەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان (١٦ بۆ ٢٤) ساڵیدایە.
بۆیە داوای لەوڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا کردوە پەلەبکەن لە خێراکردنی پرۆسەی پەنابەرێتیان، وە ئەوانەی لەخێزانەکانیان دابڕاون هەوڵبدەن لەگەڵ خێزانەکانیاندا یەکیان بخەنەوە و خانوبەرەی زیاتر و شوێنی گونجاوتریان بۆ دابینبکەن.
دیارە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦) ەدا نزیکەی دوو ملیۆن کەس لەوڵاتانی ئەوروپا مافی پارێزگاریکردنیان بەدەستهێناوە.
کارمەندانی ئاژانسی ڕێکخراوە پەنابەرییەکان لەوڵاتانی نەمسا و، فەرەنسا و، ئەڵمان و، یۆنان و ئیتالیا ئاماژەیان بەوەداوە کە پەنابەرانی تەمەن گەنج کە بۆ پانەبەرێتی ڕویانکردۆتە وڵاتەکانیان لەگیروگرفتی جیدی و نالەباردان و پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان ئاوڕیان لێبدەنەوە.
دیارترینی گیروگرفتەکان بریتیە لە تێکەڵکردنی سەرکەوتوانە و خۆ گونجادن لەگەڵ ژیان و کەلتوری ئەو وڵاتانەدا، وە دابینکردنی ڕاهێنان و مەشقی پیشەیی و دیارکردنی دواڕۆژێکی سەرکەوتوو بۆیان.
ڕێکخراوەکان چەند خاڵێکیان دەستنیشانکردوە کە پێویستە بۆ پەنابەرێتی سەرکەوتوانە و باشتر بۆ پەنابەرانی گەنج دابینبکرێن کە بریتین:
مافی پەنابەرێتی: بەپێی یاسایەکانی وڵاتانی ئەوروپا وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و بەگشتی تێکڕای دوو ساڵی دەوێت تاوەکو کەیسی پەنابەرێتی یەکلایی دەبێتەوە، بۆیە ڕێکخراوەکان داوایانکردوە پێویستە سەرچاوەی دارایی و مرۆییزیاتر دابینبکرێ و خێراتر داواکاری پەنابەران یەکلایی بکەنەوە.
شوێنی نیشتەجێ بوون: زۆربەی پەنابەران لەماوەی پەنابەرێتیاندا و پێش وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەبارودۆخی هەژاریدا دەژین، لەهەندێک لەوڵاتان بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویستەوە و داوانەکردنی پەنابەرێتی لەناو خێوەت و، کۆنتێنەکان یان لە ناو کەمپە کاتیەکاندا دەمێننەوە، بۆیە ڕێکخراوەکانی بواری پەنابەران داوایانکردوە سیاسەتی شوێنی نیشتەجێبون بۆ پەنابەران گۆڕانکاری بەسەردابێنن گەورەتربکرێ تاوەکو بتوانرێ بەسەر ئەو ڕێژە زۆرەی پەنابەراندا بگەن.
نەخۆشیەکانی مێشکی: بەهۆی خراپی ژینگەی پەنابەرێتیەوە، بەشێک لەپەنابەران کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەشوێنی خراپ دەخەون یان ناخەون، ئاوو و خۆراکی پێویست و باشیان دەست ناکەوێ و، لەژیانێک کە پێشتر پێی ڕاهاتوون دادەبڕێن و لەخەمی چاوەڕوانی پەنابەرێتیشدا توشی نەخۆشی خەمۆکی و، دڵەڕاوکێی و نەخۆشیە مێشکیەکان دەبن، ڕێکخراوەکان داوایانکردوە پشکنینی باشتر بۆ پەنابەران فەراهەم بکرێ و، ئەوانەی توشی ئەو حاڵەتانە بوون چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێ.
پەروەردە و فێرکردن: پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لەسەرەتای گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا هێواشە، واتە بەشێک لە قوتابیان یان منداڵان دەبێت نزیکەی ساڵێک یان زیاتر چاوەڕێ بن هەتا لەقوتابخانەکان وەردەگیرێن. ڕێکخراوەکان داوایانکردوە بۆ ئەوەی نەوەیەکی باشتری پەنابەرانی گەنج لەئەوروپا دروستبکەن پێویستە پەنابەران زووتر لەدامەزراوە پەروەردەییەکاندا جێبکرێنەوە و، ڕاهێنانی پیشەیی و دەرفەتی کارکردن و دواڕۆژیان بەیاسایی بۆ دابینبکرێ هەتاکوو ڕێبگیرێت ژیانیان بەئاڕاستەی خراپەکاریدا بسوڕێت.
یەکگرتنەوەی خێزانەکان: پرۆسەی هێنانی خێزانەکانیان بۆ پەنابەران پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو و خەرجی زۆری دەوێت و پێویستە کەسی داواکار دۆکیومێنت و بەڵگەی زۆر کۆبکاتەوە، ڕێکخراوەکانی بواری پەنابەران داوایان لەوڵاتانی ئەوروپاکردوە ئەو میکانیزمانەی پەنابەران ئەوانەی هەوڵی یەکگرتنەوە یان هێنانی خێزانەکانیاندەدەن خێراتر و ئاسانتربکەن.
شیاوی باسکردنە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٥) و (٢٠١٦)ەدا و لەگەرمەی شەڕی داعش و شەڕی ناوخۆیی سووریادا خەڵکێکی زۆر لەوڵاتانی سووریا و عێراق و ناوچەکە ڕوویان لەوڵاتانی ئەوروپاکرد.
بەپێی ئامارەکانی پەنابەران لەوڵاتانی ئەوروپا لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ ملیۆن کەس داوای پەنابەرێتیان لەوڵاتانی ئەوروپاکردوە و، نزیکەی دوو ملیۆنیان مافی پەنابەرێتیەکان وەرگرتوە.
بەڵام ڕێژەی پەنابەرێتی لەساڵانی دواتردا دابەزیوە، بۆ نمونە لەساڵی (٢٠١٨)ەدا ئەو ڕێژەیە نزیکەی (٦٥٠ هەزار) پەنابەر بوە کە ڕوویان لەوڵاتانی ئەوروپاکردوە.
زۆربەی ئەوانەی بەرەو ئەوروپا کۆچدەکەن لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفەریقا و، باشووری ئاسیاوە بەرەو ئەڵمان و نەمسا و، سوید و نەرویج و، فەرەنسا و، بەریتانیا کۆچدەکەن، بەشێکیان لە کەمپەکانی یۆنان و ئیتالیادا دەمێننەوە.
بەهۆی زەحمەتی و ترس و نالەباری ڕێگایەکانەوە ڕۆژانە پەنابەران دەکەونە بەر مەترسی لەدەستدانی گیانیانەوە و لەڕێگایەکاندا دەمرن یان لەئاوەکاندا بەخنکێن، وە بەشێکیان دەبنە قوربانی دەستی قاچخچیەکان و ژیان و سامانیان تێدادەچێ.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر