ئاب 04, 2020

هەڵبژاردنــی پێشوەختە لە توركیا بۆ ٢٠٢٠ بەهێزە

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە چەندین شوێندا دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی توركیا كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، بەڵام چەند سەركردەیەكی تری توركیا كە پێگەی بەهێزیان هەیە، پێیانوایە توركیا چاوەڕێی ٢٠٢٣ ناكات، بەڵكوو هەر لەمساڵدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

تەمەل كەرەمەلائۆغلو سەرۆكی پارتی سەعادەتی توركیا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی دا، كە پێشتر پێی وابووە توركیا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام ئێستا بۆی دەركەوتووە كە لە ٢٠٢٠ توركیا بە ناچاری دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ماڵپەڕی (T24)_ی توركی لە شڕۆڤەیەكدا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێیوایە بە هۆی بوونی قەیرانی دارایی لە توركیا، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەرێكی كراوەیە.
ئەو ماڵپەڕە باس لە تۆخبوونەوەی قەیرانی دارایی دەكات لە توركیا، كە لە ٢٠٢٠ قەیرانەكە بە شێوەیەك دەبێت هاووڵاتیان هەراسان دەكات، ئەمەش وا دەكات سەرۆك كۆماری توركیا بە ناچاری داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
هەریەك لە هەدەپە و پارتی باش و جەهەپە، لەگەڵ ئەوەدان توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە دژی ئەو هەوڵەن، بەڵام پێشتر نموونەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا بوونی هەیە، ئەویش كاتێك لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستدا، ئەردۆغان توركیای بردە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە تا ئاستێك لە بەرژەوەندی ئەردۆغان دەبێت
رەنگە زۆرێك پێیان وابێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەبێت، چونكە بە هۆی قەیرانی دارایی و چەند پرسێكی تر، هاووڵاتیان روو لە ئۆپۆزسیۆن دەكەن و دەنگ بە كاندیدی ئەوان دەدەن، ئەم بۆچوونە لۆژیكییە، بەڵام لە روویەكی ترەوە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەردۆغانیشدایە ئەگەر سەركەوتن بە دەست بهێنێت.
یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی توركیا قەیرانی دارایی و بێكارییە، هەموو لایەنەكانیش حكوومەتی ئاكەپە تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن ئیدی هیچیان پێ نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەیرانی دارایی، بەڵام ئەگەر بێت و لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتیان ئەردۆغان توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەنجامیش بۆ خۆی سەركەوتن بە دەست بهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئەوكات ئەو فشارەی لەسەرییەتی بە هۆی قەیرانی دارایی لەسەری نامێنێت، ئەمەش بە گوێرەی شڕۆڤەی زۆرێك لە سیاسەتمەدارانی توركیا.

لە پەرلەمان زۆرینە لە دەست بدات كێشەیەكی گەورەیە بۆ ئەردۆغان
گەلی توركیا زۆرجار سیاسییەكانیان لەسەر سندوقی دەنگدان سزا داوە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی ٢٠١٩، لە ئەنكەرا و ئیستانبۆل ئاكەپەیان سزادا، بەوەی سەرۆكی شارەوانی كەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە ئەنجوومەنی شارەوانی ئاكەپە زۆرینەی خۆی پاراست، ئەمەش بەو واتایە دێت، كە گەلی توركیا جارێ ئومێدیان بە ئاكەپە هەیە، بەڵام زەنگێكی مەترسیشیان بۆی لێدا كە ئەگەر لەو سیاسەتەی ئێستا بەردەوام بن، لە هەڵبژاردنێكی تر زەنگەكەیان دەنگی گەورەتر دەبێت.
چەند دەزگایەكی راپرسی لە توركیا ئاشكرای دەكەن، كە رەنگە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان بتوانێت سەرۆكایەتی بباتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاكەپە زۆرینە لە دەست دەدات. واتە هاووڵاتیان ئەردۆغانیان دەوێت وەكو سەرۆك، بەڵام پارتەكەیان ناوێت كە زۆرینەی پەرلەمان بێت، بەڵكوو پەرلەمان دەكەوێتە دەست ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكایەتیش دەست ئەردۆغان.
بەڵام لێرەدا دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان سنووردار دەبێت و ناتوانێت بڕیارنامە دەربكات، چونكە هەر بڕیارێكی دەری بكات، پێویست دەكات لەناو پەرلەمان زۆرینە بێت تا بتوانێت بڕیارەكان و پڕۆژەیاسایەكان تێپەڕێنێت، نموونە پڕۆژە یاسای ناردنی هێز بۆ لیبیا، ئەگەر ئاكەپە و مەهەپە زۆرینە نەبوونایە، پڕۆژە یاسایەكە تێنەدەپەڕی، چونكە ئۆپۆزسیۆن دژی بوو.

دەنگی كورد یەكلاكەرەوە دەبێت
بەردەوام دەنگدەری كورد فریای رەجەب تەییب ئەردۆغان كەوتووە، نموونە لە ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەگەر دەنگی كورد نەبوایە، هەمواركردنەوەی دەستوور ٥٠+١ی بەدەست نەدەهێنا و سیستەمی توركیا نەدەبووە سەرۆكایەتی. ئەگەر دەنگی كورد نەبوایە لە هەڵبژاردنی ١ی١١ی٢٠١٥ ئاكەپە لەناو پەرلەمان نەدەبووە زۆرینە و ٣١٦ كورسی نەدەهێنا، بۆیە ئەردۆغان لە وتارەكەیدا یەكەم لایەن سوپاسی كوردی كرد.
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، هەر دەنگدەری كورد بووە كە شكستی بە ئاكەپە و ئەردۆغان هێناوە، نموونە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، چونكە دەنگدەری كورد و لایەنگرانی هەدەپە پشتگیرییان لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد لە ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ و ئەدەنا و مێرسین و ئەنتاڵیا، بۆیە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بردییەوە و شارەوانی ئەو شارانە كەوتە دەستیان.
بۆیە لە لایەك ئاكەپە و لە لایەكی ترەوە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە كورد نزیك بوونەتەوە و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو گرەو لەسەر دەنگی كورد بكەن.
لە چەند مانگی داهاتوو دەردەكەوێت كە ئاخۆ توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوختەوە یان تا ٢٠٢٣ بەو قەیرانە سەختەوە چاوەڕێ دەكەن؟.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler