کانونی دووەم 25, 2020

وڵاتی ئیبازیەکان و پرسەی سوڵتان قابووس و، پاشای تازە

ئەو هەینیەی رابرد، سوڵتان قابووس پاشای عومان رووی کردە شاری خامۆشان؛ پرسەکەی خوالێخۆشبوو لە کۆشکی عەلەمی عوماندا بەڕێوە چوو. سوڵتان قابووس پاشایەکی لەبەردڵانی خەڵکی خۆی و وڵاتانی دنیایش بوو. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و وەزیری دەرەوەی ئێران و میری کوێت و میری ئیمارات و میری قەتەر و پاشای بەحرەین و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن راستەوخۆ چوونە پرسە و سەرەخۆشی. هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پرسەنامەیەكدا بە بۆنەی كۆچی دواییی سوڵتان قابووس بن سەعیدەوە، سەرەخۆشی لە سوڵتانی نوێ هەیسەم بن تارق ئال سەعید و گەلی عومان كرد، له‌ به‌شێكی پرسه‌نامه‌كه‌دا هاتووه‌ بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی گەرم لە بەڕێزتان و لە ڕێی ئێوەشەوە لە خانەوادەی پایەدارتان و هەموو گەلی عومانی دۆست دەكەم. لە خوای گەورە تكاكارم كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و لەم كۆستە سەختەدا سەبووری و ئارامیتان پێ ببەخشێ و گەل و وڵاتەكەتان هەردەم لە ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتندا بن.
سەرکۆماری ئەمریکا پرسەنامەیەکی لۆ رەوان کردن و گوتی: سوڵتان قابووس هاوڕێیەکی راستەقینەی ئەمریکا بوو؛ بۆ ئاشتەوایی هەولێکی زۆری دەدا.
بنیامین نتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی: "سوڵتان قابووس، رێبەرێکی گەورە بوو؛ هەوڵێکی بێوچانی دەدا بەشکەم ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت."
یەکیەتیی ئەورووپایش سوڵتان قابووسیان پێ سیاسەتمەدارێکی بەڵێن‌بەجێهێن و نەرمونیان بوو کە قسەی لەگەڵدا دەکرا.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرکۆماری فەرەنسایش دەرهەق بە سوڵتان قابووس دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی کە پیاوێکی رەسەنی عومانی بوو، بەڵام باوەشی بۆ هەموو دنیا کراوە بوو."
سوڵتان قابووس کچەمامێکی خۆی هێنابوو بەڵام بەبێ منداڵ، هەرزوو لێک جودا بوونەوە و، پاش ئەوە ئیتر ژنی نەهێنایەوە؛ سوڵتان قابووس بە ئاشکرا جێگری بۆ خۆی دانەنابوو بەڵام لە نامەیەکی سەربەمۆردا پاشایەکی بۆ دوای خۆی پێشنیار کردبوو؛ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سێ رۆژ دەرفەتیان هەبوو بە خۆیان کەسێکی بکەنە پاشا بەڵام ئەوەیان نەکرد و نامە سەربەمۆرەکەی سوڵتان قابووسیان کردەوە و هەر ئەو کەسەیان کردە پاشا کە سوڵتان قابووس بۆیانی دیاری کردبوو؛ هەیسەم تارق ئال‌سەعید، ئامۆزای هەقوداگی سوڵتان قابووس. هەیسەم ٦٦ ساڵی تەمەنە و لە حکوومەتی عوماندا چەند پۆستێکی بەڕێ کردووە؛ ماوەیەکیش وەزیری رۆشنبیری و فەرهەنگ بووە.
سوڵتان قابووس نزیکەی پەنجا ساڵ دەسەڵاتی عومانی قۆرخ کردبوو؛ ٤ملوێن‌و٦٠٠هەزار کەس لە عوماندا دەژین کە سەدا٤٣یان بیانی و کۆچبەرن.
سوڵتان قابووس لە تەمەنی ٢٩ ساڵاندا، بە یارمەتیی بەریتانیا لە باوکی خۆی هەڵسایەوە و دەسەڵاتی لێ زەوت کرد؛ سەعید پاشای باوکی سوڵتان قابووس کابرایەکی دوورەپەرێزی نەگۆڕ بوو؛ چاویکەی تیشکبەزێن (شەمسی) و رادیۆی لە خەڵک قەدەغە کردبوو!تەنانەت دەستی دەخستە ژن و ژنخوازی و ژنهێنان و مێردکردنی خەڵکیشەوە! تەنانەت بە خۆی دەیگوت کێ بچێتە بەر خوێندن و کێ نەچێت! بۆ گەشتی دەرەوەی وڵاتیش، دەبا پرسیان بە سەعید پاشا کردبا!
هەربۆیە کە سوڵتان قابووس، سەعید پاشای لە دەسەڵات خست، خەڵکیش پێیان خۆش بوو. سوڵتان قابووس، سەرەڕای ئەوەی پاشایەکی بەسام و بەکاریزما و خۆشەویستی خەڵک بوو، بەڵام زۆریش لاسار و دیکتاتۆر بوو؛ تاقەتی رەخنەی نەبوو.
لە بابەتی سیاسەت دەرەکیدا، زۆر بێلایەن بوو، هەربۆیە بووبوو بە جێمتمانەی هەموو وڵاتێک.
هەیسەم پاشا، نەوسوڵتانی عومان، وەختی خۆی وەزیری کەلەپووری عومان بووە؛ خوێندنی خۆی لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا داوەتە سەر؛ دوای ئەوەی کرایە سوڵتان، لە یەکەم وتاری خۆیدا بەڵێنی داوە سیاسەتە بێلایەنیەکەی جارانی وڵاتەکەی پەرە پێ بدات و لە پێشخستنی وڵاتەکەیشیان هیچ درێخیەک نەکات.
سوڵتانی عومانی، دەسەڵاتی رەهای هەیە؛ هەم پاشایە، هەم سەرۆکوەزیرانە و هەم سەرفەرماندەی هێزی چەکدارە و هەم وەزیری بەرگریە و هەم وەزیری دارای و هەمیش وەزیری دەرەوە!
دیارە لەوەتی هەیە مەسقەت بەینی لەگەڵ تاراندا خۆشە؛ هێشتا چوار ڕۆژ نابێ محەمەدی عەوەز حەسان، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی عومان لە تارانا محەمەدجەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانی دیتبوو، مەسقەت میواندارەتیی نتانیاهۆی دەکرد.
دەرگاکردنەوە بۆ ئیسرائیل و دۆستایەتیکردنی ئێران، بەرهەمی ئەو سیاسەتە تایبەتەی سوڵتان قابووسە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردەوە گرتوویەتە بەر؛ سیاسەتێکی وای گرتووەتە بەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وێنەی کەمە.
* عومان لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکەدا بێلایەنە؛
* ئەگەرچی وڵاتێکی عەرەبی ئەندامی ئەنجومەنی هایکاریی کەنەداوە، نەچووەتە بەرەی سعوودیاوە؛
* چێوەشێوکەی هیچ وڵاتێک نادات ودەست وەرناداتە وڵاتانی دیکەوە؛ لەو ساڵانەی دواییدا چێوەشێوکە بووەتە باو، بە تایبەت چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چێوەشێوکەی سووریا و یەمەن دەدەن.
* سەرەڕای ئەوەش، دەست بە ڕووی هیچ وڵاتێکەوە نانێت و، کەوای ناوبژیوانەتیی کردووەتە بەر.
ئەو تایبەتمەندیانە، سەنگی ئەو عومانە دوورەپەرێزەی جارانی ئاوا گران کردووە؛ لەو ماوەیەشدا کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێن و دەچن و، بەرپرسی وڵاتانی پێکدژیشیان لێ دەبێتە میوان، بازاڕی گومان و مەزەندەی گەرم کردووە.

ئیبازی و ئیبازیەتی
ئیبازیە، ئایینزایەکی هەرە کۆنی ئیسلامە لە خەوارجەوە سەرچاوەی گرتووە؛ ناوی ئەو ڕێبازە لە ناوی عەوڵای کوڕی ئیبازەوە وەرگیراوە.
ئیبازیە نە شێعەن و نە سوننە؛ زۆر لەوان کەمترن بەڵام لە مێژووی ئیسلامدا بزووتنەوەیەکی بەهێز بوونە؛ سەرەڕای عومان، خەڵکی هەندێ ناوچەی باکووری ئەفریقا و بەری ڕۆهەڵاتی ئەفریقا بە تایبەت خەڵکی دوورگەی زەنگەبار، ئەوانیش ئیبازین. ئەڵبەت جاران زۆر زیاتر بوونە و تەنانەت ئەندەلۆسیش خەڵکی ئیبازی‌مەزەبی لێ ژیاوە.
خەڵکی عومان سەدا٧٥یان ئیبازی‌مەزەبن؛ سوڵتان قابووس خۆیشی لەسەر ئەو ڕێبازەیە. ئیبازی‌مەزەکان بە خۆیان دەڵێن: دەعوە؛ مەزەبی هەقانەتی؛ دەستەی ڕزگاری؛ دەڵێن ڕێبازی ئیبازی، کۆنترین مەزەبی ئیسلامە و، لە سەردەمی پێغەمبەرایەتیەوە گەلێک نزیکە.
لادەرەکان (خەوارج)، وەختی خۆی، لقی زۆری لێ بووەوە بەڵام ئیبازیەکان لە هەموو ڕێبازەکانی دیکەی خەوارج نەرمونیانترن و، زۆر لە سوننەوە نزیکن.
ئیبازیەکان دەڵێن ئێمەی مرۆڤ نازانین کێ بێباوەڕە و کێ بڕوادار؛ ئاخر سروش بڕاوەتەوە و، پێغەمبەر ئۆفاتی فەرمووە و، ئەبووبەکر و هۆمەریش نەماون و ئێستا کەس نەماوە ئەو زانستەی پێ بێ، کافر و دیندار لێک جیا بکاتەوە.
ئیبازیەکان دەڵێن ئیبازیەتی لە خەوارجەوە سەرچاوکەی نەگرتووە؛ بەرادی لە کتێبی (جەواهیرولمونتەقات)ـەکەی و شماخی لە کتێبی (سەیر)دا دەڵێن ئیبازیەت لە سەردەمی ئیمامی هۆسماندا بیچمی گرتووە و لە خەوارجەتی کۆنترە.
ئەڵبەت ئیبازیەکان خەوارجیان پێ ئەو کەسانە نیە وا لە ئیمامی عەلی یاخی بووبوون؛ دەڵێن لادەر (خارجی) ئەوەیە وا بڕیارێکی نەگۆڕی ئیسلام ڕەد بکاتەوە.

© 2017 Hawler