کانونی دووەم 25, 2020

لە ٢٠١٩ لە توركیا ١٧٣٦ كرێكار گیانیان لە دەستداوە

ئەنجوومەنی ئاساییشی كار و تەندروستیی كاری ئیستانبۆڵ لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، لە ٢٠١٩ رێژەی ئەو كرێكارانەی لەسەر كاردا گیانیان لە دەستداوە بۆ ١٧٣٦ كرێكار بەرز بووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاساییشی كار و تەندروستیی كاری ئیستانبۆڵ، لە ٢٠١٨ رێژەی ئەو كرێكارانەی لەسەر كار گیانیان لە دەستدابوو ١٩٢٣ بوو، بەڵام لە ٢٠١٩ گەیشتە ١٧٣٦، واتە رێژەی خۆكوشتن كەمتر بووە بە بەرامبەر ٢٠١٨.
هەر بە گوێرەی هەمان راپۆرت، لە ماوەی ١٧ ساڵی حوكومڕانی ئاكەپەدا لە تەواوی توركیا، ٢٤ هەزار كرێكار لە كاتی كاركردندا گیانیان لە دەستداوە.
هۆكاری مردنەكەش جۆراوجۆرن، بەشێكیان بە هۆی نەبوونی ئەو كەلوپەلانەوەیە كە لەسەر كار پێویستە بەكاری بهێنن، بەشێكیشیان كوژراون و بەشێكیش خۆیان خۆیان كوشتووە و، بەشێكیشی بە هۆی خراپی رەوشی تەندروستیان گیانیان لە دەستداوە.
هەر لەو رێژەیەی لە ٢٠١٩ گیانیان لە دەستداوە، ١١٥یان ئافرەتن، واتە ئەو ئافرەتانەی لە كارگەكان كار دەكەن و ٢٤ یشیان منداڵن واتە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، لە توركیا رێژەی بێكاری ٢٠٪ دەبێت، زۆربەی ئەوانەی كاریش دەكەن، لە لایەن خاوەن كارەوە مافیان دەخورێت و بیمەی كاریان نییە و هەركاتێك خاوەن كار حەزی كرد دەریان دەكات.
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كرێكارەكانیان دەناڵێنن بە دەست بێویژدانی خاوەن كار، هەروەها مافی كرێكار لە توركیا گرەنتی نەكراوە، چونكە لە كاتی وەرگرتنی كاردا خاوەن كار پێیان دەڵێت هیچ مافێكت نییە، وەكو بیمەی تەندروستی و بیمەی كۆمەڵایەتی.
یەكێك لەو توێژەی كە زۆر دەچەوسێنرێتەوە لە توركیا كرێكارە سوورییەكانن، ئەوان بە مووچەیەكی زۆر كەم لە كارگە گەورەكانی توركیا كار دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ مافێكیان هەبێت، ئەمە جگە لەوەی لە رۆژێكدا زیاتر لە ١٢ سەعات كاریان پێ دەكەن. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، كرێكارە توركییەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە تاكوو سووریەكان هەبێت ئەوان نابەن بۆ سەر كار، چونكە سوورییەكان هیچ مافێكیان ناوێت و تەنیا كرێی رۆژانەی خۆیان دەوێت، بۆیە خاوەن كار بە نایاسایی وورییەكان دەبەنە سەر كار و توركەكانیش بێكار جەمێننەوە.

© 2017 Hawler