شوبات 27, 2020

ئەوروپا هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ئەمــەریکا و ئێران دەدات

وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا دەیانەوێ ئەمەریکا و ئێران گرژییەکانیان هێوربکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵە دیبلۆماسیەکانیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی نەهێڵن شەڕ لەنێوانیاندا ڕووبدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەدەن، وە بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێ ڕێنمایی بدەنە هەردولایان هەتاوەکو خۆیان لەشەڕی کراوە بپارێزن و بیر لەچارەسەری ئاشتیانە بکەنەوە.
ئەوروپا لەو باوەڕەدایە کە حیساب نەکردن بۆ ئەو بارودۆخە یان بەهەڵە خوێندنەوەی ئەو بارودۆخە دەشێ مەترسی شەڕ بۆ سەر یەکیەتی ئەوروپاش بێنێتەپێش، وە یەکیەتی ئەوروپا ترسی لەبەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش هەیە کە بەهۆی ئەو گرژیانەوە ئێران ڕایگەیاندوە پابەندییەکانی بەڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە هەڵگرتوە.
ڕۆژی هەینی (١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠) وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا بەبەشداری سکرتێری ناتۆ کۆبونەوە، کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بارگرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوو و، بەتایبەتی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماسیەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە و، ڕێگرتن لەئێران لەهەوڵەکانی بۆ گەیشتن بەچەکی ئەتۆمی.
یەکیەتی ئەوروپا هێشتا دەیەوێ ڕێکەوتنی ئەتۆمی بپارێزێت، بەڵام دەرچوونی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنە و سزا توندەکانی لەدژی ئێران ڕێگربوە لەهەر هەوڵێکی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ڕازیکردنی ئێران لەدوورکەوتنەوەی لەبەرنامە ئەتۆمیەکەی.
بەپێی ڕاگەێنراوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا، ئەوان بەبایەخەوە دەڕواننە ئەو گرژیانەی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، لەو بارەیەوە (ژان یوڤیس لی دراین) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداریدا کە ئێران لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا چەکی ئەتۆمی بەدەستدێنێ ئەگەر ئەو وڵاتە تەواوی پابەندییەکانی بەڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە لابەرێت.
لەدوای ئەوەی ئەمەریکا لەساڵی (٢٠١٨) ەدا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە، ئێرانیش کەم کەم پابەندییەکانی بەپیتاندنی یۆرانیۆم کەمکردۆتەوە، بەڵام لایەنە ئەوروپاییەکان هێشتا چاویان لەوەیە ئەو ڕێکەوتنە لەئیشدا بمێنێ و داهاتووی ببینن.
لەسەر ئەو پرسە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان ئاماژەی بەوەداوە هێشتا ڕێکەوتنی ئەتۆمی کە لەساڵی (٢٠١٥) ەدا لەگەڵ ئێراندا کراوە نەمردوە، بەڵکو پەیوەندی دوولایەنە هەر ماوە و دەرفەت بۆ گفتوگۆ بەتەواوەتی نەبەستراوە.
وە ئێرانیش خواستی پابەندبوونی بەڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە هەر ماوە، ئێران داوادەکات ئەمەریکا سزایەکانی بکێشێتەوە، ڕێکەوتنەکە چالاکبکرێتەوە دواتر پرسەکانی دیکە چارەسەر بکەن.
دیبلۆماتکارانی وڵاتانی ئەوروپا لەهەوڵدان بۆ هێوکردنەوەی بارودۆخی نێوان ئەمەریکا و ئێران، دەیانەوێ ڕێبگرن لەهەر پێکهەڵپژانێکی سەربازی نێوانیان، بۆ ئەو مەبەستە لەپەیوەندان لەگەڵ هەریەکە لە ئەمەریکا و لەئێران.
شیاوی باسکردنە، نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەدەن، ئەو هەوڵانە بۆ ڕێگرتنن لەشەڕی کراەی نێوانیان و پاراستنی ڕێکەوتنی ئەتۆمیش.
هەر لەسەر ویستی دانوستان و گفتوگۆکردن، لەڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی)دا هاتوە ئەمەریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانی جیدی بێ مەرج لەگەڵ ئێراندا. وە لەنامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمەریکا ئاماژەی بەکوشتنی (سولەیمانی) داوە کە هۆکارەکەی بەرگریکردن لەخۆیان بوە، وە ئێرانیش بەهەمان شێوە بەنەتەوە یەکگرتوەکانی ڕاگەیاندوە هەڵدانی موشەکەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕێکاری بەرگریکردن لەخۆیان بوە.
هەر لەنامەکەدا، (کێلی کرافت) باڵوێزی ئەمەریکا لەنەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێ، ئەمەریکا ئامادەی گفتوگۆکردنە، ئامانجیش لەوە ڕێگرتنە لەزیاتربوونی مەترسیەکانی سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەوڵەکانی وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان و، بەرپرسانی باڵای ناوچەکە بەردەوامن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئێستا کە لەناو جەرگەی عێراقدا دروستبوون لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا، چارەسەرنەکردنی ئەو گرژیانە مەترسی شەڕێکی وێرانکەر بۆ ناوچەکە دێنێتەپێش.
سەرکردە سیاسیەکانی نێودەوڵەتی دەڵێن ویستی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی گرژییەکان تاکە کلیلی گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیریە بۆ ناوچەکە، وە هەوڵیکیشە بۆ چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی.
ئەو گرژیانە کاریگەریان لەسەر بەرزبونەوەی مەترسیەکانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیش هەیە، هەروەها گەشەی ئابووری جیهانی و پەیوەندییە بازرگانیەکانیش لاوازدەکات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler