شوبات 27, 2020

بۆ یەکەمجار دۆناڵد ترەمپ بە فارسی توویت دەکات

کامپەینی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا و لێدوانەکانیان دژ بە ئێران بەردەوامن و ئەم بەیانییە ترەمپ لە هەژماری خۆی لە توویتەر بۆ یەکەمجار دوو توویتی بە زمانی فارسی بڵاوکردنەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەسەرەتای سەرۆکایەتیمەوە من لەگەڵ خەڵکی بوێری ئێران بوومە کە ئازار و مەینەتیی زۆریان کێشاوە. ئیدارەکەم لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئێران بەردەوامدەبێت.
 
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و بەو بوێرییەی خەڵکی ئێران سەرسامە.
 
سەرۆکی ئەمریکا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فارسی ئەو قسانەی لە هەژماری خۆی لە توویتەر بڵاوکردوونەتەوە.
 
دوێنێ جارێکی دیکە لە تارانی پایتەخت و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە لە توویتێکدا نووسیی، "دەنگی گەلی ئێران روونە و ئەوان بێزاربوون لە درۆ و گەندەڵیی سوپای پاسداران".
 
ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی ئێران رێگەبدات مافەکانی مرۆڤ چاودێریی خۆپیشاندانەکان بکەن و راپۆرت لەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵكی ئێران بڵاوبکەنەوە.
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، نابێت کۆمەڵکوژی دژی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بکرێت یان هێڵی ئینتەرنێت بپچڕێنرێت، جیهان سەیرتان دەکات.
 
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە 3-1-2020، گەیشتنە لووتکە. رۆژی 8-1-2020یش فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە تاران بە 176 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و دوێنێ 11-1-2020 ئێران دانی بەوەدا نا کە بە مووشەک خراوەتەخوارەوە.
 
وێنەی توویتەکانی ترەمپ:
 

© 2017 Hawler