تەمموز 11, 2020

بارودۆخی بازاڕی نەوت لەنێو گرژییەکانی ناوچەکەدا بەرەو کوێ؟

 

بەرزبونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری جیهانی دەبێ، بەتایبەتی کە وڵاتانی کەنداو دەوڵەمەندن بەنەوت و وزە بۆیە لەدۆخی ئاساییدا خزمەت بەئابووری جیهانی دەکەن و، وە بەپێچەوانەشەوە لەدۆخی ناسەقامگیر و ئاڵۆزاویدا کاریگەریان لەسەر کەمبونەوەی گەشەی ئابووری جیهان دەبێت، وە نرخی نەوتیش لەدۆخی ناسەقامگیری و شەڕی ئەو ناوچەیەدا زیاتر بەرزدەبێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا دۆخی ناوچەکە و بازاڕی نەوت لەناسەقامگیریدایە، وە بەشێوەیەکی گشتی ئەو ناسەقامگیریە کاریگەری خراپی لەسەر ئاسایش و گەشەی ئابووری لەجیهاندا دەبێت.
لەڕۆژی هەینی ڕابردوودا نرخی نەوت بەڕێژەی (٤%) بەرزبۆوە، وە ئێستاش لەبەرزی و نزمیدایە و بازاڕی نەوت بەهۆی بەرزبونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەناجێگیریدایە، وە بازرگانیەکانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ ئەگەری ڕووداوەکان دەستپێکردوە.
لەماوەی ڕابردوودا و لەکاتی شەڕی ئەمەریکا و عێراقدا نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە، بەڵام ئێستا دۆخی بازاڕی نەوت وەکو ئەو کاتە نیە، ئەگەرچی ترس لەسەر جێگیری ئاستی بەرهەمی نەوت لەبازاڕدا هەیە لەکاتی ڕوودانی هەر شەڕێکی نەخوازراو لەناوچەکەدا بەڵام شارەزایان خوێندنەوەی جیاواز و تێڕاونینی دیکەیان هەیە لەوەی کە لەساڵی (٢٠٠٤) ەدا لەبازاڕی نەوتدا هاتەپێش و نرخی نەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
بەبەراوورد بەساڵی (٢٠٠٤) ئەمەریکا سەربەخۆیی نەوت و وزەی زیاتری هەیە و کەمتر پشت بەنەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت و ئێستا نەوتێکی زۆر بەرهەم دەهێنێت، وە دابەزینی نرخی نەوتیش لەڕابردوودا بەهۆی زۆری بەرهەمی نەوتی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانەوە بوو.
ئەگەر تەماشای ئەو ڕووداوانەی ڕابردووبکرێت، بۆ نمونە لەکاتی شاڵاوی سەر کەرتی نەوتی عەرەبستان لەمانگی ئەیلولی ڕابردوودا زۆر کاریگەری درێژخایەنی لەسەر نرخی نەوت یان کەمبونەوەی نەوت لەبازاڕدا دروستنەکرد، چونکە ئێستا ئەمەریکا و ڕووسیا لەکاتی ڕوودانی تەگەرە لەبەردەم بەرهەمی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا نەوتێکی زیاتر دەخەنە بازاڕەوە.
لەساڵانی ڕابردوودا بەتایبەتی لەدوو دەیەی ڕابردوودا ئۆپێک کۆنتڕۆڵی زۆربەی بەرهەمی نەوتی بازاڕی کردبوو، تاڕادەییەک نیوە و زیاتری نەوتی جیهانی دابیندەکرد بەڵام بەهۆی سیاسەتی نەوتی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و وڵاتانی دیکەی دەرەوەی ئۆپێکەوە ئەو کۆنتڕۆلە کەمتر لەدەستی ئۆپێکدا ماوە.
لەو بارەیەوە (مایکڵ ویمبڵدەر) لەستراتیژیەتی بازرگانی بانکی ئەمەریکا دەڵێ، هەر کاتێک ئۆپێک بەرهەمی کەمکردەوە ئەوا دەرفەت بۆ وڵاتانی دیکە دروستدەکات نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەوە و دەستکراوەتربن.
وە (ئالان گێلدەر) بەرێوەبەری مکێنزی مارکێتینگ گوتی، پێشتر ئۆپێک بەرهەمی نەوتی بۆ نیوەی جیهان دابیندەکرد، بەڵام ئێستا تەنها سێ یەکی جیهان بەکاری دێنێ.
هێشتا ڕەوشەکە مەترسی لەسەر بەرهەمی نەوت هەیە:
گەرووی هورمز ناوچەیەکی ستارتیژی تێپەڕینی نەوتی وڵاتانی کەنداوە بۆ جیهان، وە بەشێک لە کۆمپانیا جیهانیەکان وەبەرهێنانەکانیان لەوڵاتانی کەنداو و لەبیرە نەوتەکاندا کردوە، بۆیە ئەگەری ڕوودانی شاڵاوی سەر کەرتی نەوت یان بەربەست دروستکردن لەگەرووی هورمز کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێت.
بەهۆی پێشکەوتن لەکەرتی نەوتدا ئاسانتر بەرچاوڕوونی لەسەر ڕووداوەکان دەستدەکەوێت، بۆ نمونە جاران زیاتر پەیوەندییەکان بەهۆی تەلەفۆنەوە هەواڵەکان دەستاودەستیان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوەوە ڕووداوەکان ڕوونتر دەبینرێن و کاریگەرییەکان و وەڵامدانەوە بۆیان خێراتردەبن.
لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی بواری پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاشدا هێشتا ناتوانرێ پێشبینیەکان بەئاسانی لەسەر بازاڕی نەوت بزانرێن چونکە جۆری گرژییەکان و ماوەی گرژییەکان ئاستی کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕ و نرخی نەوت دیاریدەکەن.
لەئەگەر بەرزتربوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسان نیە بزانرێ نرخی نەوت چەندە بەرزدەبێتەوە، بەڵام بێگومان کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمی نەوت لەبازاڕدا دەبێت.
شارەزایانی نێودەوڵەتی بواری نەوت لەو باوەڕەدان کە نرخی نەوت لەکاتی بەرزبونەوەی وەڵامدانەوەکان لەبەرزیدا دەمێنێتەوە، وە لەئەگەری شاڵاوی سەر کەرتی نەوتی ناوچەکە، یان بۆڕییە نەوتیەکان یان وەبەرهێنەرانی بواری نەوت لەناوچەکەدا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاوتر لەئێستا بەرزدەبێتەوە.
بەپێچەوانەوە هەر ئاساییبونەوەیەک لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا و، یان نزیکبونەوەی لایەنەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کاریگەری لەسەر ئاساییبونەوەی نرخی نەوت و دابەزاندنەوەی دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ئه‌و دۆخەی ئێستای ناوچەکە جیاوازە لەو ڕووداوەی ڕابردووی شاڵاوی سەر کەرتی (ئارامکۆ) ی عەرەبستان کە کاریگەری کەم مەودای لەسەر نرخی نەوت هەبوو، چونکە ناسەقامگیری دۆخی ئێستا لێڵترە و گرژییەکان گەورەترن.
لەکاتێکدا کە نە ئێران و، نە ئەمەریکا لەگەڵ روودانی شەڕدان لەناوچەکە، بۆیە نازانرێ وەڵامدانەوەکان کەی یان چۆن دەبن، وە ئەوەش ئاستی کاریگەرییەکان دیاریدەکات.
(ئیدوارد مۆیا) شیکاری بازاڕ لە کۆمپانیای ئۆنادا دەڵێ، نرخی نەوت بەرەو بەرزبونەوەی خێرادەڕوات، چونکە ترس هەیە لەسەر چڕبونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وە بەشێوەیەکی گشتی کۆمپانیا گەورەکانی بواری بازرگانی نەوت لەجیهاندا هەڵسەنگاندنەکانیان لەسەر ئەگەرەکانی لەمەڕ گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردوە، ترس لەسەر ئاستی بەرهەمی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا هەیە بەڵام لەهەمان کاتدا جوڵەی دیبلۆماتی نێودەوڵەتیش دەستیان پێکردوە بۆ ڕەوینەوەی ئەگەرەکانی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان و، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و، کۆمکاری عەرەبیش لەهەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler