ئاب 03, 2020

قۆناغی دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپا چ دەبێت؟

 حزبی پارێزگاران براوە بوو لە ھەڵبژاردنە گشتییەکانی بەریتانیا، ئەی ھەنگاوی دوای برێگزیت چ دەبێت؟

بڕیار وایە بەریتانیا لە کانوونی دووەمی ساڵی دابێ لە یەکیەتی ئەوروپا جیا بێتەوە.
جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ یەکیەتیی ئەوروپا دەربارەی دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکیەتییەکە، بەڵام رێککەوتنەکە پێویستی بەوەیە پەرلەمانیش پەسەندی بکات.
بە قسە و کاغەز، ئەگەر پەرلەمان بڕیاری رێکەوتنەکەی نەدا بەریتانیا خۆکارانە لە یەکیەتیەکە دەردەچێت بە بێ رێککەوتن.
 بەھۆی بوونی زۆرینە دەنگ لە لایەن حزبی پارێزگاران زۆر ئاسانە ئەو رێکەوتنەی کە جۆنسۆن پێی گەیشتووە لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا بچەسپێندرێت.
وا چاوەڕوان دەکرێ ھەفتەی داھا حكوومەت جارێکی تر ڕێکەوتننامەکە بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆ دانانی نەخشە بنەڕەتییەکانی دەرچوونی حكوومەتی بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەوروپا.
ئامانجی سەرەکی، کۆتا پێھێنانی چەسپاندنی ڕێکەوتننامەکەیە لە کاتی دیاریکراو، ئەڵبەتە قۆناغی دەرچوون لە یەکیەتی ئەوروپا دەسپێدەکات لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.

پاشان چی؟
ئەگەر حکووموتی بەریتانیا لەکاتی دیاریکراو لە یەکیەتیی ئەوروپا جیا بۆوە کە دەکاتە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داھاتوو، ئەوە تەنھا ھەنگاوی یەکەمە بۆ برینی ڕێگەیەکی سەخت و ئاڵۆز.
ئەولەویەتی حکوومەتی بەریتانیا دوای جیا بوونەوەکە بریتی دەبێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانی لە نێوان ھەردوولادا، ئەڵبەت بەریتانیا دەیەوێت خزمەتگوزاری و ھەناردەکراوەکانی بە بێ ھیچ کێشە و گرفتێک بگات بە وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا.
حزبی پارێزگاران دڵنیایی دا لە دەرچوون لە بازاری یەکگرتوو و یەکیەتیی گومرگی. ماوەی زەمەنی زۆر کورتە و یەکیەتی ئەوروپا چەند ھەفتەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتن بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا.
پێویستە لە سەر وڵاتانی یەکیەتیەکە کە ٢٧ وڵاتە و پەرلەمانی ئەوروپاش تا حوزەیرانی ساڵی دابێ بگەنە ڕێککەوتننامەی بازرگانی لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا.
خۆ ئەگەر تا ئەو بەروارە نەگەیشتنە ڕێککەوتن، لە کۆتایی ساڵی دابێتەوە بەریتانیا بەبێ ڕێککەوتن دەردەچێت.
بێگومان ئەگەر ڕێککەوتنەکەش بکرێت پێویستی بە چەسپاندنی بڕیارەکە ھەیە و چەند مانگێکی پێ دەچێت تا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جۆنسۆن لەلایەن خۆیەوە ڕایگەیاند یەکیەتی ئەوروپا و بەریتانیا پشت بە ھەمان یاسا و ڕێسا دەبەستن بۆیە پێویستمان بە چەند زنجیرە ڕێککەوتنێک ھەیە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن پێیان وایە پێویستە وڵاتی بەریتانیا لە کۆتی یاساکانی یەکیەتی ئەوروپا بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێککەوتننامە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تر واژۆ بکات.
با ئەوەش بزانین لەمەولا پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا تەنھا بازرگانی نابێت بەڵکو پێویستیە لەسەر حکوومەتی بەریتانیا چەندین ڕێککەوتنی تر بکات وەکو چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کاروباری ئەمنی و پەیوەست بێت بە قانوونەکانی یەکیەتیی ئەوروپا.

 

محمد لادێ

© 2017 Hawler