ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئێستا جیهان یەک پلەی سیلسەس گەرمترە لەپێش فراونبوون و بەپیشەسازی بوونی جیهان

لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لوتکەی کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پابەندبوون بەڕێکەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و، هەروەها پابەندییەکانی وڵاتان بە بەڵێنەکانیەوە و، دۆزینەوەی چارەسەر و سازن بۆ ئەو پرسە بەڕێوەچوو.

دەبوایە لە هەینی (١٣ی ١٢ی ٢٠١٩) کۆبونەوەکە کۆتایی بێت بەڵام بۆ دوو ڕۆژی دیکەش درێژکرایەوە چونکە نەگەیشتبونە هیچ ڕێکەوتنێک، ئەوەبوو لەڕۆژی یەکشەممەی (١٥ی ١٢) بەڕێکەوتن و سازان کۆتایی پێهات.
لوتکەی کۆبونەوەیەی ئەو جارەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەدرێژترین کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کەشوهەوا دادەنرێت، تیایدا نوێنەرانی وڵاتان لەسەرانسەری جیهانەوە ڕازیبون لەسەر زیادکردنی وەڵامدانەوەکانی جیهان بۆ کەمکردنەوەی گەرمبوونی کەشوهەوا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا هەموو وڵاتان پێویستە لەسەریان بەڵێنەکانیان بۆ کەشوهەوا هەتا کۆبونەوەی ساڵی داهاتوو کە لە (گلاسگۆ) ئەنجامدەدرێ ئامادەی سەر مێز بکەن.
لەبارەی بەڵێنەکان و پابەندییەکانەوە و، هەروەها لەسەر بازارەکانی کاربۆنیش لەنێوان نوێنەرانی کۆبونەوەکە دابەشبوون هەبوو، بەشێكی ئەو دابەشبوونانە هەڵگیراون بۆ کۆنفرانسی ساڵی داهاتووی گۆڕانی کەشوهەوا.
وڵاتانی جیهان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە کۆک نین لەوەی کە زانایان داوای دەکەن و، بەرژوەندییەکانی خۆیان، لەو بارەیەوە لەڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا (هێلن ماونتفۆرد) جێگیری سەرۆکی کەشوهەواو و ئابوری لە ئەنستیتۆی سینک تانک گوتی، ئەو گفتوگۆیان ڕەنگدانەوەی چۆنیەتی دابەشبوونی سەرکردەکانی جیهانن لەسەر پەلەکردن و ئاگادارکردنەوەکانی زنایان و، داواکارییەکانی هاوڵاتیەکانیان لەسەر شەقامەکانیان، پێویستە لەساڵی (٢٠٢٠) بەئاگا بێنەوە.
وڵاتان لەسەر چی ڕازیبوون؟
لەدوای زیاتر لەدوو حەفتە، نوێنەرانی وڵاتان لەکۆتاییدا ڕازیبوون لەسەر ڕێکەوتنێک لەبارەی پلانەکانی باشترکردنی کەمکردنەوەی کاربۆن، وە لەکۆبونەوەی ساڵی داهاتوودا لە گلاسگۆ ئەو پلانانە و بەڵێنەکان و پابەندیەکان تاوتوێ دەکرێن.
هەموو لایەنەکان ڕێکەوتوون کە دەستنیشانی ئەو مەودایە بکەن، ئەوەی کە زانایان بەمەترسی دەزانن و داوای ڕێگریکردنی بەپەلەی دەکەن لەگەڵ چۆنیەتی وەڵامدانەوەکانی وڵاتان بۆ ئەو پرسە و داواکاری هاوڵاتیەکانیان.
وڵاتانی ئەوروپا و، سەر دورگەکان داوای بەڵێنی زیاتردەکەن لەجیهان بۆ ڕێگرتن لەگەرمبونی کەشوهەوا بەڵام ئەو خواستەی ئەوان لەلایەن بەشێک لەوڵاتانی دیکەوە لەوانە ئەمەریکا و بەرازیل و، هیندستان و چین دژایەتی و ڕەتکراوەتەوە.
کاردانەوەکان چین؟
لەکاتی کردنەوەی لوتکەکەدا لە (٢ی ١٢ی ٢٠١٩) لە مەدرید (ئەنتۆنیۆ گیوتێرس) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بێ هیوایی خۆی لەبارەی وەڵامدانەوەی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ڕاگەیاند و گوتی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرفەتێکی گەورەی لەدەستداوە هەتا بتوانێ هیوا و، هێورکردنەوە و، خۆڕاهێنان و، ئاستی دارایی زیاتربکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کەشوهەوا.
لەسەر پاکێجی کۆتایی کۆبونەوەی ئەو جارە (لۆرین توبیانا) لە دامەزراوەی کەشوهەوا لەئەوروپا و ئەندازیاری ڕێکەوتنی پاریس گوتی، کۆبونەوەکە شتی جۆراوجۆر و تێکەڵی لەخۆگرتبوو، ئەوەی ئێستاش دوورە لەوەی زانایان لەبواری کەشوهەواوە بەپێویستیان داناوە.
لەبەر دابەشبوونی وڵاتان لەسەر پیسبونی کەشوهەوا و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەرمبونی کەشوهەوا نەتوانراوە ئاست و ئەنجامێکی باش لەلوتکەی ئەو جارەی گۆڕانی کەشوهەوا تۆماربکرێ، وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی سەر دەریا و دورگەکان شێلگیرانەتربوون لەهەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو پرسە، بەڵام بەشێک لەوڵاتانی دیکە و لەنێویاندا ئەمەریکا دژ بوون لەسەر دانانی پابەندی و بەڵێنی زۆر لەبارەی کەشوهەواوە.
بەشێکی زۆری وڵاتانی بەشداری کۆبونەوەکە دڵخۆش نەبوون بەئەنجامی کۆبونەوەکە و، واهەستدەکەن پاکێجی ڕێکەوتنەکە ڕەنگدانەوەی پێویستیە بەپەلەکانی بواری کەشوهەوا چارەناکات.
بەگشتی دانوستانکارەکان لەدوای گفتوگۆی چڕ و درێژ هاوڕابوون لەسەر هێشتنەوەی پرۆسەکانی کارکردن بۆ ڕێگرتن لەگۆڕانی کەشوهەوا بەزیندوویی و دۆزینەوەی چارەسەری باشتر لەئایندەدا.
بەڵگەکانی گەرمبونی جیهان چین؟
بەگوێرەی ڕێکخراوی میترۆلۆجیکاڵی جیهانی، ئێستا جیهان یەک پلەی سیلسەس گەرمترە لەپێش فراونبوون و بەپیشەسازی بوونی جیهان.
لە ماوەی (٢٢ ساڵ) ی ڕابردوودا گەرمترین بیست ساڵ هاتوون، کە نێوان (٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨)دا چوار ساڵی هەرە گەرمترین بوون لەو ماوەیەدا.
ڕێکخراوی میترۆلۆجیکاڵی جیهانی دەڵێ، ئەگەر بێتو ئەو گەرمیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا هەتا کۆتایی ئەو سەدەیە لەوانە پلەی گەرمی زیاتر لەئاستی خۆی بەئەندازەی (٣ بۆ ٥ پلە)ی دیکەش بەرزبێتەوە.
پێشتر (٢ پلە) دانرابوو بەمەترسی لەسەر گەرمبوونی جیهان و ڕوودانی کارەساتەکان، بەڵام لەئێستادا زانایانی بواری کەشوهەوا و داڕێژەرانی سیاسەت و ستراتیژی دەڵێن دەبێ کار لەسەر (پلە و نیوێک) بکرێ چونکە چوارچێوەیەکی سەلامەتتر بۆ جیهان فەراهەم دەکات.
بەڵام پابەندبوونی وڵاتان بە گەرمبوون بە (پلە و نیوێک) پێویستی بە گۆڕانکاری خێرا و پابەندی باشتر هەیە لەهەموو ڕووەکانی ژیان و لەکۆمەڵگایەکاندا، ئەوەش بەهۆی بەرژوەندی و دابەشبونەکانەوە ئاسان بەدەست نایەت.
گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەری دەبێ؟
لەبارەی کاریگەرییە شاراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر ئاستی ناسەقامگیری جیاجیا دروستدەبن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانەکان دەکرێ ببنەهۆی کەموکورتی لەسەر دەستکەوتنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و، ڕوودانی کارەسات و گۆڕان لەسەر توانایەکان بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک و، بەرزبونەوەی ڕێژەی مردن بەهۆی لافاو و، گەردەلول و، شەپۆلی گەرما و، وشکەساڵیەوە.
هەتا ئەگەربێتو ئێستا دەردراوەکانی گازەکانیش کەمبکرێنەوە ئەوا ئەنجامێکی خێرا لەبارەی ڕێگرتن لەگەرمبونی کەشوهەواوە دەستناکەوێ و، زانایان دەڵێن کاریگەرییەکان بەردەوامدەبن چونکە بەشەکانی سیستەمی کەشوهەوا بەتایبەتی ئاوو و، سەهۆڵبەندەکان دەکرێ سەدان ساڵیان بوێت هەتا وەڵامدانەوەیان بۆ گۆڕانی پلەی گەرما دەبێ، وە دەیان ساڵی دەوێ هەتا گازەکانی خانوە سەوزەکانیش لەهەوادا لادەبرێن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر