ئاب 11, 2020

سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی: ئابووری ئێران لەساڵی (٢٠٢٠)ـدا هیچ گەشەیەک ناکات

ئەمەریکا سزایەکانی دانانەوە لەسەر ئێران لەدوای ئەوەی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەئایاری ساڵی (٢٠١٨)دا.

(ترەمپ) بەردەوام دەڵێ دەیەوێت سزایەکان لەبەرزترین ئاستی فشاردابن لەسەر ئێران هەتاکوو ئێران ڕابکێشێتەوە بۆ ناو گفتوگۆیەکی تازەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی نوێ بەڵام سەرکردەکانی ئێران مل بۆ ئەو داوایەی ئەمەریکا نادەن و هەتا ئێستا بەبەرهەڵستیکار ماونەتەوە.
کاریگەرییەکانی سزایەکان هەستپێکراو و ڕوونن، وە لەڕابردوودا باری قورسی ئابووری سەر شانی ئێرانیەکانیش یارمەتیدەربوون بۆ تەقینەوەی توڕەییان و جوڵانی شەقام و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان لە ماوەی ڕابردوودا.

ئابووری ئێران بەرەودوا گەڕاوەتەوە:
ئابووری ئێران بەشێوەیەکی خراپ کاری تێکراوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەهۆی سزا نێودەوڵەتیەکانەوە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیەکەی توشی پوکانەوە بوە.
لە (٢٠١٥) ەدا (حسن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران ڕازیبوو لەگەڵ ئەمەریکا و پێنج وڵاتی زلهێزی دیکەی جیهاندا ڕێککەوێت بۆ سنوردارکردنی چالاکیە ئەتۆمیەکانی ئێران و لەبەرانبەردا سزایەکانی لەسەر هەڵگیرێن.
ساڵێک دواتر و لەدوای ئەوەی ڕێکەوتنەکە جێبەجێکرا، ئابووری ئێران هەستایەوە و بەپێی بانکی ناوەندی ئێران بەڕێژەی (١٢،٣%) گەشەیکردەوە. بەڵام زۆربەی ئەو گەشەکردنەی ئابووری ئێران پەیوەندی هەبوو بە پیشەسازی نەوت و گازەوە و، وە بوژانەوەی سێکتەرەکانی دیکەی نەگەیشتنەوە ئەو ئاستە گرنگەی کە خەڵکی هیوایان بۆ دەخواست.
لەساڵی (٢٠١٧) ەدا گەشەکردنی ئابووری ئێران داکەوتەوە و بەڕێژەی (٣،٧%) هاتەخوارێ، وە بەردەوام دۆخی خراپی ئابووری سەرکێشی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت بوە لەماوەی دەیەی ڕابردوودا.
دانانەوەی سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران لەساڵی (٢٠١٨) ەدا و بەتایبەتیش لەدوای جێبەجێکردنی سزایەکان لەسەر کەرتی وزە و دارایی ئێران وایکرد وەبەرهێنانی دەرەکی وشکایی بێت و هەروەها کاریگەری گەورەشی هەبوو لەسەر هەناردەکردنی نەوتەکەی ئەوەش ئەنجامەکەی کەمکردنەوەی داهاتی گشتی بوو.
لەمانگی ئایاری ساڵی (٢٠١٩)ەدا، (ترەمپ) کۆتایی هێنا بەبەخشینی ئەو وڵاتانەی هێشتا دەرفەتی کڕینی نەوتیان لەئێران مابوو، وە لەو کاتەدا گوتی، ئەو بڕیارەی وادەکات هەناردەی نەوتی ئێران بێنێتە سەر سفر و، سەرچاوەی داهاتی ڕژێمی ئێرانیشکۆتایی دێت.
لەئەنجامی ئەو سزایانەدا داهاتی گشتی بەڕێژەیەکی بەرچاوی کەمیکردوە، وە بێکاری بەڕێژەی (١٤.٥%) لەساڵی (٢٠١٨) بۆ (١٦.٨%) لەساڵی (٢٠١٩) ەدا بەرزبۆتەوە.
بەپێی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی ئابووری ئێران لەساڵی (٢٠٢٠) یشدا هیچ گەشەیەک ناکات و هەر سفر دەبێت.

هەناردەی نەوتی ئێران کەوتوە:
بەپێی داتایەکانی ئۆپێک لەدەستپێکی ساڵی (٢٠١٨) ەدا بەرهەمی نەوتی خاوی ئێران گەیشتبۆوە نزیکەی (٣،٨ ملیۆن بەرمیل) لەڕۆژێکدا و، هەناردەی نەوتی ئێرانیش لەو کاتەدا نزیکەی (٢،٣ ملیۆن بەرمیل) بوە لەڕۆژێکدا.
زۆربەی ئەو نەوتەی ئێران هەناردەی دەکرد لەلایەن ئەو هەشت وڵاتەوە دەکڕا کە ئەمەریکا مۆڵەتی بەخشینی پێدابوون کە بریتی بوون لە چین و، هیندستان و، کۆریای باشوور و، تایوان و، تورکیا و، یۆنان و، ئیتالیا.
مەرجی بەخشینەکە سەرەتا ئەوەبوو دەرفەتێکیان بداتی کڕینی نەوت لەئێران کەمبکەنەوە و سەرچاوەی دیکە بدۆزنەوە، وە بەپێی ڕاپۆرتی (بلومبێرگ) هەتا نیسانی (٢٠١٩) ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا دابەزی.
دواتر بەبڕیاری (دۆناڵد ترەمپ) و لەمانگی ئایاردا مۆڵەتی بەخشینەکەش کۆتایی هات، ئەمەریکا ئامانجی ئەوەبوو ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دابەزێنێت بۆ سەر سفر.
بەگوێرەی داتایەکانی (بلومبێرگ) لەمانگی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) ەدا ئاستی بەرهەمی نەوتی خاوی ئێران هاتۆتەخوارێ بۆ (٢،١ ملیۆن بەرمیل) لەڕۆژێکدا، وە ڕۆژانە تەنها نزیکەی (٢٦٠ هەزار) بەرمیل نەوتیشی هەناردەکردوە.
لەڕاستیدا شیکەرەوەکانی بواری وزە دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕوون نیە لەبەر ڕێگرتن لەپشکنین و زانینی تانکەرە کەشتیەکان.
کەشتیە ئێرانیەکان تاوانباردەکرێن کە لەکاتی تێپەڕینیان پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەکان نین و سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی دەکوژێننەوە، وە دەگوترێ لەڕێگای کەشتی بۆ کەشتی بەرهەمە نەوتیەکانیان دەگوازنەوە.
کەوتنی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کاریکردۆتە سەر پەیداکردنی دروای بیانی لەناوخۆی وڵاتدا، بەگوێرەی سندوقی نەقدی نێودەولەتی دروای بیانی یەدەگ لەئێران کەمبۆتەوە بۆ (٨٦ ملیار) دۆلار، کە ئەو ڕێژەیە نزیکەی (٢٠%) کەمترە لەو ئاستەی ساڵی (٢٠١٣).
(بڕایان هوک) بەرپرسی باڵای ئەمەریکایی لەماوەی ڕابردوودا گوتی، لەو باوەڕەدایە ئێران تەنها دەرفەتی دەستبردن بۆ (١٠%) یەدەگەکانی هەبێ بەهۆی ئەو سنورداریانەی کە لەسەر کەرتی دارایی هەیەتی، ئەوەش کاردەکاتە سەر بەزەحمەت دەستگەیشتن بەدراوەکان و، نەهێشتنی هەڵاوسان.
ڕیاڵ نیوەی بەهایەکەیەتی:
(حسن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران توانی دراوی ئێرانی بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ بەجێگیری بهێڵێتەوە بەڵام لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی بەهای ڕیاڵی ئێران (٥٠%) ی بەهایەکەی لەبەرانبەر دۆلاردا لەدەستدا.
دابەزینی بەهای ڕیاڵ پەیوەستی هەبوە بە کێشەکانی ئابووری و زۆری داواکاری و خواست لەسەر دراوە بیانیەکان هەتا لەنێو خەڵکی ئاسایی ئێرانیشدا خواست لەسەر دراوی بیانی زیادیکردوە.
کێشەی دراو یەکێکە لەکێشەکانی دیکە کە بەهۆی قەیرانی سزایەکانەوە لەسەر ئێران دروستبوە، هەروەها خراپی بەهای دراوی ئێرانی بۆتەهۆی کەموکورتی هاوردەکردنی هەندێک لەبەرهەمەکان لەدەرەوەی وڵات و سەرەنجام کاڵا و کەلوپەلەکان گرانتربوون.

تێچووی ژیان زۆر بەرزبۆتەوە:
(حسن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی (٢٠١٧)ەدا توانی ئاستی هەڵاوسان بێنێتەخوارێ بۆ (٩%)، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی ئاستی هەڵاوسان لەساڵی (٢٠١٨)ەدا بەرزبۆتەوە بۆ (٣٠%) و چاوەڕێدەکرێ بەرزتریش بێتەوە بۆ نزیکەی (٣٧%).
بانکی ناوەندی دەڵێ، هەڵاوسان لەئێران بەتایبەتی لەسەر خۆراک زۆر بەرزبۆتەوە، بۆ نمونە بەرهەمەکانی گۆشت نزیکەی (١١٦%) لەماوەی یەک ساڵدا هەتا نیسانی (٢٠١٩) گرانتربوە و بەو هۆیەوە خەڵکی ئاسایی زۆر زیانی پێگەیشتوە.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری ئێران بەهۆی بەرزی هەڵاوسانەوە نرخی خۆراک و خواردنەوەکان بەڕێژەی (٦١%) بەرزبۆتەوە و نرخی جگەرەش بەڕێژەی (٨٠%) زیادیکردوە.
هەر بەهۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانەوە نرخی کاڵا و خۆراک و خواردنەوەکان زۆر بەرزبونەتەوە هەربۆیەش حکومەت بەشە خۆراکی بۆ بەسەرڕاگەیشتنی ئەو دۆخە دروستکردوە و، ڕێژەیەکی دیاریکراو لەبەرهەمەکان بەنرخێکی هەرزانتر بۆ خەڵکی دیاریکردوە هەتا بتوانن بیکڕن بەتایبەتی گۆشت.
لەمانگی تشرینی دووەمدا حکومەت نرخی بەنزینی بەڕێژەی (٥٠%) بەرزکردەوە ئەوەش ناڕەزایی و خۆپیشاندانی بەرفراونی لێکەوتەوە، (حسن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران گوتی بەهۆی ئەو پلانەوە نزیکەی (٢،٥ ملیار دۆلار) قازانج دەکەن، ئەوەش دەستی حکومەت دەکاتەوە هەتا یارمەتی نزیکەی (١٨ ملیۆن) خێزان بدات.
هەموو ئەوانە نیشانی دەدەن کاریگەری سزایەکان لەسەر ئێران زۆر قورس بوە، وە خەڵکی ئاساییش بەو هۆیەوە قورسایی ژیان لەسەر شانیان زیاتربوە.
سەرچاوە: بی‌بی‌سی

© 2017 Hawler