کانونی دووەم 27, 2021

لەپێناو ژینگەیەکی باشدا

ئێمەی ژنان هەر جارێک بیرمان کردبیتەوە، بیرمان لە درەختەکان کردۆتەوە، ئەو درەختە وێرانکراوانەی کە پڕن لە خوێن نەک خوێنبەربوون. ئەو درەختە یاخیانەی وا بریندارکراون نەک لەت.
جین کۆرتیز

ئەگەر لە شیعردا ئەزموونی دەرەکی لە ناخدا ڕەگی دانەکوتیبێ- تەنانەت قووڵترین ژینگەی قووڵیش بە ئاستەم دەیتوانی ڕووکاری ناخی بڕوشێنێت.
فرانکلین ڕۆزمۆنت

سوریالیستەکان، لەپێناو پاراستنی جیهانی سروشتی و دژایەتی گرەوێک کە ئەم جیهانە دەخاتە بەردەم مەترسی، بەتەنگەوەهاتنە ژینگەییە تەقلیدییەکانیان تێپەڕاندووە.
ئەو جیهانە سروشتییەی کە وا سەیر دەکرێت گوایە بۆ ئیمە لە دەرەوە بوونی هەیە، بە پێچەوانەوە ئێمە دەکەوینە جەزبەی پەیوەندییەکی شەیدایانەی هەڵچوونئاسا و جووتبوونێکی هەوەسبازانەوە لەگەڵیدا کە ئێمە بە تەواوەتی بەشێکین لێی.
ئێمە هیچ ئامانجێکمان نییە جگە لە درێژکردنەوەی ژیانی بوونەوەرییانە لە هەموو شوێنێکدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چاوچنۆکیی پیشەسازیی نەوت و گاز و تەختە و شارستانێتیی لەنێوبەرانەی تەکنۆلۆژی و پیشەسازی کە لە یادەوەرییە تەمسیلییەکەیدا، وا لە هەوڵەکانی چاککردنەوە و چاکسازیی لە حوکمڕانی پێکەوەنراوە، خەزن کراوە.
هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە ژیانێکی شیعرییانەتر بژێنینەوە. ئێمە عەبای نالەباری شێتەکان فڕێ دەدەین کە دەیانەوێت زیندەوەران لەپێناو مرۆڤدا بەرجەستە بکەن، لەمیانەی ئەم کارەشدا هەتابێ زیاتر وەک بوونەوەرانی خاوەن ڕۆحی ئازاد و چالاک و یاخی دەرک بە خۆمان دەکەین، بوونەوەرانێک لەبری ئەوەی خۆمان وەها ببینین کە ناچاربین پەیوەستبین بە شەریعەتێکەوە بمانخاتە ناوەندی گەردوونەوە و لەلایەن هەموو خواوەندە ئەفسانەیی و خواوەندە نوێیەکانی وەکو میدیا و ڕیکلام و زانست و تەکنۆلۆژیاوە حوکم بکرێین، بەشداریی لە ژینگەیەکی سەیروسەمەرەی گەش و زیندوودا دەکەین.
ئێمەی بەربەرییەکانی بەردەم دەروازەکانین، زریانین لە ئاسۆدا، بەردی سەرەڕێین. بە ئارەزوویەکی جۆشهاتووەوە لە دڵماندا بۆ دووبارە بووژاندنەوەی جیهان، ئاوێزانی هەموو دەنگە گیانەوەرییەکان و بێدەنگیی قووڵی زیندووەکان دەبین و هەمیشەیش دەزانین کە دەشێت لە هەر ساتێکدا بێت، بە بوومەلەرزەی پشێوییە ئەنارشیستییەکان، ئەم مەنگی و سەقامگیرییە ڕووکەشەی هەردووکیان تێکبشکێ.
دەمانەوێت زەوی بشنێتەوە، دەمانەوێت بەنداوی چەوساندنەوە و نامۆبوون بڕوخێت، لەنێو داروپەردووی وێرانەکاندا پێشوازی لە زریانی سەرسوڕهێنەریی ئازادیی دەکەین. لە ئەندێشەی ئیمەدا جیهانێک هەیە بێ حاکم و مەحکوم، ئێمە لە سەرسەختی و گۆڕاندا گژوگیاین، سەرکەش و نەگیراو، ئەو گیایانەی کە هەمیشە لەنێو درز و کەلەبەری شۆستە واقیعییەکاندا شین دەبن و گەشەدەکەن.
بزووتنەوەی سوریالیستەکان،
ئۆکتۆبەری 2018.

واژووکەران:
ڕۆن ساکولسکی، شیلا نۆبەر، پێنەلۆپ ڕۆزمۆنت، پۆل جارۆن، بێت جارۆن، جۆزێف کاپلانسکی، ژیل ئەهرێنز، دەیڤید ڕۆدریگێز، تامارا سمیس، ماکس کافرێد.

 

هاوار محه‌‌مد ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler