کانونی یەکەم 11, 2018

عەرەبستان بەهێزێکی نەرم لەگەڵ عێراقدا کاردەکات، ئەوەش ئێرانی نیگەرانکردوە

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، ئێران پێگە و دەسەڵاتی خۆی لەعێراقدا لەڕووی سیاسیەوە بەرفراوانکرد، وە لەگەڵ بڵاوبونەوەی داعش لەناوچەکەدا لەساڵی (٢٠١٤) دەرفەتێکی دیکەی بۆ ئێران هێنایە پێش تاوەکو بەکردەیی لەڕووی سەربازیشەوە یارمەتی عێراق بدات و باڵادەستی خۆی زیادبکات.

لێکنزیکبونەوەی عێراق و عەرەبستان بۆتە مایەی نیگەرانی بۆ ئێران چونکە ئێران دەترسێ هەنگاوەکانی عەرەبستان بەڕووی عێراقدا تەنها لەڕوی هەماهەنگی دارایی و بازرگانیەوە نەوەستن، بەڵکو کاریگەریش دروستبکەن لەسەر لاوازبونی پێگەی ئێران لەناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیکۆمۆنیست) عەرەبستان هێزی خۆی بەنەرمی لەعێراقدا بەکاردێنێت و چاوی لەسەر بەدەستهێنانی باشوری عێراقە، ئەوێ ئەو شوێنەیە کە ئێرانیش بەناوچەی خۆی دەزانێ.
پێش ئەوەی (سەدام حسێن) کوێت داگیربکات لەساڵی (١٩٩٠) دا، عەرەبەکانی کەنداو لەناوچەکانی باشور و لەسەر ئاوی شەتولعەرەب ڤێللا و زەویوزاریان هەبوو، زۆرێک لەو عەرەبانە زەوی کشتوکاڵیان لەبەسڕە بەناوەوە هەبوو، بەڵام بەهۆی جەنگی کوێتەوە ئەو پەیوەندیانە نەمان. ئێستا لەدوای نزیکەی سی ساڵ لەتێکچونی ئەو پەیوەندیانە خەریکە دۆخەکە وەکو جارانی لێدێتەوە و، عەرەبەکانی عەرەبستان ڕوودەکەنەوە بەسڕە. عەرەبەکان پەیوەندییەکانیان بەهێزەدەکەنەوە و لەمانگی ڕابردوودا چەندین شاعیری عەرەبستان ئامادەی ڤیستڤاڵێکی هونەری بوون لەبەسڕە.
پەیوەندی عێراق و عەرەبستان بەرەو ئاستێکی باش هەنگاوی ناوە، ئێستا گەشتە ئاسمانیەکانی هەردوولا دەستیانپێکردۆتەوە و نزیکەی (١٤٠) گەشتی هەوایی لەنێوانیاندا هاتوچۆی هەیە لەهەر مانگێکدا و، وە چەند نوسینگەیەکی بازرگانی عەرەبستانیش لەبەغدا خۆیان تۆمارکردوە و کراونەتەوە.
پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەکۆنفرانسی کۆمەککردنی عێراق لەکوێت هەنگاوێکی دیکەیشیان بڕی، عەرەبستان بەشداری کارای هەبوو لەو کۆنفڕانسەدا، (عادل ئەلجوبێری) وەزیری دەرەوەی عەرەبستان کە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو بەڵێنیدا وڵاتەکەیان یەک ملیارد دۆلار قەرز بداتە عێراق و هەروەها نزیکەی (٥٠٠ ملیۆن دۆلار) یش هاریکاری بێ قەرز عێراق بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبون.
چاودێران دەڵێن نزیکبونەوەی عەرەبستان لەعێراق، پاڵنەرەکەی ئەمەریکایە، هەڵبەتە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا هانی وڵاتانی کەنداویداوە لەعێراق نزیکببنەوە تاوەکو هەژمون و دەسەڵاتی ئێران لەسەر عێراق کەمبێتەوە. ئێران لەماوەی رابردوودا لەڕێگای سیاسیەکان و هەروەها میلیشیا شیعەکانەوە هەوڵی قوڵکردنەوەی سێکتەری لەعێراقدا داوە بۆ ڕاکێشانی عێراقی زۆرینەی شیعە بۆ لای خۆی، قوڵبونەوەی سێکتەری هۆکاری گەورەی بەلاڕێدابردنی عێراق بوە لەدوای جەنگی ئەمەریکا لەعێراق.
بەڵام بەپێچەوانەوە (محمد بن سەلمان) شازادەی جێ نیشینی عەرەبستان ستراتیژیەکی بەهێزتر پەیڕەودەکات، ئەویش کاڵکردنەوەی سێکتەریزمە و، ئەو هەنگاوەی لەناوچەکەدا دەستپێکردوە، بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتەکەی قۆناغی باشی بڕیوە.
لەساڵی (٢٠١٥) ەدا وێڕای خراپی پەیوەندییەکانیان لەڕابردوودا، ئەو پەیوەندی دیبلۆماتی لەگەڵ عێراقدا داڕشتەوە و، وە ساڵی پاریش سنورەکانی لەگەڵ عێراقدا کردنەوە و، هەتا پارە و سامانی لە سیاسیە سوننەکانەوە بۆ شیعە کاریگەرەکان ناردوە.
ئەو هەوڵیداوە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتیە باڵا شیعەکاندا دروستبکات، بۆ نمونە میوانداری (موقتەدا سەدر) و، وە (قاسم ئەلعەراجی) وەزیری ناوخۆی عێراقی کردوە کە دوو کەسایەتی باڵای شیعەن. هەموو ئەو ستراتیژیانە کاریگەری ڕاستەخۆیان هەبوە لەسەر بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە و، وە ئەو هەنگاوانە ئێرانی نیگەرانکردوە.
لەوڵاتێکدا کە عەرەبی شیعە زۆرینەی دانیشتوانەکەی پێکدێنێ، ئێران هەوڵیداوە لەڕێگای سێکتەریزمەوە کاریگەری و پێگەی خۆی لەسەریان دروستبکات و هزر و بیرکردنەوەی شیعەگەری بەلای خۆیدا ڕاکێشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکە عەرەبستان دەیەوێ ڕەوشەکە بەجۆرێکی دیکە بسوڕێنێتەوە و ئەو عەرەبانە بۆ لای خۆی ڕابکشێتەوە نەک بەشێوەی سێکتەریزم بەڵکو بەشێوەی نەتەوەگەری و ناسنامەی عەرەبیانەوە.
شیاوی گوتنە، ئێران لەکۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەکوێت هیچ بڕە پارەیەکی پێشکەش بەعێراق نەکرد لەکاتێکدا کە چاوەڕێی کۆمەک و دەستکراوەیی بەڕووی عێراقدا لێدەکرا، ئەوە تاڕادەییەک عێراقیشی نیگەرانکرد.
ئەو سیاسەتەی ئێستای عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەلای عێراقدا پاڵنەرێک دەبێ بۆ پاشەکشێی ئێران ئەگەر بێتو ئێران سیاسەت و ستراتیژی خۆی لەعێراقدا نەگۆڕێت، وڵاتانی عەرەبی هەوڵی کۆکردنەوەی عەرەبەکانی عێراق لەژێر پەرچەمی ناسنامەی عەرەبیدا دەدەن، لەکاتێکدا ئێران کار لەسەر شیعەگەری دەکات، وە چاودێران لەو باوەڕەدان دواجار قوڵبونەوەی نەتەوەگەری کاریگەری لەسەر کاڵبونەوەی سێکتەریزم دروستدەکات.
عەرەبستان نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندییە دیبلۆماتیەکانی ئاساییکردونەوە لەگەڵ عێراقدا، وە پەیوەندی بازرگانیش بەرەو باشبونەوە دەچن. عەرەبستان چاوی بڕیوەتە ناوچەکانی باشور و بەتایبەتیش ناوچەی دەوڵەمەندی بەسڕە کە شوێنێکی ستراتیژی و گرنگە بەلای ئێرانەوە و کاڵا و بەرهەمە ئێرانیەکان لەڕێگای بەسڕەوە هەناردەی عێراق دەکرێن و ساغدەکرێنەوە.
هەردوو وڵات لەو ناوچەیەدا پێشبڕکێ دەکەن بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆلای خۆی، ئێران لەماوەی ڕابردوودا بۆ نزیکترکردنەوەی عێراق لەخۆی شێوەی گومرگی گۆڕیوە و (تاریف)ی بازرگانی ئازاد لەسنوری ناوچەی بەسڕەدا پەیڕەودەکات، وە لەهەردوو دیودا ڤیزا هەڵگیراوە تاوەکو خەڵکی بەئاسانی هاموشۆی سنوری بکەن و چالاکی بازرگانی ئەنجامبدەن.
وە عەرەبستانیش لەوێ لەڕێگادایە بۆ چالاککردنەوەی بواری بازرگانی و پەیوەندی پیشەسازی و کەلوپەلی نەوتی لەنێوان هەردوو دیودا، کە بازرگانیە ئێرانیەکان نیگەرانبون لە لەدەستدانی پێگەی خۆیان لەبازاڕی عێراقدا.
چاودێران لەو باوەڕەدان ئەمەریکا بەردەوامدەبێ لەهاندانی وڵاتانی کەنداو بۆ کرانەوەیان بەڕووی عێراقدا و دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا، ئەو ستراتیژیەتە لەلایەک بۆ یارمەتیدانی عێراقە لەدوای جەنگی داعش و هەنگاونان بۆ ئاوەدانکردنەوەی، وە لەلایەکی دیکەیشەوە بۆ پاڵپێوەنانی ئێران و کەمکردنەوەی هەژمونی ئەو وڵاتەیە بەسەر عێراقەوە

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 10 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 09 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 06 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 05 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 04 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 03 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 02 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 29 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 28 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 27 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 26 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 25 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 22 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 21 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 19 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 18 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
© 2017 Hawler