کانونی دووەم 17, 2021

ئایا داهاتی نەوتی سووریا بۆ ئەمەریکایە؟

(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەڵێ چاوەڕێدەکەن ئەمەریکا کەڵک لەو ملیۆنان دۆلارەی داهاتی نەوتی سووریا وەرگرێ کاتێ سەربازەکانیان لەسووریادا دەمێننەوە پێویستیان پێی دەبێ.

حکومەتی سووریاش وەڵامی ئەو لێدوانانەی (ترەمپ) ی داوەتەوە و دەڵێ، ئەمەریکا نەوتی وڵاتەکەیان دەدزێت، وە ڕووسیای هاوپەیمانی سووریاش بەئەمەریکا دەڵێ چەتەی نێودەولەتی.
کەواتە ئێستا کێ کۆنتڕۆڵی بەرهەمی بیرە نەوتەکانی سووریا دەکات و کێ قازانج لەبەرهەمەکەی وەردەگرێ؟
(دۆناڵد ترەمپ) لەتویتێکدا نوسیویەتی، ئێمە نەوتەکە دەپارێزین، ئەوەتان لەبیربێت، نەوتەکە بۆ ئێمەیە و، چل و پێنج ملیۆن دۆلار لەمانگێکدا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) زلهێزەکان لەسووریا لەبەرانبەریەکدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە نەوتیەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەریکا لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بەڵام دواتر نزیکەی (٥٠٠) سەربازی هێشتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگە نەوتیەکان لەگەڵ هێزەکانی کوردی سووریادا کەوا ئێستا ئەوان لەبەرهەمەکەی سود وەردەگرن.
لەسەر مانەوەی بەشێک لەسەربازەکانی ئەمەریکا لەسووریا، (مارک ئێسپەر) وەزیری بەرگری ئەمەریکاش گوتی، ئەوان لەوێن بۆ پاسەوانیکردن نەک بەتەنیا لەدژی داعش بەڵکو لەدژی هێزەکانی رووسیا و حکومەتی سووریاش.
دیارە ڕووسیا هاریکاری هێزەکانی سووریا دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێلگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و چاویان لەسەر ئەو ناوچانەیە، وە ئەو دوو وڵاتە هەماهەنگی بواری وزەیان لەنێواندا هەیە و گرێبەستیان لەساڵی (٢٠١٨) ەدا ئیمزاکردوە و بەپێی ئەو گرێبەستەی نێوانیان مافی تایبەت دەداتە مۆسکۆ بۆ بیناکردنەوەی سێکتەری نەوت و گاز لەو وڵاتەدا.

سووریا چەندە بەرهەمی نەوتی هەیە؟
ئەگەرچی یەدەگی نەوت و گاز لەسووریادا ئەوەندە گەورەنیە بەبەراوورد بەوڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام سێکتەری نەوت و گازی سووریا یەکێکن لەلایەنە سەرەکیەکانی هێنانی داهات بۆ خەزێنەی حکومەتی سووریا.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی (٢٠١٨)، سووریا نزیکەی (٢،٥ ملیار) بەرمیل نەوتی یەدەگی هەبوە، لەکاتێکدا عەرەبستان نزیکەی (٢٩٧ ملیار) بەرمیل و، ئێران (١٥٥ ملیار) بەرمیل و، عێراقیش نزیکەی (١٤٧ ملیار) بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەبوە.
کێڵگە نەوتیەکانی سووریا دەکەونە پارێزگایەکانی دێر ئەلزور لەڕۆژهەڵاتی سووریا لەنزیک سنووری عێراق و، حەسەکە لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو دوو ناوچانە لە ناوچە پڕ بەرهەمەکانی سووریان و بایەخی ستراتیژیان بۆ ئەو وڵاتە هەیە.
لەدوای دەستپێکردنی گرژیەکان و شەڕی ناوخۆی سووریا لەساڵی (٢٠١١) ەوە کەرتی نەوتی سووریاش تێکچوە و پەکی کەوتوە و، لەو کاتەوە بەرهەمی نەوتی بەهۆی ململانێ و شەڕەکانەوە بەڕێژەیەکی زۆر داکەوتوە.
بەپێی ئامارەکانی وزەی جیهانی کۆمپانیای (بریتش پیترۆلیەم) ی بەریتانیایی لەساڵی (٢٠٠٨) دا سووریا ڕۆژانە نزیکەی (٤٠٦ هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبوە لەڕۆژێکدا، وە لەساڵی (٢٠١١) ەدا بەرهەمی نەوتەکەی دابەزیوە بۆ (٣٥٣ هەزار) بەرمیل لەڕۆژێکدا و، لەساڵی (٢٠١٨) ەیشدا بەرهەمی نەوتەکەی هاتۆتەخوارێ بۆ تەنها (٢٤ هەزار) بەرمیل لەڕۆژێکدا، واتە بەڕێژەی (٩٠%) بەرهەمی نەوتی سووریا کەمبۆتەوە.

نەوتەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشقدا نەماوە:
حکومەتی سووریا کۆنتڕۆڵی نەوتەکەی لەدەستدا نەماوە و، پێشتر بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتیەکانی سووریا لەژێر دەستی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارەکانی داعشدا بوون.
لەساڵی (٢٠١٤) ەدا دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) توانی دەست بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریادا بگرێت، لەوانە گەورەترین کێلگە نەوتی ناوچەکەش کە ناوی ئەلعومر بوو لە پارێزگای دێرەئەلزور لەژێر دەستی ئەواندا بوو.
فرۆشتنی نەوت یەکێک بوە لە گەورەترین سەرچاوەکانی پەیداکردنی داهات بۆ گروپە میلیشیا چەکدارەکانی نێو سووریا و داعش سودی زۆری لەدهاتی نەوتی ئەو ناوچانە وەرگرتوە و، بەپێی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا داعش لەداهاتی نەوت لەساڵی (٢٠١٥)ەدا نزیکەی (٤٠ ملیۆن دۆلار) ی دەستکەوتوە.
لەدوای تێکشکانی داعش لەسووریا، کۆنتڕۆڵی بیرە نەوتیەکان کەوتەوە ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەو کاتەدا کێڵگە نەوتیەکان بەهۆی هێرشی فڕۆکەکان لەکاتی شەڕی داعشدا وەکو هەوڵێک بۆ بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو گروپە زیانی گەورەیان پێکەوتبوو.

ئایا ئەمەریکا یان هەسەدە سود لەنەوتەکە وەردەگرێ؟
لە ساڵی (٢٠١٧) ەوە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی کێلگە نەوتیەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدرێژایی ڕووباری فورات کردەوە و، ئەوان دواتر دەستیانکرد بە چاککردنەوەی ئامێرەکان و، توانیان کێلگە نەوتیەکان بخەنەوە سەر کارکردن و بەرهەمهێنان.
(جۆنەیسن هوفمان) یاریدەدەر لەوەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی، داهاتی کێلگە نەوتیەکان بۆ ئەمەریکا نایەت، بەڵکو بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچێت.
هەروەها بەپێی (چارلس لیستەر) لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هۆزە هاوپەیمانەکانیان لەڕۆژهەلاتی سووریا کۆنتڕۆڵی نزیکەی (٧٠%) سەرچاوە نەوتیەکانی نیشتمانیان لەسووریا کردوە کە ژمارەیەکی بەرچاو دامەزراوەی گازیش لەخۆدەگرن.
هەڵبەتە بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی بەشێک لەو ناوچانەیان لەدەستداوە، بەڵام هەتا ئێستاش کێڵگە نەوتیەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدا ماون.
لەئێستادا حکومەتی (بەشار ئەسەد) دەستی ناگاتە بیرە نەوتیەکانی خۆی، وە بەبێ هەبوونی ئەو بەرهەمە نەوتیەی دەبێ لەوڵاتانی دەرەوەڕا نەوت هاوردەی وڵاتەکەی بکات، لەکاتێکدا لەژێر سزای ئەمەریکا و ئەوروپاشدایە ئەنجامدانی ئەو کارەش قورسە و بەزەحمەت نەوتی دەستدەکەوێ.
شیاوی گوتنە، (دۆناڵد ترەمپ) جارێکی دیکەش دووپاتیکردەوە کە ئەوان پارێزگاری لەنەوتی سووریا دەکەن و لەهەڕەشەکانی داعش دەیان پارێزن.
نەوتی سووریا ئەگەرچی بەرهەمێکی ئەوتۆی نیە بەڵام جێی مشتومڕ و ململانێی زلهێزەکانی مەیدانی سووریایە، ئێستا ئەمەریکا و هەسەدە پاسەوانی کێلگە نەوتیەکان دەکەن و ئەوانیش سود لەبەرهەمەکەی وەردەگرن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler