کانونی یەکەم 07, 2019

سزاكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكی، كە زۆربەی ئەو زانیارییانەی بڵاوی دەكاتەوە راستن و، سەرچاوەكانی بەردەوام بوەتە جێی باس و خواسی میدیا جیهانییەكان، ئاشكرای دەكات كە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

(Defense News) گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریكا، لە بەدواداچوونێكدا لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەمریكا و توركیا دوای ئەوەی توركیا مووشەكی بەرگری S400ی بەبێ پرسی ناتۆ و ئەمریكا لە روسیا كڕی، ئاشكرای دەكات ئەمریكا بە توندی سزای توركیا دەدات.
ئەو گۆڤارە لەبارەی ئاكتیڤبوونی ئەو سیستەمە لە توركیا، پێی وایە ئەو وڵاتەی زۆر بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكات هیندستانە، چونكە دوای توركیا هیندستانیش بە نیازە هەمان مووشەكی بەرگری لە روسیا بكرێت.
گۆڤاری ناوبراو دەنووسێت: ”دۆناڵد ترامپ یەكێك بوە لەو هۆكارانە كە نەیهێشت ناتۆ و ئەمریكا سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنن، بەڵام ئەو نەرمییەی ئەمریكا بۆ توركیا لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگری S400ی روسی، هیندستانیش دەهێنێتە جوڵە، بۆیە هیندستان بە وردی چاودێری ئەو بارودۆخە دەكات، بۆیە سزای ئەمریكا بۆ توركیا دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە“.
ئەو گۆڤارە ئاماژە دەدات، كە هیندستان وەكو پێشەكی بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە روسیا تا بیكاتە خاوەنی مووشەكی بەرگری S400، بڕیاریشە لە ٢٠٢٥ هیندستان بكاتە خاوەنی ئەو مووشەكە، بەڵام ئەمریكا لەنگەری بۆ دروست دەكات.
هەر لە شڕۆڤەكەی گۆڤاری ناوبراودا هاتوە، ئەگەر هیندستان هۆكارێكی راست و بڕوا پێهێنەر بداتە ئەمریكا بۆ كرینی ئەو مووشەكە، ئەوكات كۆشكی سپی و پەنتاگۆن گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن، بەڵام پێ ناچێت ئەمریكا رێگە بدات هیندستان لە روسیا نزیك ببێتەوە.
لە لایەكی ترەوە، سیناتۆرێكی ئەمریكی قسەی بۆ گۆڤاری ناوبراو كردوە و، دەڵێت زوو یان درەنگ سزای توركیا دەدەن، چونكە ئەگەر سزای توركیا نەدەن، ئەوكات هیندستانیش بەبێ پرسی ئەمریكا گرێبەست لەگەڵ روسیا دەكات و دەبێتە خاوەنی مووشەكی بەرگری S400.

ئەگەرچی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ توركیا مووشەكی بەرگری S400 لە توركیا ئاكتیڤ دەكات و بەكاری دەهێنێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەمریكا خۆشحاڵ نییە بەو هەنگاوەی توركیا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری دەكات.
بۆیە ئابووریناسان پێیان وایە، ٢٠٢٠ بۆ توركیا ساڵێكی پر كێشە دەبێت لەڕووی ئابوورییەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەمریكا سزاكانی بۆ سەر توركیا بخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler