کانونی یەکەم 07, 2019

هەموو ساڵێک بازاڕەکانی جیهان، بە تایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە مانگی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمدا، بۆنەی هەینی ڕەش دەگێڕن. بۆنەکە پەیوەستە بە مەسەلەی بازرگانی و کاڵافرۆشی و بۆرسە و قازانجەوە. کەواتە چیرۆکی ئەم ڕۆژە چییە؟

هەینیی ڕەش بە یەکێک لە دیارترین ڕۆژە بازرگانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دادەنرێت کە تێیدا ڕێژەیەکی زۆر کەلوپەل و کاڵا دەفرۆشرێن. ئەم ڕۆژە دوایین هەینیی مانگی نۆڤەمبەرە کە ڕاستەوخۆ لە دوای "جەژنی شوکر"ی ئەمریکی دێت کە دەکاتە دوایین ڕۆژی پێنج شەممەی مانگی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک. گەلێک چیرۆکی زۆر سەبارەت بە ناوی ئەم ڕۆژە هەن. سەرەتا کە گوزارەی "هەیینیی ڕەش" دەرکەوتن، پەیوەست نەبوو بە پشووی بازاڕکاری و داشکاندنەوە وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەڵکو لە قەیرانەوە دروست بوو، ئەویش داڕمان و داکشانی کارەساتباری بازاڕبوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە 24 سێپتێمبەر/ئەیلولی ساڵی 1869دا.
لەو وەختەدا دوو بسنزمان لەوانەی ناوبانگی خراپیان هەبوو، ئەوانیش "جای گۆلد" و "جیم فیسک" بوون، هەتا لە توانایاندا بوو ئاڵتوونی دەوڵەتیان لە ئەمریکا کڕی، بەو ئومێدەی خۆیان بتوانن نرخەکان دەستکاریی بکەن و بەرزی بکەنەوە تاوەکو قازانجێکی لە ڕادەبەدەر بکەن. ڕۆژی دواتر کە بە ڕێکەوت ڕۆژی هەینی بوو، ئەم پیلانە دەرکەوت و بۆرسە داڕما و زۆرێک لە خاوەن سەرمایەکان مایەپووچ کەوتن.
هەر دەربارەی ئەم ڕۆژە چیرۆکێکی دیکەیش هەیە کە لەوەی یەکەم بڵاوترە، ئەمیان پەیوەستە بە فرۆشتنی پشکەکانەوە؛ گوایە دوای یەک ساڵی تەواو لە زیان "فرۆشت لە هێمای سوور"ـدا، بازاڕی پشک و قازانج هەر ڕۆژێک دوای جەژنی شوکر بەرەو "هێمای ڕەش" سەردەکەوێت، ئیدی لەم ڕۆژەدا خەڵکانێکی زۆر کاڵا کەڵەکەبووەکانیان بە داشکاندنی زۆر گەورە دەفرۆشن.
ئەگەرچی بازرگانەکان بەر لە جەژنی شوکر زیانی گەورە دەکەن و دواتریش کە کاڵاکان دەفرۆشن قازانج دەکەن،
چیرۆکی سێیەم ئەوەیە لە هەشتەکانی سەدەی نۆزدەدا، لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان، خاوەن کۆیلەکان کۆیلەکانیان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشن، ئەمەیش گوایە لە یەکەمین ڕۆژی دوای جەژنی شوکردا بووە. بەم هۆیەوە هەندێک گروپ داوا ئەوە لە خەڵکی دەکەن بەشداری لەم ڕۆژەدا نەکەن، بەڵام پێدەچێت ئەم بۆچوونە سەبارەت بە ناوی ئەم ڕۆژە لە ڕاستییەوە دوور بێت.
چیرۆکێکی تر دەربارەی ئەسڵی ناوی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی پێشوو، وەختێ پۆلیسی ئەمریکی لە فلادلفیا ئەم ناوەی بەکارهێنا تاوەکو وەسوفی ئەو فەوزا و پشێوییەی پێبکات کە لە دوای جەژنی شوکرەوە و پێش یاریی یانەکانی ئەمریکا، ڕووەدات، وەختێ کڕیار و گەشتیارێکی زۆر، لە پێنج شەممەی جەژندا و بەر لە یاریی تۆپی پێیی یانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی شەممەدا، لە شەقامەکانی شارەکەدا دەیکەن بە قەرەباڵغی و بەیەکدا دێن. لەو ڕۆژی هەینییەدا کە ڕۆژێک پێش یارییەکانە، پۆلیس ناتوانن مۆڵەت وەربگرن و ڕۆژی کاریشیان لە ڕۆژانی دیکە درێژترە تاوەکو کۆنترۆڵی ئەو حەشاماتە بکەن و هاتوچۆ ڕێکبخەن. ئا لەم دۆخەدا دزەکان و دوکانبڕان هەلومەرجەکە دەقۆزنەوە و دەبنە مایەی سەرئێشە بۆ پۆلیس.
لە ساڵی 1961دا شوێنە بازرگانییەکانی فیلادلفیا بە هەماهەنگی کار دەکەن بۆ گۆڕینی ئەم وێنە نەرێنییە و ناویان لەو ڕۆژە هەینییە نا "هەینیی گەورە". بەڵام ئەم هەوڵانەیان سەری نەگرت.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بازرگانەکان لە ئەمریکا، ئامرازێکیان دۆزییەوە تاوەکو وێنەیەکی پۆزەتیڤ بە بەری ئەم دۆخەدا ببڕن و ڕوانگەی کڕیارەکان بگوڕن لە ئاکامدا لە ڕۆژی هەینیی دوای جەژنی شوکردا نیشانەی بۆرسە لە سوورەوە بۆ ڕەش هەڵکشا، یان لە زیانەوە بوو بە سوود. ئەم دۆخە گوزارایەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپایش. ئیدی لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لە کۆتا هەینیی نۆڤەمبەردا خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا، لە دوکان و مارکێت و مۆڵەکاندا کۆدەبنەوە تاوەکو لەو داشکاندنانەی کاڵاکان سوودمەند ببن کە لەم ڕۆژەدا دەکرێن.

سەرچاوە:
https://www.bbc.com/arabic/business-50423025

© 2017 Hawler