کانونی یەکەم 07, 2019

ئەمریكا بیر لە كشانەوەی چەكەكانی لە ئینجەرلیك دەكاته‌وه‌

گۆڤاری (ئیكۆنۆمیست)_ی بەریتانی، راپۆرتێكی لەبارەی چەكی ئەتۆمی ئەمریكا لە بنكەی ئینجەرلیك و چەند وڵاتێكی ئەوروپی بڵاوكردوەتەوە، هەروەها باس لە نیگەرانی ئەوروپا و ئەمریكا دەكات لەبارەی توركیا، كە چەكە ئەتۆمەكانی ئەمریكا لە مەترسیدایە، چونكە توركیا لەڕووی ناوەخۆییەوە نائارامە و ئینجەرلیك چەند سعاتێك لە سووریاوە دوورە.

ئەمریكا لە چوارچێوەی پروگرامی ناتۆدا، ١٥٠ چەكی ئەتۆمی لە توركیا و ئیتاڵیا و بەلجیكا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا داناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەو چەكانەیە كە لە توركیا لە بنكەی ئینجەرلیك جێگیر كراوە.
ئیكۆنۆمیست دەنووسێت: ”ئەوەی ئەمریكای نیگەران كردوە توركیایە، چونكە چەكە ئەتۆمەكانی ئەمریكا لە ئینجەرلیك چەند سەعاتێك لە باشووری سووریاوە دوورە. هەروەها لە كودەتایەكەی ١٩٦٠ و ساڵی ١٩٧٥ كاتێك پەیوەندی دیبلۆماسی ئەمریكا و توركیا تێك چوو، ئەمریكا بیری لەوە كردەوە چەكەكانی لە ئینجەرلیك بكشێنێتەوە. لە هەوڵی كودەتایەكەی ١٥ی تەمووزیش لە توركیا لە ٢٠١٦، كودەتاچییەكان فڕۆكەی F16 یان فڕاند و خەریك بوو ببێتە مەترسی بۆ سەر ئیستەنبۆڵ و ئەنكەرا، بۆیە لەسەر داوای رەجەب تەییب ئەردۆغان كارەبای ئینجەرلیكیان كوژاندەوە و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانیش دەست بەسەر كرا“.
ئەم هەوڵانە وای كرد، كە ئەمریكا بترسێت بەوەی چەكەكانی لە توركیا لە شوێنێكی ئارام نییە، رەنگە لە هەموو ئان و ساتێكدا وەكو بارمتە دەستی بەسەردا بگیرێت.
گۆڤاری ناوبراو ئاشكرای دەكات، كە چەكە ئەتۆمەكانی ئەمریكا لە توركیا، بە كۆدێك كار دەكات تەنیا لای ئەمریكایە، ئەگەر رووداوێكی نەخوازراو روو بدات، ئەمریكا كارەبا دەكوژێنێتەوە و پاشان بە كۆدێك چەكەكان رادەگرێت، ئەمەش تا ئەوكاتەی هێزەكانیان دەگەنە ئینجەرلیك و پاشان كاری پێویستی خۆیان ئەنجام دەدەن.
ئەڵمانیا و یۆنان لە ٢٠٠٥ چەكەكانیان لە بنكەی سەربازی (رامستاین) كێشایەوە، بیریشیان لەوە كردوەتەوە چەكەكانیان لە بنكەی ئینجەرلیك بكشێننەوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنەی ئیكۆنۆمیست كردویەتی، ئەگەر ئەڵمانیا چەكەكانی لە توركیا بكشێنێتەوە، ئەوكات مەترسی دروست دەبێت، چونكە رەجەب تەییب ئەردۆغان هەڕەشە دەكات كە توركیا خۆی چەكی ئەتۆم دروست بكات.
لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئیكۆنۆمیست دەنووسێت: ”مانا سەرەكییەكەی پرۆگرامی چەكی ئەتۆم سەربازی و پراكتیك نییە، بەڵكو سیاسییە، هەر لە بنەڕەتدا ئەو پرۆگرامە دروستكردنی پەیوەندییەكی سومبولییە لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپادا، بەوەی كاتێك ئەمریكا ئەو چەكانە جێگیر دەكات، ئەوروپا هەست دەكات ناوچەكەیان پارێزراوە. بەڵام لە هەمان كاتدا ریسكیشی هەیە، بەوەی زۆرجار بۆ تۆڵەكردنەوە چەكەكان بەكاربهێنرێت“.
بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی ئەمریكا لەگەڵ ئەوروپای كردوە، لە ٢٠١٧_ەوە تا ٢٠٤٦ ئەو چەكانە لە وڵاتانی ئەوروپی بە توركیشاەوە جێگر دەكات و تێچووی ئەو چەكانەش بۆ ئەمریكا ساڵانە یەك ملیار دۆلار دەكەوێت.
بۆیە ئیكۆنۆمیست دەنووسێت: ”ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە خراپی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، ئەوكاتە چەكە ئەتۆمەكانی ئینجەرلیك دەكەوێتە مەترسییەوە و ئەوروپا دووچاری پەشۆكاوی و نائارامی دەبێت“.
هەموو ئەو پرسانە رۆژی سێشەممە لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆدا باسی لێوە دەكرێت و زیاتر تیشك دەخرێتە سەر توركیا و رەخنەكان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەكرێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler