کانونی یەکەم 07, 2019

عەبدوڵا گویل هاوكاریمان دەكات

عەلی باباجان ناوێكێ دیاری ناو سیاسەتی توركیا و ئەكەپە بوو، بەڵام ئەو ٤ مانگ بەر لە ئێستا بە فەرمی دەستی لە ئەكەپە كێشایەوە و، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە بە نیازە پارتێكی تازە دابمەزرێنێت. باباجان لە هیچ بۆنە و میتینگێكدا باسی لە دروست كردنی پارت نەكردوە، تەنیا كەسە نزیكەكانی لەوڕوەوە قسەیان كردوە، بەڵام بۆ یەكەمجار لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت.

پێشتر چەندین میدیا و كەسی نزیكی باباجان ئاشكرایان كردبوو، كە باباجان بەر لە هاتنی ساڵی ٢٠٢٠ پارتە تازەكەی دادەمەزرێنێت، بەڵام لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی (خەبەر تورك)، باباجان پشتڕاستی كردەوە كە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت، بەڵام بەرواری راگەیاندنی پارتەكەی دەكەوێتە ٢٠٢٠.
ئەو گوتی: ”جارێ لەسەر لۆگۆ و ناوی پارتەكەمان رێك نەكەوتوین، بەڵام لە ٢٠٢٠ هەموو ئەمانە كۆتایی پێ دێت و هەر لەو ساڵەشدا پارتەكەمان رادەگەیەنین. عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی توركیاش لە دەرەوە هاوكاریمان دەكات، بەڵام هیچ بەرپرسیارییەتێكی لەناو پارتەكەدا نابێت“.
لەبارەی ئەوەی ئەحمەد داودئۆغلو داوای لێكردبێت بە یەكەوە پارت دروست بكەن، باباجان پشتڕاستی كردەوە، كە داودئۆغلو داوایەكی لەوشێوەیەی لێ كردوە بەڵام ئەو رەتی كردوەتەوە، چونكە وەكو خۆی ئاماژەی بۆ كرد بە راستی نازانێت هەردوكیان یەك بگرن و لە چوارچێوەی یەك پارتدا خەبات بكەن.
عەلی باباجان بە ئەندازیاری ئابووری ئەكەپە دادەنرێت، لە ٢٠٠٣ كاتێك ئەكەپە دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە بووژانەوەی ئابووری توركیا، بۆیە لە كابینەی رەجەب تەییب ئەردۆغاندا وەزیری دارایی و ئابووری بوو و پاشان بوە جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا.
دوای ئەوەی نێوانی لەگەڵ ئەردۆغان تێكچوو، بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە ماڵەوە دانیشت، پاشان دەستی لەكاركێشایەوە و ئێستاش بە نیازی دروست كردنی پارتێكی تازەیە.
چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردەوە، باباجان لەناو ئەكەپەدا ٢٠ ئەندام پەرلەمانی لەگەڵدایە، بۆیە بەدروست كردنی پارتەكەی گورزێكی گەورە بەر ئەكەپە دەكەوێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler