کانونی یەکەم 13, 2019

ئێران و ئەورووپا لەنێوان پەیوەندیی دیبلۆماتی و هەڕەشەکانیان بەهۆی ڕێکەوتنی ئەتۆمییەوە

لەدوای گێڕانەوەی سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا لەهەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک تاوەکو بەسەر سزایەکانی ئەمەریکادا تێپەڕن و ڕێکەوتنەکە بپارێزن، وە ئێرانیش بەردەوام لەڕێگای تێپەڕاندنی سنورەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم فشاری کردۆتە سەر ئەوروپاییەکان تاوەکو هەوڵەکانی بۆ لادانی ئێران لەسزایەکان چڕتربکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) هەڕەشەکانی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری دانانەوەی سزایەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران لەوانەیە ببێتەهۆی پساندنیخەتی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران، ئەوروپا لەماوەی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەدوای فشاری سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێرانتاڕادەییەک ویستویەتی ئەو پەیوەندییە بپارێزێت و هەوڵیش بۆ پاراستنی ڕێکەوتنی ئەتۆمی بدات بەڵام ئاخۆ تا چەند سەرکەوتوو بوە؟
ئەمەریکا لەمانگی (ئایار) ی ڕابردوەوە سزای سەر کەرتی نەوت و گازی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەو هەنگاوە ڕێگری لەفرۆشتن و کڕینی نەوتی ئێران کرد و کێشەی ئابووری و دارایی ئێرانی قوڵترکردەوە، وەکو کاردانەوەیەک ئێرانیش هۆشداری دایە وڵاتانی دیکەی ئەندامی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئەگەر کارێک نەکەن ئەوا ئێرانیش پابەندییەکانی بەڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە ناهێڵێت.
بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمان لەماوەی ڕابردوودا دەیانویست ڕێکەوتنەکە بپارێزن بەمەرجی ئەوەی ئێران لەچوارچێوەی پابەندی بە پرۆگرامی پیتاندنی یۆنرانیۆمەوە بمێنێتەوە و لەبەرانبەردا ئەوانیش سزایەکانی لەسەر سوکبکەن، بەڵام ڕێکارە توندەکانی ئەمەریکا کە بەهۆی سزایەکانەوە لەسەر ئێرانی دروستکردون تێپەڕین بەسەریاندا ئاسان نیە.
سەرەنجام ئەو سێ گەورە وڵاتەی ئەوروپا شکست بوون لەهەنگاوی ئەرێنی کە پێشتر لەچوارچێوەی ڕێکەوتنەکە بەڵێنی بازرگانی و وەبەرهێنانیان لەگەڵ ئێراندا دابوو، نەیانتوانی قەڵغانێک بن بۆ پاراستنی ئێران لەسزاکانی ئەمەریکا، هەروەها نەشیانتوانی بەردەوامی بەبازرگانیەکانی خۆیان بەتایبەتی لەبازرگانی نەوتدا لەگەڵ ئێران بدەن.
ئەوەش وایکرد ئێران هەنگاوەکانی بەرزبکاتەوە بۆ خۆنەهێشتنەوە لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمیدا کە دەبێت بەسنورداری یۆرانیۆم بپیتێنێت، ئێستا ئێران بەرنامە ئەتۆمیەکەی لەتێپەڕین لەسنورەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێکردۆتەوە.
لەو بارەیەوە تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ چاودێری ئەتۆمی پشتراستیکردۆتەوە کە ئێران دەستی بەپیتاندنی یۆرانیۆم کردۆتەوە، وە چەند سەنترفیوجێکی پێشکەوتووش بەکاردێنێت کە لەڕێکەوتنەکەدا لێی قەدەغەکرابوون، ئەوەش شکاندنی ڕێکەوتنەکەیە.
لەگەڵ تێپەڕاندنی سنورەکانی ڕێکەوتنەکە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە وڵاتانی ئەوروپاش کەوتونەتەخۆ بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە لەدژی ئێران، هەڵبەتە پێشتر چەند جارێکی دیکە ئێران بەقۆناغ دەستی لەبەڵێنەکانی بەرنامە ئەتۆمیەکەی شلکردوە و وڵاتانی ئەوروپاش زۆر بایەخیان پێنەداوە.
ئێستا بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمان لەهەوڵی ئەوەدان کە سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە و، لەکۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپاش لە پاریس تاوتوێی ئەو بابەتەیان کردوە کە بەدوای میکانیزمێکدان بۆ فشارکردنەسەر ئێران، وە زۆر نزیکە ئێران بەو هۆیەوە بکەوێتەوە ژێر سزای نەتەوە یەکگرتوەکان.
لەژێر بەندەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی (٢٠١٥) ەدا هاتوە، ئەگەر هەر لایەک لەو باوەڕەدا بوو لایەکەی دیکە پابەندی بەڵێنەکانی نەبوە ئەوا دەکرێ ئەو پرسە حەواڵەی لیژنەی هاوبەشی ئێران و، ڕووسیا و، چین و فەرەنسا و، بەریتانیا و، ئەڵمان بکەن، هەڵبەتە ئەمەریکا لەناو ڕێکەوتنەکەدا نەماوە.
ئەگەر سکاڵای لایەنی داواکار لەسەر ئاستی لیژنە هاوبەشەکە چارەسەرنەرکرا، ئەوان دەکرێ بابەتەکە بگوێزنەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش دەبێ لەماوەی (٣٠) ڕۆژدا دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدات بۆ سزادانی لایەنی سکاڵا لەسەر کراو، بۆ نمونە لەوانەیە هەنگاوی لەو شێوەیە لەدژی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بگیرێتەبەر بەئامانجی گێڕانەوەی سزایەکانی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران.
ئەوروپاییەکان لەو باوەڕەدان کە ڕووسیا و چین بەدەم پرۆژەکەیانەوە لەدژی ئێران نایەن، لەو بارەیەوە دیبلۆماتکارێکی ئەوروپایی دەڵێ، ئێمە ناتوانین هەروا دانیشین و ئێرانیش بەکەیفی خۆی پابەندییەکانی بەڕێکەوتنەکەوە هەڵگرێتەوە، ڕاستە ڕووسیا و چین لەگەڵ ئەوەدانین بەڵام ئێمە وەکو ئەوروپاییەکان دەبێ ڕێکاری نوێ بگرینەبەر.
شیاوی باسکردنە، ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کە لەساڵی (٢٠١٥) ەدا لەسەردەمی ئیدارەی (باراک ئۆباما)دا لەدایکبوو تەمەنی زۆر نەبوو، ئەوەبوو لەدوای هاتنەسەرکاری (دۆناڵد ترەمپ) دژی ڕێکەوتنەکە وەستایەوە و، ئەمەریکای لەڕێکەوتنەکە هێنایەدەرێ و بەیەکێک لەخراپترین ڕێکەوتنەکان وەسفیکرد.
لەساڵی (٢٠١٨)ەدا کۆشکی سپی یەکەم قۆناغی سزایەکانی لەسەر ئێران چەسپاندەوە و، لەمانگی (ئایار) ی ئەو ساڵیشدا کاتێک سزای خستە سەر کەرتی وزە و، کەرتی بانکی و، کەلوپەلی پیشەسازی بواری دەریاوانی دۆخی ئابووری قورسترکرد.
ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕێکەوتنەکە لەپەیوەندیدابوون بۆ درێژەدان بەپاراستنی ڕێکەوتنەکە، بەڵام پێناچێت وڵاتانی ئەوروپا بتوانن بەسەر سزایەکانی ئەمەریکادا تێپەڕن بۆیە ئێرانیش پابەندییەکانی بەپیتاندنی یۆرانیۆمەوە هەڵگرتۆتەوە.
پیتاندنی یۆرانیۆم ڕێگای گەیشتنە بە بۆمبی ئەتۆمی، ئەگەرچی ئێران هەمیشە ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیە بەڵام وڵاتانی نێودەولەتی متمانەی پێناکەن.
وڵاتانی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوە تازانەی ئێران بەنیازی گەیشتنن بەکۆدەنگیەک و دیبلۆماتەکەی ئەوروپا بەڕاپۆرتەکەی گوتوە، وڵاتانی ئەوروپای بەشدار لەڕێکەوتنەکە لەحەفتەی داهاتوودا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی تازەترین پێشهاتەکان بەڵام پێناچێت هیچ بڕیارێک بدەن و لەوانەیە چاوەڕێبکەن تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی نوێ کە ئێران ئەو کاتە قۆناغێکی دیکەی کشانەوەی بەپابەندییەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە ڕادەگەێنێ.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، ئەوروپا نایەوێ بەو هۆیەوە گرژییەکان لەگەڵ ئێران بەرزببنەوە، بەڵام ناشیەوێ بەبێ دەنگی دانیشێ، ئەگەر هەتا ئێستا بڕیاری دژی ئێرانیان ڕانەگەیاندوە لەبەر ئەوەبوە کە دەیانەوێ دڵنیابن لەوەی کە چۆن دەتوانن یارمەتیدەربن گرژییەکان لادەن، کەواتە چۆن و کەی دەتوانن بڕیاربدەن ئەوەیان جارێ نادیارە.
هەرچۆنێک بێت ئێران سوورە لەسەر هەڵگرتنەوەی پابەندییەکانی بەڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە، ئەوەش لەوە سەرچاوەی گرتوە کە باوەڕیان بەئەوروپا نیە کە بتوانێ ڕێکەوتنەکە بپارێزێ، بەڵام لەئەگەری بەردەوامی هەنگاوی ئێران لەکشانەوەی لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئەویش بەسەلامەتی بۆی دەرناچێ و دەکەوێتەوە ژێر سزای نێودەوڵەتی.
دۆخی ئابووری ئێران بەهۆی سزایەکانی ئەمەریکاوە زۆر داکەوتوە، وە گرژیەکان و خۆپیشاندانەکانیش لەناوچەکەدا فشارێکی دیکەی ناوچەییە بۆسەر کاریگەرییەکانی ئێران لەناوچەکەدا، شارەزایان لەو باوەڕەدان بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە هەنگاوێکە یارمەتی پرۆژەی ئەمەریکا بۆ پاشەکشێی ئێران لەناوچەکەدا دەدات و دوورنیە پڕیشکی ئەو ئاگرە بۆ ناو ئێرانیش بگوازرێتەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler