تشرینی دووەم 19, 2019

بەڕكی بەتاڵ؛ رەگی هاوبەشی خۆپــــیشاندەران لە لوبنانەوە هەتا چیلی

بەڕک و گیرفانی بەتاڵ وای لە خەڵکی دنیا کردووە، لە داخ و تووڕەییدا بتەقێنەوە و لە دەوڵەتی خۆیان بێنە دەنگ؛ لەچیلیدا گرانکردنی بلیتی پاس و میترۆ خۆپیشاندانەکەی هەڵایسان؛ لەو لوبنانەی لای خۆیشماندا، خەڵک لەوە تووڕە بوون کە دەوڵەتی دەیویست قسەکردن بە وەتساپیش باجی بخرێتە سەر؛ عەرەبستانی سعوودیایش شووڵی لە نێرگەلە و قلیاناوی هەڵکێشا و، لە هیندستانیشدا سیر و پیاز خەڵکی خستە خۆپیشاندانەوە.
 
شەڕەبەرد و شەڕەگوللەی خۆپیشاندەران و سوپای لوبنان
جزدانی بەتاڵ لەو چەند حەفتەیەدا گڕی بەر داوەتە خەڵکی چوارقوڕنەی دنیا و، کەس چاوەڕێی ئەو هەموو خەڵکە یاس و دڵساردەخۆپیشاندەرەی نەدەکرد بڕژێنە سەر شەقام و، لەکەمینە زەنگینەچەوسێنەرە گەندەڵە چارناچارەکەی وڵاتی خۆیان بێنە دەنگ.
هاتنەدەنگ و خۆپیشاندانەکەی چیلی ولوبنان، هەڵسانی خەڵکیبولیڤیا و ئیسپانیا و رووسیایشی هاتە سەر؛ لە بەرای ئەوانیش خەڵکی کۆماری چیک و جەزایەر و سوودان و کازاخستان رژابوونە سەر شەقام؛ ئەوە چەند مانگێکە هەر جارە و وڵاتێک دەشڵەژێ و ئاژاوەی تێ دەکەوێت.

دژ بە کەمینەیەکی خاوەن‌بەش و خێردیتە
لە سەرەتاوە وای دەبینی خۆپیشاندانەکان هیچیان لێک ناچێت لە تەکتیک و شێوازەکەیان نەبێ؛ تۆرانێکی بێوەی و بەردەوام لە هۆنگ‌کۆنگدا وردەوردە بوو بە تووڕەیی و ئاژاوە؛ هۆکارەکەیشی کۆمەڵە داواکاریەکی جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی بوو. چینی شارەزای بوارەکە دەڵێن راستە شێوازەکە جیایە بەڵام لە زۆربەیاندا شێوەیەکی هاوبەشیان هەیە؛ هاتنەدەنگ لە توێژی بژاردە، لەو وڵاتانەی وا دیمۆکراسی، بووەتە گاڵتەجاڕ، گەندەڵی بەربڵاوە و گەندەڵ دەسەڵاتی بەدەستەوەیە؛ چینۆکەیەکی سیاسەتمەدار لە خۆشی و بریقوباقدا دەژین و نەوەی نوێ، بە کولەمەرگی و مەمرەومەژی، بژێوی ژیان پەیدا دەکەن.
عەلی سۆفان، سکرتێری ئاسایشناسگەی سۆفان، دەڵێت: "ئەو گەنج و لاوانە، خوێنیان هاتووەتە کوڵ؛ نەوەی نوێ مل ناداتە ئەو سەروبەر (نەزم)ـە سیاسی و ئابووریەی وا بژاردەیەکی گەندەڵ دایانڕشتووە؛ داوای گۆڕان دەکەن."
دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە خۆیان لە هەمووان زیاتر خافڵگیر بوونە و حەپەساون.
رۆژێک لە بەرای خۆپیشاندانەکەی چیلی، سباستیان پینەرا سەرکۆماریئەو وڵاتە، لە چاوپێکەوتنێکی فاینەنشناڵ‌تایمزدا بە فیزێکەوە گوتبووی: "بە هیچ کلۆجێک لێ ناگەڕێین بکەوینە داویپۆپۆلیزم و تەفرەدانی خەڵکەوە."
هەر رۆژێک دوای جاوپێکەوتنەکەی سەرکۆمار، خۆپیشاندەرەکان راپەڕین و پەلاماری کارگە و کارخانەیان دا؛ ئاگریان بەر دایە وێستگەی پاس و میترۆ و، دووکان و بازاڕی گەورەیان تاڵان کرد؛ دەیان ساڵە چیلی ئاژاوەی وای تێ نەکەوتووە. پینەرا ناچار بوو لەشکر بێنێتە مەیدان؛ خەڵک بە دەیانیان لێ کوژرا و، پینەرا دەموچاوی سپی هەڵگەڕابوو و، بە سەرلێشوانێکەوە باسی شەڕی دژمنێکی بەهێز و حەفتگیانی دەکرد.
بەو دواییانەیش درکابوو کاکە سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بایی شانزەملوێن دۆلاری بە دیاری داوەتە بەژنزراڤێکی سمتوبەرۆکپۆش؛ (سمتوبەرۆک؛ بیکینی؛ جلوبەرگی مەلەوانی)؛ حەریری هەرچۆنێک بێت لەو ریسواییە خۆی قوتار کردبوو بەڵام کە باجی خستە سەر قسەکردن بە وەتساپ، ئیتر خەڵک لێ خۆش نەبوون و هەڵسانەوە.
دەیان ساڵ فەرق‌وجیاوازیخستن، داتەپینی ئابووری و گەندەڵی، ئاخری تەقیەوە و، یەکچارەکی خەڵکەکەی هێنایە سەر شەقام و لە دەوڵەت رایپەڕاندن و، وەهای هان دان داوای شۆڕش بکەن!
لوبنان، وڵاتێکی هەتا بڵێی قەرزار و بێئیشوبارە؛ ئاوی خورادنەوە و کارەبا و ئینتەرنێتێکی رێکوپێکی بۆ خەڵکەکە پێ دابین ناکرێت.
دنیاریکردن (تقشف)، چینی مامناوەندی کەمدەست کردووە و زەنگینەکانی هەنگڕاندووە و، ئەوەندەی دی دەوڵەندی کردوونە؛ سەیرەکە لەوەدایە چینی دەوڵەمەند زۆربەیان سیاسەتمداریشن؛ لوبنان سەدا یەکیان لێ دەوڵەمەندن کەچی ئەو سەدا یەکە، سەدای دەی سامانی وڵاتیان دەچیتە گیرفانەوە! بەرهەڵستکارەکان دەڵێن، دەوڵەمەندەکان لەسەر حیسابی خەڵکی لوبنان دەوڵەمەند بوونە؛ سەعد حەریری ناچار وازی لە وەرگرتنی باج و سەرانەی زیاتر هێنا و پەلەپەل پریاسکەیەکی خستە روو بۆبزواندن و رێکخستنەوەی ئابووری؛ بەڵێنیشی دابوو گوایە متمانەی خەڵک راکێشێتەوە.

دوای خۆپیشاندانە ملیۆنانیەکەی خەڵکسەرکۆماریچیلی، کابینەی هەڵوەشاندەوە
 خۆپیشانداندەران داوای چاکسازی دەکەن.
سباستیان پینەرا (Sebastián Piñera) سەرکۆمار چیلی، بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکەی خۆپیشاندەران، هەرهەموو وەزیرەکانی وڵاتی بەرکنار کرد و بە نیازە وەزیری دیکەیان لەجێ دابنێت.
ئەو هەینیەی رابرد نە، ئەوی دی، نزیکەی ملوێنە خەڵکێک زیاتریش، لە سانتیاگۆی پایتەختی ئەرجەنتیندا، بەبێ ئاژاوەنانەوە رژانە سەر شەقامو داوای دادپەروەریی کۆمەڵاتییان کرد.
سباستیانپینەرا (Sebastián Piñera)دەڵێ دەنگی خەڵکەکەم بیست؛ "سەردەمەکە گۆڕا؛ چیلی ئەو وڵاتەی ‌حەفتەیەک لەمەوبەر نیە."
حەفتەیەک لەمەوبەر هەموو شارە زوور (شارە گەورە)کانی چیلی هاتوچۆیان تێدا قەدەغە کرابوو؛ سەرکۆماریچیلی دەڵێ بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆیش هەڵوەشاوەتەوە.
بەرهەڵستکاران داوایان کردووە دۆخی ئاوارتەیش هەڵبگیرێت.

راپەڕین زیادی کردووە بەڵام ئەوەندەی جاران سەر ناگرێت
گەرچی پەرەسەندنی بەرهەڵستکاری و هاتنەدەنگ بووەتە بابەتێکی سەیر بەڵام چینی شارەزا دەڵێن بابەتێکی سەیروسەمەرە نیە و لەمێژە پەنگی خواردووەتەوە و وا تازە سەر دەکات؛ دەیان ساڵە خەڵکی دنیا دێر بوونە بە داگیرکردنی شەقام، دەوڵەتەکەیان بە چۆکدا بهێنن.
تێکئاڵانی چەن هۆکارێکی جۆراوجۆر بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەڵستکاری؛ خاوەخاوی گەشەی ئابووری، کەلێنی نێوان هەژار و زەنگین و، کەڵەکەبوونی ئەو هەموو گەنج و لاوە بێکارەی وا کارێکی وایان دەست ناکەوێت خۆیانی پێ بژێنن و خەونێکی پێ بەدی بهێنن؛ سەرەڕای ئەوەش دیمۆکراسی لە گەشە کەوتووە و، خەڵکی دڵسارد، بوونەتە یەخسیری دەستی دەوڵەتە نابەرپرسەکەی خۆیان و، چالاکانی بواری سیاسەت پێیان وایە تاکە رێگای بەئاگاهێنانەوەی حکوومەت و گۆڕانکاری، ئەوەیە خەڵکەکە بێننە سەر شەقام.
توێژەران دەڵێن لە ناوەناوەدا شتێک گۆڕاوە؛ وەلی نەسر مامۆستای بیرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەلێت: "ئەو راپەڕینانە شێوازێکە لەوەی لە ئەمەریکا و بەریتانیایشدا قەوماوە؛ لەوێ چونکە خەڵک بە هەڵبژاردنەکە دەتوانن دەسەڵاتداران بگۆڕن، بۆ دژایەتیکردنی کۆنەدەسەڵاتداران، بە دەنگی خۆیان ترەمپیان هێنایە سەرحوکم؛ سندووقی دەنگ بووە سەرچاوکەی سیاسەتی بۆرەکانی و پۆپۆلیستی و نەژادپەرستانە و دژە کۆچبەر؛ بەڵام لەو وڵاتانەی وا بە سندووقی دەنگ و بە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت، خەڵک ناچارە بێتە سەر شەقام و لە حکوومەت یاخی ببێت.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست:‌ لەو دیوخەون و ترسی بەهاری عەرەبیەوە
چینی شارەزای بوارەکە، هەندێکیان دەڵێن ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیە هەموویان لە یەک چەشن و بابەت نینە و جۆر و باوەتی زۆریان تێدایە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ رووەوە لە یەک دەچن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر هەڵسانەوە و راپەڕینێکی لێ بکرێت، یەکەسەر بەراوردی دەکەن بە راپەڕینە بەهارئاساکەی ساڵی ٢٠١١ـی زایینی لە وڵاتانیعەرەبدا، بەڵام ئەو راپەڕین و بزووتنەوانەی نەوەی نوێ دەیخەنە رێ، ئەوەندەی جاران رەنگی ئایدۆلۆجیا و نەژاد و نەتەوەی پێوە دیار نیە و، داوای بابەتی کۆمەڵایەتی دەکەن؛ ئینجاکەش ساڵی ٢٠١١، داوکاریە هەرە گەورەکەی خەڵکی راپەڕیو ئەوە بوو سەری دیکتاتۆر بپەڕێنن بەڵام ئێستاکە خەڵکی داوای دادگاییکردنی چینی دەسەڵاتدار، هەرهەموویان دەکەن، نەک یەکێک و دووانیان.
لەوەتی بەهاری عەرەبان داهاتووە و لیبی و سووریا و یەمەن ئاژاوەیان تێ کەوتووە و، ژینیان لێ بڕاوە، خەڵک ناوێرن وەکو جاران راپەڕن، لەوە دەترسێن نەکا وڵاتەکەی ئەوانیش وەکو سووریا و یەمەن و لیبیای لێ بێت؛ جا دەسەڵاتدارەکانیش ئەوە دەزانن هەر بەو فێڵە خەڵک لە خشتە دەبەنەوە و دەڵێن بە دەردی خۆتانەوە داکەون با وەکو سووریا و یەمەن و لیبیامان لێ نەقەومێت!
بە راپەڕینەکانی لوبنان و میسر و ئێراق و شۆڕەشەکانی جەزایەر و سووداندا دیارە کە خەڵک ترسیان لە دەسەڵات شکاوە؛ خەڵکی جەزایەر و سوودان، هەتا لاسار و دیکتاتۆەرەکەی خۆیان لە دەسەڵات نەخست، وازیان لێ نەهێنان.
تەنانەت لەو عەرەبستانەی وا کەس ناوێرێ یاخی ببێت و لە حکوومەت بێتە دەنگ، کە دەوڵەت بڕیاری دا دوو هەندی جاران باج بخاتە سەر ئەو شوێنانەی نێرگەلە و قلیاناوی پێشکەش دەکەن، خەڵکی عاجز لە حکوومەت هاتنە دەنگ و، تەنانەت (هەشتەگ؛ Hashtag )ـی نێرگەلە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو وڵاتەدا بوو یەکەم بابەتی بەرسەرنجی خەڵک(Trend)و خەڵکێکی یەکجار زۆر شوێنی ئەو بابەتەیان گرت.
راستە لەچاو جاران و ساڵان، هاتنەدەنگ و بەرهەڵستی زووتر چەکەرە دەکات و شین دەبێت و پەرە دەستێنێت بەڵام زوویش دادەمرکێتەوە؛ جاران یەکخستنی خەڵک زەحمەت بوو بەڵام کە یەکیان بگرتبایەتەوە، بە ئاسان یەکیان بەر نەدەدایەوە بەڵام ئێستاکە خەڵکی ناڕازی، لە سای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکامەوەبزوو یەک دەگرنەوە، بەڵام زوویش لەخشتە دەچنەوە و تەریک دەکەونەوە.
حکوومەتە لاسار و دیکتاتۆرەکانی دنیایش فێری ئەوە بوونە چۆن لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، سەر لە خەڵک بشێوێنن و، راپەڕینەکەیان بەلاڕێدا ببەن و لە خشتەیان ببەنەوە.
کە خۆپیشاندانێ کڵپە دەکا، زۆری پێ دەچێ هەتا پەرەیەکی یەکجارەکی بسێنێت؛ کوڵۆ و کلووە بەفرێ هەروا ئاسان نابێتە رەنوو؛ هەڵکشانی نرخی پیاز، بێستانچەکانی هیندستانی هەڵخڕاند و، لێرەولەوێ هەندێ رێگاوبانی گەورەی وڵاتیان گرت بەڵام زۆری دەوێ هەتا پیشخواردنەوە و دڵساردیە ببێتە خۆپیشاندانێکی گەورە و سەرتانسەری؛ ئاخر سەرگەورەیەکیان تێدا نیە ببێتە جڵەودار و سەرکردەیان و، خۆپیشاندانەکەیان بۆ بەرەولای مەبەست ببات؛ بەرهەڵستکاران یەک نینە و دووبەرەکی تەنیونی؛ سیاسەت بە گوێرەی سیستەمی شەڕەمەزەب و شەڕەکاست (پاک و پیس و، ئاغا و مسکێن)، بەڕێوە دەچێت و، دەوڵەتە نیشتمانپەرسەکەینارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، بۆ لەخشتەبردنەوەی خەڵکی خۆپیشاندەر، بەردەوام لە پاکستانیان دەترسێنێت و دەڵێ وا مەکەن ئەو دراوسێیەمان لێ ببێتە شێر.
سەرچاوە: نیۆیۆرک‌تایمز

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler