تشرینی دووەم 18, 2019

ناوچەی ئارام چییە؟ ئایا ناوچەی ئارامی تورکیا سەرکەوتوو دەبێ؟

بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ڕووسیا و تورکیا گەڕانی هاوبەشیان بۆ ناوچە سنوریەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردوە کە پێی دەڵێن ناوچەی ئارام. پلانی تورکیا لە دانانی ناوچەی ئارام لەسنووری ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکانی سووریایە کە لەناو تورکیان، هەروەها بۆ دورخستنەوەی هێزەکانی هەسەدەیە لەسەر سنوری وڵاتەکەی.

دیارە لەشێوەو چوارچێوەدا ناوچەی ئارام سادە دەردەکەوێ، بەڵام لە پراکتیزەدا کە نمونەکان هەر لە بۆسنیا و ڕوانداوە هەتا عێراق و، سریلانکا دێننینە بەرچاو ئەوە دەردەخەن دروستکردنی ناوچەی ئارام و، ئیشکردنی زۆر قورسە.

سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان:
لەدوای بڕیاری خێرای ئەمەریکا بۆ کێشانەوەی هێزەکانی لەسنوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەرگای لەبەردەم شاڵاوی سەربازی تورکیادا کردەوە بەدرێژایی سنووری ئەو وڵاتە لەو ناوچانەدا لەشکرکێشی بکات.
لەدوای ماوەیەک ڕوبەڕووبونەوە و بەرەنگاری سەخت لەگەڵ هێزەکانی هەسەدەدا دواتر تورکیا ڕازیبوو شەڕەکە بوەستێنێ بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان بەمەودای (٣٠) کیلۆمەتر بکشێنەدواوە، ئەو ناوچەیە دەمێکە تورکیا تەماحی تێدایە شاڵاوی سەربازی بۆ سەر ئەنجامبدا و شوێن دەسەڵاتی خۆی لەناو سووریادا بەرفراوانتربکات.
ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا کە هێزێکی یەکلاکەرەوەی مەیدانی سووریایە پێدەچێ سەرکەوتووبێ و ئەنجامەکەی بریتی دەبێ لەدانانی ناوچەی ئارام، لەو ناوچەیەدا ڕووسیا و تورکیا گەڕانی سەربازی لێ ئەنجامدەدەن، وە بەهاوبەشی بەڕێوەدەبرێ.
ئەمەریکا ئەو ڕێکەوتنەی بە سەرکەوتنێکی گەورە وەسفکرد، ئەگەرچی ئەمەریکا پێش ڕووسیا لەڕێگای (مایک پێنس) ەوە لە ئەنقەرە ڕێکەوتنێکی سەرەتاییان بۆ ڕاگرتنی شەڕکرد بەڵام ڕێکەوتنی سۆشی نێوان تورکیا و ڕووسیا کاریگەرتربوو و جێبەجێدەکرێ.
(دۆناڵد ترەمپ) لە (٢٣ی ئۆکتۆبەر) دا لە تویتێکدا نوسیویەتی، سەرکەوتنێکی گەورەیە لەسنووری تورکیا و سووریادا کە ناوچەی ئارام دروستدەکرێ، شەڕەکە ڕاوەستاوە و، شاڵاوەکان کۆتاییان هاتوە.بەڵام وڵاتانی دیکەی دنیا بەتایبەتی ئەوروپا لەگەڵ دانانی ناوچەی ئارامدا نین بەو شێوەیەی ئێستا، (ئەڵمان) بیرۆکەی دانانی ناوچەی ئارامی پێ باشە ئەگەر بێتو هێزەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان چاودێری و پاسەوانی زۆنەکە بکەن، وە فەرەنساش لەگەڵ هەمان بیرۆکەدایە.
شارەزایانی ئەو بوارە گەشبین نین بەو بارودۆخەی سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و، هۆشداری لەو هەنگاوانەی تورکیا دەدەن و دەڵێن، ترس هەیە کە پلانی تورکیا کوردەکان بخاتە مەترسی هەڵقەندن لەسەر خاک و نیشتمانی خۆیان و توشی پاکتاوی ڕەگەزی ببنەوە.
هەر لەسەر ئەو مەسەلەیە (احمد بێنجمسی) لە گروپی کەمپەینی هیومان ڕایتس ۆچ دەڵێ، تۆ ناتوانی ملیۆنێک کەس لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکەی و، شوێنێکیان نەبێ بۆی بچن.
ناوچەی ئارام چیە؟
زۆرجار زاراوەی جیاجیا بۆ پێناسەی ناوچەی ئارام دەبیسترێ کە دەگوترێ، ناوچەی پارێزراو، دەروازەیەکی مرۆیی، بەهەشتێکی سەلامەت، ناوچەی پڕ ئاسایش، بەڵام هەموو ئەوانە لەناوەڕۆكدا یەک شت دەگەێنن.
بەشێوەیەکی گشتی مەبەستی سەرەکی لەدانانی ناوچەی ئارام پارێزگاری کردنی خەڵکیە، ئەوانەی لەبەر شەڕ و کێشە و ململانێیەکان دەربەدەربوون. وە بەپێی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچ ناوچەی ئارام ناوچەیەکە دادەنرێ بەهۆی ڕێکەوتنی لایەنەکانەوە کە لەشەڕدان، کەوا هێزە سەربازییەکانی تێدا بڵاوناکرێتەوە و شاڵاوی سەربازیشی بۆ سەر ئەنجامنادرێ.
هەروەها ناوچەی ئارام بەشێوەیەکی تەکنیکی جیاوازە لە ناوچەی داماڵینی سەربازی کەوا چالاکیە سەربازییەکانی لەسەر قەدەغەدەکرێ، یان ناوچەی دژە فڕین کە چالاکیە سەربازییەکان و، هەواییەکان لەسەر ئەو ناوچەیە قەدەغەدەکرێ هەروەکو ئەو حاڵەتەی کە لەدوای شەڕی عێراق لەکەنداو لەساڵی (١٩٩١)دا لەلایەن ئەمەریکا و، فەرەنسا و، بەریتانیاوە دوو ناوچەی دژە فڕین لە باکوور و، لەباشووری عێراق ڕاگەێنران، ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی کوردەکان لە باکور و، شیعەکان لە باشوور بوو کە لەلایەن ڕژێمەکەی سەددام حسینەوە بەشێوەیەکی دڕندانە سەرکوتدەکران و بەبڕیارێکی گرنگ دانرا.

ئەگەر ناوچەی ئارام باشە، ئەدی کێشە چیە؟
هەندێک دەڵێن دانانی ناوچەی ئارام یان بەهەشتێکی سەلامەت بۆ خەڵکی لەناوچەیەکی کێشاوی و، شەڕ و ململانێدا بەڕێوەنابرێ و، کۆنتڕۆڵناکرێ، بەڵام کە بەڕووکەشی تەماشای بکەی ناوچەی ئارام ناوچەیەکە بۆ حەوانەوەی خەڵکی و پارێزگاری لێکردنیان و، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان.
مەترسیەکە لێرەدا ئەوەیە، ناوچەیەک دروستدەکرێ بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکی ئاوارە لەناوچەیەکی پڕ ململانێدا بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان پابەندی ڕێکەوتنەکان نەبوون و، شەڕ ڕوویدا ئەوا ئەو خەڵکەی لەو ناوچەیەدان دەکەونە مەترسیەوە.
لەبارەی ناوچەی ئارام کە تورکیا بەنیازە لەسنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروستیبکات شارەزایان هۆشداری لێدەدەن و دەڵێن سەلامەت نابێ. لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر (دەیڤد کین) نوسەری کتێبی کێشەکانی ناوچەی ئارام دەڵێ، مەرج نیە ئەوەی تۆ بەسەلامەتی دەزانی سەلامەت بێت.
هەروەها هیومان ڕایتس ۆچ هۆشداریداوە کە ئەو ناوچەی ئارامەی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات هەموو شتێک دەبێ تەنها سەلامەت نابێ، چونکە دەبێتەهۆی دروستکردنی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکان و، لەبنەماشدا لەو ناوچەیەدا ناتوانرێ دەسەڵات بەسەر گێڕانەوەی ئەو هەموو خەڵکەدا بشکێ و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابینبکرێ.
وە (بێنجمسی) یش دەڵێ، زۆرجار و لەوانەیە کە ناوچەی ئارام کێشەی ئاسایشی تێدادەبێ.
هەروەها بەشێک لەشارەزایان دەڵێن ئەو ناوچەیە ناوچەیەکە لەناو ناوچەیەکی دیکە کە سێکتەر و نەتەوە و ڕەگەزی جیایان هەیە دروستدەکرێ، بۆیە مەترسی شەڕی سێکتەری و ڕەگەزە جیاجیاکانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها مەترسی ئەوەیشی دەبێ کە هێزە چەکدارەکان بچنە نێو خەڵکی سیڤیلەوە و، ناوچەکە بگۆڕن بۆ مەیدانی شەڕ، وە خەڵکی دەرەوەی ناوچەکەش دەست دەخەنە نێو یاریەکەوە.

لە ناوچەکانی دیکەی ئارام لەجیهاندا چی ڕوویداوە؟
ئەگەرچی هەندێ نمونەی سەرکەوتوو هەن بەڵام لەزۆر حاڵەتدا ناوچەی ئارام مەترسیداربوە و، هۆکارەکان بۆ کەموکورتی بەڕێوەبردنی و داریی گەڕێندراونەوە بەڵام باجەکەی کەوتۆتە سەر شانی خەڵکەکە و قوربانی گیانی زۆری هەبوە.
لەو بارەیەوە (بێنجمسی) دەڵێ، کاتێک تەماشای مێژوو دەکەی ناوچەی ئارام بۆ ململانێ چڕەکان دروستکراوە و بەدەگمەن لەواقیعدا سەلامەت بوون.
لەوانەی سەرکەوتوو نەبوون، حاڵەتی ناوچەی ئارام لە بۆسنیا لەساڵی (١٩٩٥) دا، لەدرێژەی ململانێیەکانی بۆسنیای سربیەکان و، سوپای بۆسنیاکی بۆسنیە مسڵمانەکان کەوا ویستیان بۆسنیا و هەرزگۆڤینیا لە یوگسلاڤیای پێشوو هەڵوەشێنن، لەنێو بەرزبونەوەی ململانێیەکاندا نەتەوە یەکگروەکان شەش ناوچەی ئارامی بۆ ڕاگەیاندن، یەکێک لەو ناوچانە لە شارۆچکەی سربینیا بوو کە هەزاران مسڵمانی تێدا جێکرابوونەوە و ئاسایشیان لەژێر ڕۆشنانی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هەبوو، بەڵام شارۆچکەکە لەلایەن بۆسنیە سربیەکاندا بەسەرکردایەتی ڕاتکۆ ماڵدیک شاڵاوی کرایەسەر و نزیکەی (٨ هەزار) پیاو و کوڕی بۆسنیاکی لەلایەن سەربازەکانی بۆسنیە سربیەکانەوە کۆمەڵکوژکران، ئەو ڕووداوە لەلایەن ئەوروپاوە بە تراژیدیاترین ڕووداوی خوێناوی لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەژمارکرا.
لەو بارەوە، (لین مالوف) بەڕێوەبەری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمنستی نێودەولەتی دەڵێ، کاتێک ناوچەی ئارامی ئاوا دروستدەکرێ و دەسەڵات بۆ چاودێریکردنی نابێ ئەوا ئەنجامەکەی ئاوا کارەساتاوی دەبێ.
حاڵەتی دیکەش هەن بۆ نمونە ناوچەی ئارامی ڕواندا لەساڵی (١٩٩٤) و، هەروەها ناوچەی ئارام لە سریلانکاش دوو حاڵەتی دیکەن کە خەڵکی لەناوچەکانی ئارامیشدا سەلامەت نەبوون و ململانێیەکان دروستبوونەوە و خوێناوی بوون.
کەواتە مێژووی ڕابردووی ناوچەکانی ئارام لەدنیادا ئەوە دەردەخەن کە مەرج نیە ویستی باش هەمیشە دەرنجامی باشی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچەیەدا کە فرە ڕەگەز و، کێشەی جۆراوجۆری ڕیشەیی و مێژوویی تێدایە.
(ستیڤانی کاپلەر) پرۆفیسۆری چارەسەری ململانێیەکان لە زانکۆی دورهام دەڵێ، ناوچەی ئارام زۆرجار دەکەوێتە کێشەوە چونکە ئەو پاڵنەرانەی کە دەبنەهۆی دروستکردنی ناوچەی ئارام ئاڵۆزن.
بەشێوەیەکی گشتی شارەزایان لەسەر ئەو ناوچەیەی ئارام کە تورکیا دایدەنێ نیگەرانن و لەو باوەڕەدان کە بەسەرڕاگەیشتنی ئاسان نابێ، بەتایبەتی کەموکورتی شەرعیەت و پاڵپشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی هەیە.
وڵاتانی ئەوروپا لەو باوەڕەدان پێویستە ناوچەی ئارام لەسنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندابێ، چونکە ترسیان هەیە لەڕوودانی پاکتاوی ڕەگەزی لەدژی کوردەکان لەو ناوچەیەدا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler