تشرینی دووەم 12, 2019

بەرهەمهێنانی مووشەكی بەرگری لە نێوان رووسیا و توركیا دوا دەكەوێت

بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان توركیا و روسیا ئەنجام درابوو، لە قۆناغی یەكەمدا روسیا دەبوایە مووشەكی بەرگری 400 ئێسیی رادەستی توركیا بكردایە، بەڵام لە قۆناغی دوەمدا ئیدی بە یەكەوە ئەو مووشەكە بەرهەم بهێنن، بەڵام روسیا داوای لە توركیا كردوە كە جارێ ناتوانن بەیەكەوە ببنە بەرهەمهێنەری ئەو مووشەكە.

ئیسماعیل دەمیر وەزیری پیشەسازی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ یەكێك لە تەلەڤزیۆنەكانی توركیا كە ماڵپەڕی (تی 24)_ی توركیش هەواڵەكەی وەرگرتوە، ئاماژەی داوە مووشەكی بەرگری 400 ئێسیی لە روسیا وەرگیراوە و لەسەر بەڵێنی خۆیان بوون، بەڵام پێ دەچێت بەرهەمهێنانی ئەو مووشەكە لە نێوان ٢ وڵاتدا دوا بكەوێت.
وەكو ئەوەی دەمیر باسی لێوە كردوە، دەبوایە لەمساڵدا دەست بە بەرهەمهێنانی ئەو مووشەكە بكرێت بە هاوبەشی لە نێوان توركیا و روسیا، بەڵام دوا دەكەوێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠.
بە هۆی ئەوەی توركیا ئەندامی ناتۆیە و دەبوایە بۆ كڕینی ئەو مووشەكە رەزامەندی ناتۆ وەربگرێت، بۆیە نێوانی ئەمریكا و توركیا لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگری 400 ئێسیی ی گرژی تێ كەوتوە و چەندین جاریش كۆنگرێسی ئەمریكا هەڕشەی لە توركیا كردوە كە ئەگەر لە كڕینی پەشیمان نەبێتەوە سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنن.
هەروەها ئەمریكا بڕیاریدا فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئێف35 بە توركیا رابگرێت، كە بڕیاربوو توركیا ١٠٠ فڕۆكە بكڕێت و دانەی بە ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
پرسیاریان لە ئیسماعیل دەمیر كردوە ئاخۆ ئەگەر ئەمریكا داكۆكی كرد لەوەی فڕۆكەی جەنگی ئێف35 تان پێشكەش نەكات، ئاخۆ توركیا دووبارە روو لە  روسیا دەكات بۆ كڕینی فرۆكەی جەنگی ئێس یۆ 35 كە هاوتای فڕۆكەی جەنگی ئێف 35ی ئەمریكییە؟ دەمیر گوتی: "لە لایەن روسیاوە ئەو داواكارییەمان پێشكەش كراوە، بۆیە وەكو توركیا هەڵیدەسەنگێنین و پاشان بڕیاری كۆتایی لە بارەوە دەدەین".

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler