ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەكەپە دەیەوێت بە بەرنامە رێگە لە جیابوونەوەی ئەندامەكانی بگرێت

لە ماوەی یەك ساڵدا ئەكەپە یەك ملیۆن ئەندامی لێ جیابوەتەوە، هۆكاری ئەو جیابوونەوەش نیگەرانییانە لە تاكڕەوی رەجەب تەییب ئەردۆغان و، هەروەها چوونیانە بۆ ناو ئەو ٢ پارتە تازەیەی ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان بە نیازن دروستی بكەن. ئەكەپە بۆ ئەوەی بتوانێت رێگە لە جیابوونەوەی ئەندامەكانی بگرێت بەرنامەیەكی داڕشتوە.

رۆژنامەی (جومهوریەت)_ی توركی، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٧ی ١٠ی ٢٠١٩ بڵاوی كردوەتەوە، لەسەر داوای ئەردۆغان بڕیاردراوە، هەر ئەندامێكی ئەكەپە پێویست دەكات مانگانە ئابوونەی خۆی بداتە پارت، واتە ئەوەی ئابوونەی نەداوە پێویست دەكات لەمەودوا لێی وەربگیرێت.
ئەندامێكی سەركردایەتی ئەكەپە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ (جومهوریەت) كردوە و، دەڵێت بەرنامەی جیا جیا دانراوە بۆ ئەوەی رێگە لە جیابوونەوەی ئەندامەكانمان بگیرێت، یەكێك لەو بەرنامانەش سەپاندنی ئابوونەیە لە لایەن ئەندامانەوە.
یەكێكی تر لەو بەرنامانەی ئەكەپە بە نیازە بۆ رێگەگرتن لە ئەندامەكانی پەیڕەوی بكات، ئەویش پێدانی پۆستە، بەوەی كەسانی شارەزا و ئەندامی تۆڕە لە پارت ئاشت دەكەنەوە و پۆستیان پێ دەدەن، جگە لەوەش لەناو پارت گۆڕانكارییەكی گەورە ئەنجام دەدرێت و هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی لا دەدرێن و كەسانی تر دەهێننە شوێنیان.
بە گوێرەی زانیارییەكانی دادگای باڵای توركیا، ئەكەپە ژمارەی ئەندامەكانی لە ماوەی ساڵێكدا لە ١٠ ملیۆن و ٧١٩ هەزار و ٢٣٤ ئەندامەوە كەم بوەتەوە بۆ ٩ ملیۆن و ٩٣١ هەزار و ١٠٣ ئەندام.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر