ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پەروین بوڵدان هەڕەشە لە جەهەپە دەكات

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، وەكو هەڕەشەیەك و رەخنەیەك بۆ جەهەپە كە بێدەنگن بەرامبەر بەو ناعەدالەتییەی بەرامبەر هەدەپە دەكرێت لە توركیا دەڵێت ”ئێمە بۆ ئەوەی توركیا بەرەو دیموكراتی بچێت رێككەوتنێكی گەورەمان لەگەڵتاندا كرد، جگە لە ئیستەنبۆل لە چەند شوێنێكی تر كاندیدمان بۆ سەرۆكی شارەوانی نەبوو و پشتگیری ئێوەمان كرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە وەڵاممان بۆ ئەو بێدەنگیەتان دەبێت“

لەبارەی بایكۆتكردنی پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە لایەن هەدەپەوە، بوڵدان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رەخنەی توندی لە جەهەپە گرت.
بوڵدان ئاماژەی دا، كە ئەوان تەنیا لەبەر بەرژەوەندی كورد نەبووە رێككەوتنیان لەگەڵ جەهەپە كرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی ٢٠١٩، بەڵكو بۆ ئەوەی دەرگای یاسای بكرێتەوە بۆ تەواوی توركیا پشتگیرییان لە كاندیدی جەهەپە كردوە.
ئەو دەڵێت: ”لە زۆرێك لە شارە كوردییەكان، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن چەندین سەرۆك شارەوانی سەر بە هەدەپە دوور خراونەتەوە، بەڵام جەهەپە دەنگی لێوە نەهاتوە، بەیانی ئەگەر هەمان شت بەسەر ئەوانیش بكرێت لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، ئەوكات كوردیش ئەو رۆژانەیان دێتەوە بیر كە سەرۆك شارەوانییەكانیان دور خرانەوە و ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بوو و لەسەریان نەهاتە وەڵام“.
بوڵدان لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی دا، كە ئەوان وەكو هەدەپە پەشیمان نین لەوەی لە ٣١ی٣ی٢٠١٩ لە شارە رۆژئاواییەكان پشتگیریان لە كاندیدی جەهەپە كردوە، چونكە ئەوان وەبەرهێنانیان بۆ داهاتوو كردوە و، ویستویانە توركیا زیاتر بەرەو دیموكراتی بڕوات.
هەڕەشەشی لە جەهەپە كرد، كە ئەو بێدەنگییەیان بەرامبەر بەو ناعەدالەتییەی بەرامبەر بە كورد دەكرێت لە توركیا، بە دڵنیاییەوە رۆژێك دێت وەڵامەكەی لە لایەن هەدەپەوە وەردەگرنەوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر