تشرینی دووەم 12, 2019

توركیا بەم ئابوورییە ناوچەی ئارامی پێ بەڕێوەناچێت

گۆڤاری (فۆربێس) لیستی ملیاردێرەكانی جیهانی بڵاوكردەوە، كە ساڵانە سەرمایەدارەكانی توركیا لەو لیستەدا ناویان هەیە و سەرمایەكانیان ئاشكرا دەكرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ ملیادێرەكانی توركیا داهاتیان ٢١ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار كەمی كردوە.

بە گوێرەی ئەو لیستەی گۆڤای ناوبراو بڵاوی كردوەتەوە، كە ساڵانە ئەو گۆڤارە لیستی سەرمایەدارەكانی جیهان بڵاودەكاتەوە و زانیاریش لەبارەی زیاد و كەمی سەروەتەكانیان لەو ساڵەدا دەخاتە روو، سەرمایەدارەكانی توركیا بۆ ئەمساڵ زیانی گەورەیان بەر كەوتوە.
ساڵی پار ملیادێرەكانی توركیا سەروەتەكەیان ٦٤ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمساڵ سەروەتەكەیان كەمبوەتەوە بۆ ٤٣ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
هەروەها لە لیستی ملیادێرەكانی جیهاندا كە ٢ هەزار و ١٥٣ ملیادێر دەبن، ملیادێرەكانی توركیا ژمارەیان بوەتە ٢٥ كەس ئەمەش لە كاتێكدایە كە ساڵی پار ٣٦ ملیادێر بوون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا لەبارەی لیستی سەرمایەدارەكانی جیهان لە لایەن گۆڤاری ناوبراوەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە دەدەن كە خراپی رەوشی ئابووری وای كردوە ملیادێرەكانی توركیا زیانیان پێ بگات.
ماڵپەڕی (T24)_ی توركی ئاشكرای دەكات، زۆرێك لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناچار كراون قەرز داوا بكەن و پاشان كە قەرزەكەیان نەداوەتەوە زیانی مادی زۆریان بەر كەوتوە، بۆیە ملیارات دۆلار زیان بەر سەرمایەدارانی توركیا كەوتوە.
كۆمپانیای ئولكەر كە خاوەنەكەی موراد ئولكەرە، ساڵی پار سەروەتەكەی ٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لە لیستی ئەمساڵی گۆڤاری (فۆربێس)_دا داهاتەكەی بۆ ٣ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن كەم بوەتەوە، واتە لە ماوەی ساڵێكدا یەك ملیار دۆلار لە سەروەتەكەی كەم بوەتەوە.
بەم ئابوورییە خراپەوە كە لە هەموو سێكتەرەكانی توركیا رەنگی داوەتەوە، توركیا ناتوانێت ناوچەی ئارام لەسەر سنووری نێوان توركیا و سووریا بەڕێوە ببات، چونكە رەجەب تەییب ئەردۆغان لە بەرنامەیدایە ٣ ملیۆن ئاوارەی سووری لەو ناوچەیە نیشتەجێ بكات، لە ئێستاشەوە ئەمریكا و روسیا خۆیان لە تێچووی ئەو ناوچەیە دزیوەتەوە و، توركیا ناچار كراوە تا ئەو تێچوە بگرێتە ئەستۆ.
زۆرێك لە ئابووریناسانی توركیا پێیانوایە، ئابووری توركیا لە ساڵی ٢٠٢٠ بەرەو خراپتر لە ئێستا دەڕوات، چونكە هیچ ئومێدێك نییە بۆ ئەوەی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە، ئەمەش وا دەكات لەڕووی وەبەرهێنان و سێكتەری تایبەتەوە توركیا بەرەو دواوە بڕوات.
تاوەكو ئێستا روون نییە ئاخۆ توركیا لە هێرش كردن بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان تێچووی چەند بوە، بەڵام شڕۆڤەكارانی سیاسی ئاماژەیان داوە، كە دەبوایە بەر لە شەڕ توركیا بیری لە ستراتیژییەتی ئابووری ئەو شەڕە بكردایەتەوە.
 تەها ئاكیۆل نووسەری دیاری رۆژنامەی (قەرار) پێی وایە، توركیا ناتوانێت بەو ئابوورییەی ئێستایەوە ناوچەی ئارام بەرێوە ببات، بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەڕووی ئابوورییەوە بۆ توركیا زۆر دەكەوێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler