تشرینی دووەم 19, 2019

شەپۆلی نارەزایەتیەکانی خەڵکی لوبنان و چاکسازییەکانی حکومەت

چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی چڕی خۆپیشاندان پایتەخت و شارەکانی دیکەی لوبنانی گرتۆتەوە بەهۆی باری خراپی ئابووری و گەندەڵی و قورسی ژیانی هاوڵاتیانەوە، خۆپیشاندانەکان ئەگەرچی جیدی و توندن بەڵام بەشێوەی کەرنەڤاڵ بەڕێوەدەچن و تیایدا داوا لەحکومەت دەکەن بەهەنگاو کردار چاکسازی نیشانی خەڵکی بدا و متمانەی خەڵکی بەپرۆژەی خزمەتگوازاری و، هەلی کار و، چاکسازی بنەڕەتی بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) لەدوای بەرفراوانبونی خۆپیشاندانەکان، حکومەت ڕۆژی دووشەممە پاکێجێکی خێرای چاکسازی ئابووری بۆ هێمن کردنەوەی دۆخەکە قبوڵکرد بەڵام خۆپیشاندەران جارێ کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکان نەهێناوە.
(سەعد حەریری) سەرۆکوەزیرانی لوبنان لەڕێگا تەلەفزیۆنەوە ئێوارەی دووشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەخۆپیشاندەرانی گوت دەنگی ئێوەمان بیست و، حکومەت ڕێکارەکانی چاکسزای خێرا دەستپێدەکات.
بەسەدان هەزار لوبنانی لەسەر گەندەڵی و ڕێکارەکانی برسیکردن توڕەن و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای باشترکردنی دۆخی ژیانیان دەکەن.
ئابووری لوبنان چەند ساڵێکە کەوتۆتە دۆخی پوکانەوە بەهۆی کەمی گەشەکردن و وەبەرهێنان و، هەروەها بەرزی ئاستی قەرزەکانی، وە دامودەستگا خزمەتگوزارییەکان وەکو پێویست ناتوانن خزمەتگوزارییەکان دابینبکەن لەوانە کارەبا وەکو پێویست نیە و، هەروەها خۆڵ و خاشاکی کۆڵان و شەقامەکان کۆناکرێتەوە.
حکومەت لە بەرنامەی چاکسازیەکەیدا هەنگاوی خێرا دەستپیدەکات بۆ کەمکردنەوەی کەموکورتی بودجە و، کەمکردنەوەی خەرجی و موچەی سیاسیەکان و پلە باڵایەکان بۆ ئاستی نیوە و پێشکەشکردن و دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی لوبنان، وێڕای بەڵێنەکانی حکومەت بەڵام خۆپیشاندانەکان هێشتا درێژەیان هەیە.

بارودۆخی تازەی لوبنان:
کابینەی حکومەتی لوبنان چەند ڕێکارێکی خێرای چاکسازی پەسندکرد، وە لەبەر خراپی بارودۆخەکە و بەرفراوانبونی خۆپیشاندانەکان پێشتر (حەریری) بەڵێنیدابوو کە دەستلەکاربکێشێتەوە ئەگەر ئەو بەرنامەی چاکسازییە پەسند نەکرابایە.
سەرۆکوەزیران لەدوای پەسندکردنی بەرنامەی چاکسازی حکومەت بۆ خۆپیشاندەران گوتی، جوڵەکانی ئێوە وایکرد ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ بدەین، ئەو بڕیارانە شتێک نین پێتان بفرۆشینەوە یان بازرگانی پێوەبکەین، وە بۆ ئەوەش نین کە پێتان بڵێن واز لەدەربڕین و توڕەیەکانتان بێنن، ئەوە بڕیاری ئێوەن.
لەئێستادا خۆپیشاندەران لەناو سەنتەری لوبنان ڕێگا سەرەکیەکانیان داخستوە و زۆربەی قوتابخانە و بانکەکان داخراون. خۆپیشاندەران دەڵێن لوبنان خراپتر و خراپتر دەبێت بەهۆی سیاسیەکانیانەوە، وە ئەوە هۆکاری ئەوەیە کە خەڵکی دەستیان بەرزکردۆتەوە لەدژی گەندەڵی و لەدژی خراپی باری ئابووری، وە ئەو شۆڕشەی لوبنان شۆڕشێکە بۆ ژیانێکی باشتر.

بۆچی خەڵکی لوبنان توڕەن:
خۆپیشاندانەکانی ئەو جارە لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوەوە دەستیان پێکرد کاتێ حکومەت (٦ دۆلار) باجی خستە سەر (ڤۆیس‌کۆڵ) ی (واتس‌ئاپ). دواتر حکومەت باجەکەی لادا بەڵام ناڕەزاییەکان زیاتر بەرزبونەوە و خۆپیشاندانەکان بەرفراوانتر بوون لەدژی حکومەت، بەتایبەتی لەدژی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و خراپی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەژاران.
ڕۆژی یەکشەممە (٢٠ی ئۆکتۆبەر) بەسەدان هەزار کەس لەناو چەقی پایتەختی لوبنان لە بەیروت و لەشارەکانی دیکەش کۆبونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی حکومەت، ئەو خۆپیشاندانەی ئەو ڕۆژە گەورەترین خۆپیشاندان بوە لەماوەی نزیکەی پانزە ساڵی ڕابردوودا.
لەو چەند حەفتەیەی ڕابردوودا باری ئابووری لوبنانیەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی پارەکەیان لەبەرانبەر دۆلاردا خراپتربوە، پارەی لوبنانی بۆ یەکەمجار لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێژەیەکی زۆر لەئاستی دۆلاردا هاتۆتەخوارێ.
لەئێستادا پاوەندی لوبنانی لەئاستی دۆلاردا زۆر دابەزیوە، هەروەها لەبەر کەمی دۆلار لەبازاڕدا لەبانکەکان و شوێنەکانی دیکەی پارەگۆڕینەوە بەبڕێکی زیاتر دۆلار دەکڕن.
لوبنان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەبن قەرزێکی گەورەی نێودەوڵەتیدایە کە بۆتەهۆی کەوتنی ئابووریەکەی، حکومەتی لوبنان بەرزترین قەرزداری هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا کە (٨٦ ملیار دۆلار)ە، وە ئەوە یەکسانە بە زیاتر لە (١٥٠%)ی بەرهەمە ناوخۆییەکانی.
هەروەها گەشەی ئابووری لەساڵی (٢٠١٨) ەدا تەنها (٠.٢%) بوە، وە لەساڵی (٢٠١٩) ەدا دابەزیوە بۆ خوار سفریش.
ساڵی (٢٠١٨) بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان بەڵێنی (١١ ملیار دۆلار) قەرزیان بە لوبناندا بۆ بەرزکردنەوەی ئابووری ئەو وڵاتە، وە حکومەتیش لەبەرانبەردا بەڵێنی چاکسازیدا کەوا یارمەتیدەربێ بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی، بەڵام وەکو پێویست هەنگاوەکانی چاکسازی نەنراون.
کەرتی گشتی لوبنان لەبن بارێکی قورسدایە، کارەبا و ئاوی خواردنەوە وەکو پێویست نین و، خۆڵ و خاشاکی کۆڵانەکانیش لەلایەن شارەوانیەوە بەڕێکوپێکی کۆناکرێتەوە، لوبنان بۆخۆی باری ئابووری خراپە و بەهۆی شەڕی سووریاوە زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەریشی لەخۆگرتوە کە باری ئابووری وڵاتەکەیان پڕکێشەتر کردوە.
شیاوی باسکردنە، سیستەمی سیاسی لەلوبنان بەشێوەیەک دیزاینکراوە بۆ ڕاگرتن و دابەشکردنی باڵانسی دەسەڵات لەنێوان گروپە ئاینیەکانی وڵاتەکەدا، ئەوەش زۆرجار بۆتەهۆکاری بەرفراوانبونی گەندەڵی سیاسی و دارایی و خراپ بەڕێوەبردن.
کێشە سیاسیەکان و، گەندەڵی و، شەڕی سووریا و ئاوارەکانی سووریا لەسەر لوبنان و، زۆری قەرزەکانی ئەو وڵاتە لەکێشە سەرەکیەکانی حکومەتن کەنەیتوانیوە ڕووبەڕوویان ببێتەوە و، بژێویەکی باشتر بۆ هاوڵاتیەکانی دابینبکات.
ئێستا لوبنان شاهێدی گەورەترین خۆپیشاندان دەدات کە بۆ پانزە ساڵە ئەوە ڕووینەداوە، خەڵکی توڕەن لەسەر گەندەڵی و، باری قورسی ژیانیان.
پەیامەکانی لوبنانیەکان جیدین بەڵام زۆربەی خۆپیشاندەران بەهێمنی و بەشێوەی جیاجیا توڕەیەکانیان دەردەبڕن بۆ نمونە بەشێوەی کەرنەڤاڵ و کەشوهەوای مۆسیقایی و لێدانی تەپڵ و سەماکردن، کە چاودێران دەڵێن خەڵکی خۆپیشاندەرا لە لوبنان بەشێوەیەک توڕەییەکانیان دەردەبڕن کە بەبەراوورد بەڕابردوو کەمترین کێشە و ئاڵۆزی لێکەوتۆتەوە و، هەروەها خەڵکی لەوێ لەسەرووی دابەشبونە سێکتەرییەکانیانەوەن.
ئابووری لوبنان بەهۆی سیستەمی سیاسی و، کێشە و ناسەقامگیریە ناوچەییەکانەوە بەتوندی پێکراوە و کاریگەری کردۆتە سەر سیستەمی دارایی وڵاتەکە، وە کێشەی بێكاری بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبۆتەوە کە بێکاری لەنێو ئەوانەی تەمەنیان لەخوار (٣٥) ساڵیدایە گەیشتۆتە (٣٧%).
حکومەتی لوبنان توڕەییەکانی خەڵکەکەی بیست و بەڵینی چاکسازی خێرایداوە، بەڵام لەئاستی چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیاندا نیە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler