تشرینی یەکەم 24, 2020

نیۆڕك تایمز:توركیا ئەوەی ویستی بە دەستی هێنا

رێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا لەبارەی راوەستانی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، بوەتە باسوخواسی میدیا جیهانییەكان، میدیاكانی ئەمریكاش بە نیگەرانییەوە باس لەو رێككەوتنە دەكەن و پێیانوایە توركیا ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا.

بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە بێت، توركیا ماوەی ١٢٠ سەعات هێرش رادەگرێت تا سوپای سووریای دیموكرات هەموو هێزەكانی لە رۆژهەڵاتی فورات بە قوڵایی ٣٢ كیلۆمەتر بكشێنێتەوە، بەڵام سوپای توركیا بە هیچ شێوەیەك لە سووریا ناكشێتەوە و دەمێنێتەوە. هەروەها توركیا ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنوور دروست دەكات و تەنیا خۆشی ئەو ناوچەیە بەڕێوە دەبات و ٣ ملیۆن ئاوارەی سووری لێ نیشتەجێ دەكات.
نیۆڕك تایمزی ئەمریكی، پێی وایە ئەم رێككەوتنە لە زۆر روەوە سەركەوتنە بۆ توركیا، چونكە ئەوەی ویستی بە دەستی هێنا.
ئەو رۆژنامەیە دەنووسێت: ”توركیا ئەوەی ویستی بە زۆرەوە بە دەستی هێنا، هەروەها توانی رێگە لە سزاكانی ئەمریكا بگرێت بۆ سەر توركیا. بەمەش ئەردۆغان توانی تا ئاستێكی زۆر لەم رێككەوتنەدا بە سەركەوتوویی لیێ بێتە دەرەوە“.
رۆژنامەی ناوبراو ئاماژە دەدات ئەمە دووەم جارە ئەردۆغان ئاستی ترامپ بهێنێتە خوارەوە، جاری یەكەم كاتێك ترامپ نامەی بۆی ناردوە و نامەكەی دڕاندوە و خستویەتییە ناو زبڵدانەوە، هەروەها جاری دووەمیش لەبارەی ئەو رێككەوتنەیە كە توركیا ویستی خۆی جێبەجێ كرد.
میدیاكانی یۆنانیش بە هەمان شێوە نیگەرانن لەو رێككەوتنەی نێوان توركیا و ئەمریكا لەبارەی رۆژئاواوە.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، كە میدیاكانی یۆنان پێیانوایە، توركیا ئەوەی ویستی بە دەستی هێنا، چونكە هێزەكانی ناكشێنێتەوە و ناوچەی ئارامیش بە قوڵایی ٣٢ كیلۆمەتر دروست دەكات، كوردیش لەو ناوچانە دەردەكرێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler