تشرینی یەکەم 24, 2020

بۆ یەکەم جار لەو سەدەیەدا پەرلەمانی بەریتانیا لەبەر گرنگی و کەمی ماوەی دیاریکراوی برێگزیت دانیشتنی خۆی لەڕۆژی شەممەدا سازکرد، رۆژانی شەممە و یەکشەممە لەبەریتانیا دەوامی فەرمی دامودەستگایەکان نیە، پەرلەمانی بەریتانیا (٣٧) ساڵ پێش ئێستاش شەممەیەکی دیکەش کۆبۆتەوە. لەدانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی (١٩ی ئۆکتۆبەر) دا پرۆژەی چاککردنی برێگزیت کە لەلایەن پەرلەمانتار (ئۆلیڤەر لێتوین) پێشنیازکرابوو خرایەبەر دەنگدان و (٣٢٢) دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا و سەرکەوت.

ئەو چاککردنە داوادەکات ڕێكەوتنە تازەکەی حکومەتی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا پەسەندکردنی ڕابگیرێ هەتاوەکو لایەنی یاسایی بەسەردا جێبەجێدەکرێ و ئنجا پەسندی بکەن، ئەوەش واتای ئەوەیە کە برێگزیت پێویستی بەدرێژکردنەوە دەبێ بۆ سێ مانگی دیکە.
لەڕێکەوتنە تازەکەی حکومەتی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادا کە لەحەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدرا، ڕێکخستنێکی تایبەت لەجیاتی (باکستۆپ) بۆ سنوری نێوان ئێرلەندا و، ئێرلەندای باکوور دانراوە کە پێویست بەدانانەوەی بازگەی سنووری ناکات، ئەوە وەکو هەنگاوێکی باش بەبەراوورد بەڕێکەوتنەکەی پێشوو لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە حیسابکراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پەرلەمانی بەریتانیا بەدابەشبووی ماوەتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دەرچوون یان دەرنەچوونی بەریتانیا، لانیکەم بەو ڕێکەوتنانەی کە تائێستا ئەنجامدراون ڕازی نین و ئەو دابەشبونەی پەرلەمانی بەریتانیا برێگزیتی ئاڵۆزترکردوە.
پرۆژە چاککردنێک کە لەلایەن پەرلەمانتار (ئۆلیڤەر لێتوین) ی لیستی سەربەخۆ پێشکەشکرا خرایە دەنگدانەوە و پەسندکرا، بەپێی ئەو پرۆژەیە هەر پاڵپشتیەکی پەرلەمانتاران بۆ ڕێکەوتنەکەی حکومەت و یەکیەتی ئەوروپا دەبێ ڕابگیرێن هاتوەکو ڕێکەوتنەکە لەجێبەجێکردنی یاسایی دەردەچێت و پاڵپشتی پەرلەمانتار و لۆردەکانی بەریتانیا بەدەستدێنێ.
حکومەت ڕێکەوتنەکەی نەخستە دەنگدانەوە چونکە ئەو پرۆژەیەی (لێتوین) پێشی پێگرت، ئێستا بەڕێز (بۆریس جۆنسن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کەوتۆتە ژێر یاسای (بێن) ەوە کە مانگێک پێشتر لەپەرلەمانی بەریتانیا پەسندکرا و کرا بەیاسا بۆ درێژکردنەوەی برێگزیت ئەگەر ڕێکەوتن لەوادەی خۆیدا پەسندنەکرا.
سەرچاوەیەک لەحکومەتی بەریتانیا بەڕوونی ئاماژەی بەوەداوە کە لەبەر ئەوەی پرۆژە یاسای (لێتوین) سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئەوا هەر دەنگدانێک بۆ ڕێكەوتنەکە لەڕۆژی شەممەدا مانادار نەدەبوو، ئێستا حکومەت بەدوای شیکردنەوەی ئەو بارودۆخە و هەنگاوی داهاتووی دایە.
بەشێک لەبەرپرسانی کابینەی حکومەت دەڵێن ڕۆژی دووشەممە دەنگدان لەسەر ڕێکەوتنەکە دەکرێت، بەڵام دیارنیە کە سەرۆکی پەرلەمان ڕێگای ئەوە دەدات یان نا، لەوانەی بڵێ پێویست بەدەنگدان ناکات و کۆتایی هاتوە.

داوای درێژکردنەوەی برێگزیت:
بەگوێرەی هەردوو پرۆژەی (لێتوین) و، هەروەها یاسای (بێن) حکومەت ناچاردەبێ داوای درێژکردنەوەی برێگزیت بکات، چونکە پەرلەمان پاڵپشتی دواخستنی برێگزیتی کردوە تا ڕێکەوتنێکی قبوڵکراو و پاڵپشتیکراو دێتەپێشەوە.
چەند سیناریۆیەک لەئارادان ئاخۆ چارەنوسی داوای درێژکردنەوەی برێگزیت چی لێ دێت، پێشتر (جۆنسن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڕوونی لەپەرلەمانی بەریتانیا گوتی داوای درێژکردنەوەی برێگزیت ناکات.
بەڵام کابینەی وەزیران ئاماژەی بەوەداوە کە حکومەت پابەندی یاسایە، ئێستا چەند قسەیەک هەیە کە حکومەت بتوانێ دەرچەیەک بۆ دەرچوون لەو پابەندە یاسایە ببینێتەوە.
بۆ نمونە، لەوانەیە حکومەت نامەی داوای درێژکردنەوە ڕەوانەی یەکیەتی ئەوروپا بکات بەڵام لەهەمان کاتدا پێیانبڵێ پشتگوێی بخەن و درێژکردنەوەمان ناوێت، کە سەرەنجام هەر ئەوەشی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەدوا ساتەکانی ڕۆژی شەممەدا بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوو نامەی ڕەوانەی یەکیەتی ئەوروپا کردوە، لەیەکێکیاندا داوای درێژکردنەوەی کردوە بەڵام ئیمزای نەکردوە، لەوەی دیکەیشیاندا بۆی نوسیون کە ئەو نایەوێ برێگزیت درێژبکرێتەوە.
وە لەحاڵەتی ئەوەی ئەگەر یەکیەتی ئەوروپا گەرەنتی درێژکردنەوەی برێگزیتی نەدا، ئەوا لەو کاتەدا پەرلەمانی بەریتانیا تاوەکو (٣١ی ئۆکتۆبەر) ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا پەسندبکات.

برێگزیت بەبێ ڕێکەوتن لە (٣١ی ئۆکتۆبەر) دا:
وادەی دیاریکراوی دەرچوونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا کاتژمێر (١١) ی شەوی (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) یە، واتە دەبێ لەو وادەیەدا بەریتانیا یەکیەتی ئەوروپا بەجێ بهێڵێت.
هەتا ئەگەر هاتوو لەپاش تاوتوێکردنی نامەکانی (جۆنسن) یەکیەتی ئەوروپا هیچ گەرەنتیەکی ڕوونینەدا بۆ پێدانی درێژکردنەوەی برێگزیت ئەوا لەو کاتەدا بەریتانیا دەبێ لەو وادەی دیاریکراوی خۆیدا برێگزیت ئەنجامبدا.
لەو حاڵەتەدا دەبێ ڕێکەوتنەکە لەپەرلەمان دەنگدانی بۆ ئەنجامبدرێ و ئەگەر هاتوو پەرلەمانتارەکانی بەریتانیا دەنگیان بەڕێكەوتنەکەدا بەڵام جێبەجێکردنی یاسایی بەسەریدا پەسەندنەکرا، ئەوا لەو حاڵەتەشدا ڕێكەوتنەکە پوچ دەبێتەوە و بەریتانیا دەبێ بەبێ ڕێکەوتن لەیەکیەتی ئەوروپا دەرچێت.
دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن سەرەنجامێکی خراپی دەبێت، ئەوە دەگەیەنێ کە بەریتانیا دەبێ دەستبەجێ لە یەکیەتی گومرگ و، بازاری هاوبەش و ڕێکخستنەکانی دیکەدا بچێتەدەرێ و، قەیرانی بازرگانی و، کێشەی گەورەی ئابووری دەنێتەوە.
زۆر لە سیاسیەکان و بازرگانە گەورەکان دەڵێن ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا کارەسات بەسەر ئابووری وڵاتدا دێنێت، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن مەترسیەکان گەورەکراون و بەو ئەندازەیە خراپ نابن.

بژاردەکانی دوای (٣١ی ئۆکتۆبەر):
ئەگەر برێگزیت تاوەکو (٣١ی ئۆکتۆبەر) یەکلایی نەبۆوە، واتە ئاوا بەهەڵواسراوی مایەوە ئەوا لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیارێک بێت، کە لەکۆتایی ئەو ساڵدا یان لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا هەوڵ بۆ هەڵبژاردنێکی تازەی پێشوەختە بدرێ تاوەکو حکومەتی نوێ بەپرۆژەی نوێیەوە ئەو پرسە یاکلایی بکاتەوە.
ئەگەر برێگزیت دوابخرێ ئەوا لەوانەیە جارێکی دیکە حکومەتی بەریتانیا داوا لە پەرلەمان بکات هەڵبژاردنی پێشوەختە بخرێتە دەنگدانەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارەکان هەیە، لەپێشوودا ئەو هەوڵەی حکومەت سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
هەوڵی دیکەش لەئارادا دەبن لەوانە ستاندنەوەی متمانە لەسەرۆکوەزیران، کە لەهەر حاڵەتێکدا دەکرێ ئۆپۆزسیۆن ئەو پێشنیارە بجوڵێنێت لەو بارەیەوە (جێرمی کۆربین) دەڵێت لەبەرنامەیدایە دەنگدان بۆ لێهەستاندنەوەی متمانە لەحکومەت بوروژێنێتەوە.
ئەگەر ئەوە ڕوویدا، واتە دەنگدان بۆ لێستاندنەوەی متمانە لەحکومەت سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئەوا دەبێ لەماوەی (١٤) ڕۆژدا حکومەت بەجێگرەوەی حکومەتێکی نوێ و سەرۆکوەزیرانی نوێیەوە بێتەپێشەوە بۆ پێدانی متمانە و پەسندکردنی.
لەوانەیە ڕێفراندۆمێکی دیکەش پێشنیارێکی دیکە بێت ئەگەر برێگزیت هەروا بەهەڵواسراوی و بەبێ چارەسەری مایەوە، هەر لەبارەی ڕیفراندۆمەوە لەخۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی لەندەن کە دەگوترێ ملیۆنێک خەڵک بەشداری تێداکردوە و داوا دەکەن جارێکی دیکە دەرفەت بەخەڵک بدرێ دەنگ لەسەر برێگزیت بداتەوە، جا دەنگدانەکە وەکو ڕیفراندۆمێک بێ لەسەر ڕێکەوتنەکەی حکومەت یان شێوەی ڕێفراندۆمێکی تازە بێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەرفەت بدرێتەخەڵک بەبەرچاو ڕوونی تازەوە بریاری جیابونەوە یان مانەوە لەیەکیەتی ئەوروپادا بدەن.
شیاوی گوتنە، لەدوای ئەو ڕەوشە تازەیەی بەردەم برێگزیت، پەرلەمان پاڵپشتی دواخستنی برێگزیتی دەکاتو، سەرۆکوەزیرانیش بەجیدی داوای درێژکردنەوەی ناکات، ئەگەرچی نامەی درێژکردنەوەی ناردوە بۆ یەکیەتی ئەوروپا بەڵام پاڵپشتی درێژکردنەوەی ناکات.
یەکیەتی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژکردنەوەی برێگزیت دەدات و لەو ماوەیەشدا تا کۆتایی ئەو مانگە حکومەتی بەریتانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕێكەوتنەکەی سەرکەوێت.
ڕێکەوتنە تازەکەی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا زیاتر فۆکەسی لەسەر سنوری نێوان ئێرلەندا و، ئێرلەندای باکوورە کە (باکستۆپ) لەڕێکەوتنەکەی پێشوودا هەبوو هەڵگیراوە و لەجیاتی ڕێكخستنێکی تایبەتی دانراوە کە پێویست بەدانانەوەی سنوور ناکات.
هەروەها بەریتانیا دەرفەتی ڕێکەوتنی بازرگانی ئازادی لەگەڵ وڵاتان دەبێ، وە ئەگەر ڕێکەوتنەکە جێبەجێبکرێ ئەوا پێکەوە لەگەڵ یەکەیەتی ئەوروپا بەنیازن ڕێکەوتنی بازرگانی بەبێ چەسپاندنی پێناسی گومرگیبەسەریەکتریدا ئەنجامبدەن کە بۆ هەردوولا مایەی خێر و قازانج دەبێت.
سەرچاوە: بی‌بی‌سی، ڕۆیتەرز

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler