تشرینی یەکەم 21, 2020

ڕۆژئاوا، قوربانیی هاوپەیمانییەکان؟

لەگەڵ دووەمین هەفتەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردان لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، نەخشەی هاوسەنگییە سەربازی و سیاسییەکان دەگۆڕێن و هاوپەیمانییەکان بە خێرایی ڕوودەدان و هێشایش وێنەی کۆتایی ڕوون نییە، بەڵام بێگومان بژاردەکانی بەردەم کوردەکان، کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی پێکدەهێنن، کەمبۆتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لەسەر ئاستی سەربازی و کارگێڕی لە ساڵانی ڕابروودا لە سوریا بەدەستیان هێناوە.

دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە کوردەکان، وایلێکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە سەرپەرشتی ڕوسیا بکەونە دانوستان، کە بووە مایەی لێکتێگەیشتنی بڵاوکردنەوەی سوپای سوریا لە سنوورە هەڕەشەلەسەرەکاندا و چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەزگای ئاساییش و هەواڵگرییش بەرەو یەکلاییبوونەوە دەبات.
بەڵام سەرکردەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "مەزڵوم عەبدی"، ڕەتیکردەوە هیچ سازشێک بۆ دیمەشق بکەن و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "ڕوناهی" کە نزیکە لە کارگێڕی خۆجێیی ڕۆژئاڤاوە، ڕایگەیەند: ''لێکتێگەیشتنی سەربازیی تەنیا دەستپێکی گەڕێکی دوورودرێژی مشتومڕ و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان دەبێت تاوەکو مافەکانی گەلانی ڕۆژئاڤا لە دەستووری نوێی سوریادا دەچەسپێنرێت''.
بەڵام ئەزموونەکانی چەند مانگی ڕابردوو بە ڕوونی دەریدەخەن کە حکومەتی سوریا بە تووندی ڕەتیکردۆتەوە لەسەر ئەو بنەمایانە دانوستان بکات کە عەبدی دیاریی کردوون، بە تایبەتیش بەکارهێنانی زاراوەی وەکو 'گەلانی ڕۆژئاڤا' (کە بە واتای ڕۆژئاوای کوردستانە) ڕەتکراوەتەوە، چونکە لە حزبی بەعسی حوکمڕانی سوریا، حزبێکی ناسیۆنالیستە و هێشتایش ئامادە نییە ناوی دەوڵەتەکە لە "کۆماری عەرەبیی سوریا" وە بگۆڕێت بۆ "کۆماری سوریا".
بەرپرسانی حکومی سوریا بە وەفدە کوردییەکانیان وتووە کە تاکە بنەمای دانوستان، قەبوڵکردنی گەڕانەوەیە بۆ مێژووی بەر لە دەستپێکردنی ململانێکانە لە ساڵی 2011.
"ئاڵدار خەلیل"، یەکێک لە سەرکردانی هەدەسە، پێشتر ئاشکرایکرد کە نیازی خۆیان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەت بە سەرپەرشتیی و دەستەبەریی ڕوسیا دەربڕیووە لەسەر بنەمای ڕەشنووسێک کە پێشکەشی حکومەتی سوریا کراوە، بەڵام حکومەت هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە چونکە نەیویستووە لەسەر ئەو ڕەشنووسە دانوستان بکات. ئەم مەسەلەیە هەنگاوێ چووە پێش کاتێک دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد بە نیازە هێزەکانی خۆی لەسەر سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەیش وایکرد حکومەتی سوریا هەڵوێستی بەهێزتر ببێ و هیچ سازشێک بۆ ئیدارەی ڕۆژئاڤا نەکات، چونکە وایبۆچووە دوای کشانەوەی ئەمریکا، باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی تورکیا و بەمەیش بە تەنیا دەمێننەوە و دەکەونە ژێر هەڕەشە و فشار. دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا، دروستیی ئەم بۆچوونەی حکومەتی دەرخست.
تورکیا دووەمین بەهێزترین سوپای بەهێزی ناتۆیە و هەدەسەیش ئەزموونێکی زۆری جەنگی پارتیزانیی هەیە. ئەوەی یارمەتیی تورکیا دەدات سروشتی دەشتایی و بێ بەرزونزمی ئەو ناوچانەیە کە هێرشی بۆ کردوون، بەڵام دوای نزیکەی نۆ ڕۆژ نەیانتوانی کۆنترۆڵی سەری کانی بکەن، ئەگەرچی چەندین جۆری بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی بەکارهێناوە. سوپای سوریایش ناوچەی ستراتیژیی نێودەوڵەتیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوە، یەکەیەکیشیان چوونەتە شاری کۆبانێ، بەڵام بە هێمنی دەجوڵێت و لە چەند قۆڵێتەوە بڵاودەبنەوە بەڵام هیچ یەکەیەک نەگەیشتوونەتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات بۆ سەر سنوورەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ڕەنگە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەلای تورکیاوە خاڵێکی نێگەتیڤ نەبێ، چونکە ئۆردوگان ڕایگەیاند ''چوونەناوەوەی هێزەکانی سوریا بۆ شاری مەنبەج، بەلای ئەنقەرەوە بەرەوپێشچوونێکی نێگەتیڤ نییە'' و جەختیشی کردەوە ''ئەوەی بەلای ئەنقەرەوە مەبەستە لەنێوبردنی هەڕەشەی چەکدارە کوردەکان"ـە. بۆیە هاوپەیمانی سوری-ڕوسی ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەسەر حسابی بەرژەوەندیی کوردەکانی ڕابگرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا هێزەکانی سوریای دیموکراتی بێئومێد نەبوون لە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا، بەتایبەت دوای ئەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی نامە بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت و ئەویش پەیوەندیی پێوە دەکات. دیارە ئیدارەی ئەمریکی لە زاری ترەمپەوە ئەوە ڕادەگەیەنن کە هیچ ناڕەزایەتییەکیان لەوە نییە کە هێزە سووری-ڕووسییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی ڕۆژئاڤا بڵاوببنەوە. ماوەی ساڵێکیش دەبوو هەدەسە بە ڕوسیای ڕاگەیاندبوو بە گوێرەی ڕێکەوتن ڕەزامەندن لەسەر دانانی هڕزەکانی حکومەت لە ناوچە سنوورییەکاندا بە مەرجێک ئەو یەکە سەربازییانە لە خەڵکی خودی ئەو ناوچانە پێکهاتبێت.
لەلایەکیتر ڕێکەوتنی تورکیا-ئەمریکایش بۆ هەدەسە بێ کێشە نییە و ڕەنگە بەشی زۆری دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا لەنێو ببات، چونکە لەوانەیە تورکیا تەنیا بەو مەرجە بە ڕاگرتنی یەکجارەکیی هێرشە سەربازییەکانی ڕازیی بێت، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تەواوەتی لە چەک دابماڵرێن و هێزە سەربازییەکانیان هەڵبوەشێتەوە. ئەمەیش هەمان ئەو شتەیە کە حکومەتی سوریایش ژێربەژێر دەیەوێت. بۆیە ڕێکەوتنی ئەمریکا و تورکیا بۆ سوریا مایەی نیگەرانییەکی ئەوتۆ نابێت، گەر بتوانێت دەستبگرێتەوە بەسەر ناوچەکانی کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خۆجێی ڕۆژئاڤادا. بەم جۆرە هەدەسە کەوتۆتە دۆخێکی دژوارەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە مەترسی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون و گۆڕینی دیمۆگرافیا لەسەر ناوچەکانی هەیە. دیسانیش ئەم ڕێکەوتنانەدا، خەونێکی دیکەی کوردیی بەرەو بەتاڵبوونەوە برد، بەڵام هێشتا گەمەکان کۆتاییان نەهاتووە و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئیرادەیان لەدەست نەداوە. تۆبڵیی بتوانن بە کەمترین زیان خۆیان لەم بەرداشە ڕزگار بکەن؟

سەرچاوە:
ڕاپۆرتی کەناڵی بی بی سی.
https://www.bbc.com/arabic/middleeast-50083497

© 2017 Hawler