حوزەیران 01, 2020

رۆژئـاوا بـه ‌ره‌و كـوێ؟

کوردی رۆژاوا، چەند ساڵێکە رۆاژاوای کوردستان بەڕێوە دەبەن و، دەڵێن کوردستانی رۆژاوایان کردووەتە شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو دانیشتوانی رۆژاوا، بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە؛ بە ئیسلام و دیانەوە. هەندێکانیش دەڵێن ئەزموونەکەی رۆژاوا ئەزموونێکی تا بڵێی تاڵە و، بە هەزارانی لەپێناودا بەکوشت چووە و، ئەوەتا بە هاتنەوەی سپای سووریا چوونەوە دۆخەکەی جاران.

حەفتەیەکە سوپای تورکیا، دووەم هێزی ناتۆ، لەگەڵ هەزاران چەکداری [گوایە] ئیسلامیدا کە زۆربەیان خەڵکی سووریان، لە حەواو و زەمینەوە پەلاماری رۆژاوای کوردستانیان داوە؛ [ناوی کوشتوبڕەکەیشیان ناوە: سەرچاوکەی ئاشتی!]؛ لە شەوی پەلامارەکەدا لە مزگەوتەکانی تورکیاوە بانگی سەرکەوتن (اذان الفتح)ـیان دا؛ چەکدارەکان بە دەم ئەڵاهووئەکبەرەوە هێرشیان کردە سەر کوردی رۆژاوا.
تورکیاهێزەکانی یەپەگەی پێ پەکەکەیە و، بە رەشکوژ و تیرۆریستیان دەزانێ و، دەڵێ گوایە ئاژاوە دەخەنە تورکیاوە و، هەڕەشەی کردووە هەرچۆنێک بووبێ دوایان دەبڕێتەوە، با ناتۆیشی لێ عاجز ببێت.
کە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئه‌مریکا، لەپڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە رۆژاوای کوردستان راگەیاند، ئەردۆغان هەلی بە دەرفەت گرت و سنووری بەزاند؛ بەڵام خەڵکی دنیا لەو پەلامارەدا هاوسۆزی کوردی رۆژاوانە و خەمی کوردیان لێ نیشتووە.
ئێستا لە شاری (سەرێ‌کانی)ـدا شەڕێکی سەخت و دەستەویەخە؛ سوپای تورکیا یاخیەکانی سووریای بەر داوەتە گیانی کوردەکان و خۆیشی لە پشتەوە بە تۆپ و فڕۆکە و چەکوچۆڵ پشیتیوانییان لێ دەکات؛ هەتا دێ خەڵک و لایەنی زیاتر لە تورکیا دێنە دەنگ و ئەو شەڕ و پەلامارەیان پێ ناڕەوایە بەڵام کورد گوتەنی، ئەو نانەی نانە وا لە خوانە؛ قسەی بێکردەوە چ سوودی نیە و کورد بۆ ئەوەی بەری تورکیا بگرێ ناچار بووە دەستەوداوێنی رووسیا ببێت و، لێ بگەڕێت هێزەکانی سوپای سووریا لە چەند شار و ناوچەیەکی سەر سنوور، بکەونەوە بەین.
دۆناڵد ترەمپ لە گۆڕەپانی شەڕدا،پشتی کوردی بەر داوە بەڵام کورد، رای خەڵکی دنیایان لەگەڵدایە؛ یەکیەتیی ئەورووپا و کۆمکاری عەرەب پەلاماردانی سووریایان پێ ناڕەوایە و لە تورکیا هاتوونەتە دەنگ؛ کۆنگرێسی ئەمەریکایش، بە زۆرینەی دەنگ، بە کۆماریخواز و دیمۆکراتەوە، بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکایان پێ کارێکی هەڵەیە؛ چاک شۆمەر ئەو گەڵاڵەیەی بردبوویە کۆنگرێسەوە؛ ٣٥٤ کۆنگرێسمەن بە ئەرێ دەنگیان داوەتە گەڵاڵەکە و ٦٠ کۆنگرێسمانیش نەرێیان لێ کردووە.
 سیناتۆرە دەستڕۆیشتووەکانی کۆماریخوازەکان، بە تایبەت میت رامنی و مارکۆ رۆبیۆ و لیندزی گراهام، هەمیشە پشتی دۆناڵد ترەمپیان گرتووە بەلام لە بابەتی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژاوای کوردستان هاتوونەتە دەنگ و بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپیان پێ هەڵەیەکی زەق و گەورەیە؛ داوایان کردووە کشانەوەکە رابگیرێت و ئەمەریکا پشتی کوردی رۆژاوا بگرێتەوە؛ ئەو بڕیارەی ترەمپ، پێگەی ترەمپی تەنانەت لەناو کۆماریخوازەکانیشدا سست کردووە و، لە هەردوو لاوە تین و زۆریان بۆی هێناوە واز لەو چەشنە بڕیارانە بهێنێت.
لیندزی گراهام سیناتۆریبەسام و پشتیوانیدۆناڵد ترەمپ، دەلێ لەگەڵ دیمۆکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکادا پێکەوە گەڵاڵەیەکیان نووسیوەتەوە هەتا تورکیای وەکو ئێران، پێ گەمارۆپێچ بکەن.
لەو کەینوبەینەدا، کوردێکی زۆر دڵیان ساردەوە بووە بەڵام هەندێکیش دەڵێن ئەو پەلامارهێنانەی تورکیا، دەبێتە هۆی ئەوەی دنیا کورد بناسێتەوە؛ ئەو دەهەزار شەهیدەی کوردی رۆژاوا لە شەڕی داعشدا پێشکەشیان کردووە، کۆمەڵێ دەست و دۆستی بەهێزی لە ئەورووپا و ئەمەریکا بۆیان دەستەبەر کردووە.
کوردەکان سێ ساڵی رەبەق شەڕی داعشیان دەکرد؛ هێشتا ئۆخەیەکیان نەکردووە سپای تورکیایان لێ راساوە؛ دووەم هێزی ناتۆ.
زۆر چالاکی کورد، سەرکردە کوردەکانیان داوەتە بەر رەخنە و دەڵێن نەدەبا بڕوایان بە ئەمەریکا کردبا و پشتیان بەو وڵاتەوە دابا، هەتا ئێستا ناچاری دەستی بەشار ئەسەد بووبان؛ مەزڵووم کۆبانێ، سەرۆکی هێزەکانیکوردی رۆژاوا دەڵێ جارمان ناچار بوو، ئەگین دەستی ئەسەدمان رانەدەکێشایەوە؛ ساڵی ٢٠١٤، ئەو کاتەی داعش لە سێ لاوە تەوقی کردبووین، تورکیایش سنووری لی داخستین؛ هەرچوار لامان لێ گیرابوو؛ ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکادا رێک نەکەوتباین، بە یەکجاری تێدا دەچووین؛ بەو رێککەوتنە ژیانێکمان بە بەر گەلەکەماندا کردەوە؛ ئەوە قسەی مەزڵووم کۆبانێیە.
کوردی ئێران وئێراق و تورکیا، دڵیان بەوە خۆس بوو بەشکەم ئەو ئەزموونەی رۆژاوا، بە یەکجارەکی سەر بگرێت و، ببێتە شێوازێک بۆ کوردی سێ پارچەکەی دیکەش؛ کە هەواڵی هێرشهێنانەکەی تورکیا کەوتە گۆڕی، خەمیان لێ نیشت و کەوتنە بژنینەوەی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان بەڵکوم هەواڵی رۆژاوا بزاننەوە؛ کوردێکی زۆر لە شارەکانی ئێران و ئێراق و تورکیا و، تەنانەت لە وڵاتەکانی ئەورووپایشدا هاتنە سەر شەقام و، بۆ کوردی رۆژاوا بەرۆکیان دادەڕی و خەمیان دەربڕی.
بە تەلەفۆن، پەیوەندیەکم بە فەرماندەیەکیهێزی دیمۆکراتیکی سووریاوە کرد و باسی ئەگەر و نەگەری کەوتنی رۆژاوام لەگەڵیدا کرد؛ ئاراس ورمێییلە قامیشلێوە ئاوەهای وەڵام دامەوە:
"بۆ شەڕی ئەو داعشەی دنیای دەترساند، یانزەهەزار شەهیدمان دا و،بە هەزارانیشمان لێ چەل (کەمئەندام) کەوت؛ کەچی ئێستا تەنیاباڵ کەوتووینە."
پرسیارم لێی کرد ئەی خوێنی ئەو هەموو کوڕ و کچە گەنجەی خۆیان بەخت کرد، بەفیڕۆ نەچوو؟ بەبێ سێودوو گوتی: "هەر هیچ؛ کاکە ئێمە شەڕی رێکخراوێکی هەرە دڕندەی [گوایە] ئیسلامیمان دەکرد و جڵەویشمان کردن؛ مێژوویەکمان تۆمار کردووە و ئەو داستانەش دووبارە دەبێتەوە؛ خۆ هەر بۆ کورد شەڕمان نەکردووە، بە نوێنەرایەتیی مرۆڤایەتی، شەڕی داعشمان کرد؛ مێژوو حوکمی ئێمە و دۆناڵد ترەمپیش دەکا؛ ویژدانمان ئاسوودەیە."
بۆ رووماڵکردنی گۆڕانکاریەکانی ئەو ناوچەیە، لەو چەند ساڵەدا چەند جارێک چوومەتە ناوچەی رۆژاوا؛ یەکەم جار بە نهێنی و بە بێدەنگێ چووینە رۆژاوا؛ ئەوە حەفت ساڵ لەمەوبەر بوو ئێمەی تیمی بی‌بی‌سی بۆ رووماڵکردنی ناوچە کوردنیشەکانی سووریا پێکەوە رۆیشتبووین بۆ باکووری سووریا؛ کە بەهارە عەرەبانیەکە داهات، چەند شارێکی ئەو وڵاتە کەوتە دەست هێزە کوردەکان، بەڵام هێشتایش لێرەولەوێ هەندێ هێزووکەی سوپای سووریا لە ناوچەکەدا مابوونەوە؛ وێنەی بەشار ئەسەدیش بە سەردەری هەندێ فەرمانگە و بەڕیوەبەرایەتیەوە هەر مابوو، بەڵام تۆزێکی قورسی لێ نیشتبوو؛ ئەو دەم هێشتا بە فەرمی ناوی رۆژاوای لێ نەنرابوو؛ یەکینەی پاراستنی گەل(یەپەگە) بە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووبوونەوە بەڵام لەگەڵ سپای سووریادا دەتگوت رێککەوتنێکیان لەنێواندا هەیە بۆیە تەقە لە یەک ناکەن؛ ئەو کاتە کردمە جواب و لە فەرماندەیەکی یەپەگەم پرسی: "ئەوە چۆنە بە گژ ئەو هێزە خوێنەخوارەی ئەسەددا ناچنەوە؟ ئاوەها لێم هاتە وەڵام:
"کێشەی ئێمە بە کوشتنی سەربازێکی داماوی سپای سووریا چارە نابێت؛ داخوا کوڕی کامە بنەماڵەیەکی هەژارە و رەشبگیر کراوە و لە ناچاریدا هاتووە شەڕی ئێمە؛ ئەوەندەی پێمان بکرێت خۆمان لەو شەڕە لا دەدەین؛ لەو حەفت ساڵەدا مەگەر بە دەگمەن، ئەگینا لێمان نەبووەتە شەڕ."
نزیکەی سێهەکێکی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، خەڵکی رۆاژاوای کوردستان بوون؛ ساڵی ٢٠١٤ـی زایینی، کە شەڕی داعش هەڵگیرسا، زۆربەی ئەو کوردە رۆژاواییانەی ناو پەکەکە چوونەوە بۆ رۆژاوا و، بەو ئەزموونە هەیانبوو، بە هەزاران ژن و پیاویان رێک خست و، شەڕ و بەرخۆدانیان پێ فێر کردن. سێهەک واتە یەک لەسەر سێ؛ وەکچۆن دەڵێین چارەک، سێهەکیش هەر بەو شێوازە رۆنراوە.
کە داعش پەلاماری کوردە ئێزدیەکانی باشووری کوردستانی دا لە ئێراق و، پاشان شارە کوردنیشەکەی کۆبانێی رۆژاوای کوردستانیشی تەوق کرد، یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەها چوونە شەڕی داعشەوە، دنیایان سەرسام کرد و ناوبانگیان بە دنیادا داکەوت.
ساڵی201۴، مانگی ئاب، هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە، بە شەڕێکی خوێناوی لە جەرگەی ناوچە داگیرکیراوەکانی بن دەستی داعشەوە لە سووریا، رێگایەکیان بەرەو کوێستانە گەمارۆدراوەکەی شنگال کردەوە هەتا بچنە هانای کوردە ئێزدیەکانەوە؛ ئەوە یەکەم جارێک بوو دەستەی هەواڵەوانیەکەی بی‌بی‌سی وچانیان پێ درابوو لەگەڵ یەپەگەدا بچنە کوێستانی شنگالەوە؛ ئێمەی هەاڵەوان بە چاوی خۆمان دیتمان یەپەگەچۆن ئەو هەزارن ئێزدیە گیرۆدە برسی و تینووەیان بە باری (بارهەڵگر) گەیاندە کوردستانی رۆژاوا و لەوێیشەوە گەیاندنیانەوە کوردستانی باشوور؛ یەپەگە ئەوەندە بە بیروباوەڕەوە شەڕی داعشیان دەکرد، سەرنجی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکایان راکێشا.
ساڵی201۴ـی زایینی، داعش لەسووریا و ئێراق، لەپڕ پەلاماری دەیان شاری گەورە و گچکەی دا و داگیری کردن و خەلافەتێکیان لێ راگەیاند؛ شاری رەقەیان کردە پایتەخت و، بە قسەی خۆیان دەستیان کردە پیادەکردنیشەریعەتی ئیسلام؛ ئەڵبەت ١٣٠ کیلۆمەتر ئەولاتری شاری رەقە، لە شارە بچکۆلانەکەی کۆبانێدا هێزەکانی یەپەگە بە بەرچاوی راگەیاندنەکانی دنیاوە، ئازایەتی و داستانێکی سەیریان تۆمار کرد؛هێزەکوردەکان لەو شارەدا چەند مانگی رەبەق شارەکەیان لەو داعشە دڕە پاراست و لێ نەگەڕان شارەکەیان لێ داگیر بکات؛ داعش لە سێ لاوە گەمارۆی دابوون و تورکیایش سنووری لێ داخستبوون. بەرخۆدانی کوردەکان، ئەوەندە سەرنجی خەڵکی دنیای جووڵاند کە باراک ئۆبامایسەرکۆماری ئەو کاتەی ئەمەریکا بڕیاری دا لە ئاسمانەوە پشتیان بگرێت؛ گەمارۆکە شکا و کورد سەر کەوت و، ئەو داعشەی وا کەس دەرەقەتی پەلاماری نەدەهات بە دەستی کورد سامەکەی جارانی نەما.
کەدۆناڵد ترەمپ گەیشتە دەسەڵات، سەرەڕای نەرێکردن و نقە و ملەجڕەی تورکیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، سەدان هێزی تایبەتیان ناردە ناوچەکە بەڵام بۆ هێورکردنەوەی تورکیا،یەپەگە ناوی خۆیان گۆڕی و کردیان بە هێزی دیمۆکراتیکی سووریا(هەسەدە)، ئەڵبەت زۆرینەیان هەر کورد بوون؛ ئەمەریکا،کورد و عەرەبی پێکەوە فێرە شەڕ دەکرد و چەکوچۆڵی بۆ دەناردن و بە فڕۆکەیش پشتیوانییانی دەکرد؛ ئەو هێزە زۆرینە کوردە، بە دوو ساڵ داعشیان راماڵی و لە شاریرەقەوە بگرە هەتا ناوچەی باگۆێزی دێرەزوو، هەرهەموویان گرتەوە.
سانکا (سیستەم)ـی حوکم لە رۆژاوا، هاوسەرۆکانی و راوێژانیە؛ هەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایتیەکی ئەوێ، دوو کەس پێکەوە بەڕێوەی دەبەن؛ ژنێک و پیاوێک؛ ئافرەت نیوەی کۆمەڵگایە و، هەم دایکایەتی دەکا و هەم سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتی؛ سەرێکی گۆڕستانەکانی رۆژاوا بدەیت، یانزە هەزار شەهید دەبینیتەوە کە بە هەزارانیان لێ ئافرەتن؛ [ژنی رۆژاوا لە شەڕ و لە ئاشتیدا دەستی هەیە؛ شین و شایی، دەستەوایی.]
سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگای رۆژاوای کوردستان، کۆمەڵگایەکی نەریتانی و ئیسلامی و کۆنباوە بەڵام، حوکمەتە خۆبەڕێوەبەرەکەی رۆژاوا، دووژنە و سێژنە و، کچ‌بەشوودانی زۆرەملێیش قەدەغە کردووە و، ئەوەی کچ و خوشکی خۆی بە زۆر بداتە شوو، یان ژنی هەبێ و بیکاتە دوان و سێان، سزانە (غەرامە)ی لێ وەردگیرێ و دەخرێتە زیندانیشەوە.
ئەڵبەت نەیار و خەنیمە کوردەکانی ئەزموونەکەی رۆژاوا دەڵێن شێوازی حوکمداریەکەی رۆژاوا، ستالین‌ئاسایە و رەق؛ لەگەڵ هیچ حزبێکی دیکەی رۆژاوادا هەڵناکات و، خۆی بە تاقی تەنیا حوکمی رۆژاوا دەکات و، لێ ناگەڕێت ئەو حزبانەیش بۆ خۆیان چالاکی بکەن و بنکەوبارەگایان هەبێت و جاڕی حزبەکەیان بدەن؛ تەنانەت ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەو حزبانە، دەیگرێت.
کەوشەنی بن دەستی کوردەکانی رۆژاوا لە باکووری سووریا، ناوچەیەکی بێئاژاواە و هەرە ئارامی سووریایە؛ جارێکیان چووبووین بۆ رۆژاوا، بازگەوانێکی ئەو بازگەیەی پێیدا تێدەپەڕین، خاچێکی بە ملەوە بوو؛ ئەو هاوکارە بەریتانیاییەی لەگەڵماندا بوو، سەری سڕما و لە کابرای خاچ‌بەملی پرسی: "دەڵێی دیان (مەسیحی)ـیت؟" بازگەوانەکەیش وەڵامی دایەوە: "لەم بازگەیەدا، کورد و عەرەب و مەسیحی، هەرهەموومان پێکەوەینە."
 کە داعش شکا، هێزی دیمۆکراتیکی سووریا بوو بە یەکەم هێزی چەکداری گۆڕەپانی سووریا؛ بەڵام لەشکرێکی بێ فڕۆکە و بێ تۆپ و تانک؛ کە ئەمەریکا پشتیانی بەر دا و، تورکیا هێرشی کردە سەریان، ناچار رووسیایان کردە ناوبژیوان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بەشار ئەسەدە کۆنەدژمنیاندا مامەڵەیەک بکەن.
هێشتا وردەکارانی رێککەوتنەکەی کوردی رۆژاوا و بەشار ئەسەدنەدرکاوە بەڵام ئەوەندەی لێ دیارە کە وا بڕیارە هێزەکانی سوپای سووریا بێنەوە بۆ سنووری نێوان سووریا و تورکیا.
هەندێک دەڵێن ئەو مامەڵە و رێککەوتنە، دەبێتە خۆرنیشی ئەزموونەکەی "رۆژاوا" و هاتنەوەی گوڵمشتەی ئاسن (مستی ئاسنین)ـەکەی بەشار ئەسەد؛ ئەو ئەزموونەی وا کوردی هەرسێ پارچەکەی دیکەیش دڵیان پێی خۆش کردووە و هیوایان پێیەتی؛ ئەڵبەت ئازاد هەوراز، یەک لە فەرماندە رۆژهەلاتیەکانی رۆژاوا دەڵێ ئەو ئەزموونە نامرێت و، وەختی دابێ پەەر دەستێنێت و، بە وڵاتانی ناوچەکە و لە ناو گەلانی ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە؛ ئاخر تاکە رێگایەکە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو گەل و دینێک؛ کورد و فارس و تورک و عەرەب؛ ئیسلام و ئێزدی و دیان و جوو؛ ....

 

ئا: د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler