حوزەیران 01, 2020

کەتەلۆنیا دەستبەرداری سەربەخۆیی نابێت

لەدوای بڕیاری دادگای باڵای ئیسپانیا بۆ سزادانی سەرکردەکانی کەتەلۆنیا لەبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ویستی جیابونەوە، خەڵکی کەتەلۆنیا بەخۆپیشاندان و ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگا ڕژانە سەر شەقامەکان و سوورن لەسەر هەقی رەوای خۆیان کە مافێکی سروشتیە ئەویش پابەندبوونە بەدیموکراسی و، هەوڵدانە بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەبەرهەڵستیەکی تازەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا داوای ئەنجامدانی دەنگدانێکی نوێ بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا لەئیسپانیا دەکات.
چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندانی جەماوەری ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیای گرتۆتەوە و، خۆپیشاندانەکان بەهۆی یادی دوو ساڵەی ڕیفراندۆم و ئیدانەکردنی زیندانیکردنی چالاکوانەکانی بەرەی جیابونەوە دەستیانپێکرد، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە (١٦ی ئۆکتۆبەر) کە دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاری بڕینەوەی سزای زیندانیکردنی بۆ نۆ سەرکردەکانی بەرەی جیابونەوەدا ڕەوشەکە زیاتر بەرەو توندوتیژی و ئاڵۆزی چوو.
خۆپیشاندانەکان توندوتیژی و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە و وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا بەو هۆیەوە نزیکەی (١٠٠) خۆپیشاندەری دەستگیرکردوە.
بڕیاری دادگا بۆ زیندانیکردنی سەرکردەکانی بەرەی جیابونەوە توڕەیی گەورەی لەنێو جەماوەری کەتەلۆنیادا دروستکردوە، وە خۆپیشاندانەکان لەڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەرفراوانتربوون و، قوتابیان و، سەندیکایەکانی کارمەندانیش بەشداریان تێداکردوە.

خەونی سەربەخۆیی واز لێ ناهێنین:
سەرکردەکانی بەرەی جیابونەوە لە کەتەلۆنیا لەدوای دوو ساڵ لەڕیفراندۆمی پێشویان و سزدانیان لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەڵام هێشتا سوورن لەسەر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دەڵێن وازی لێ ناهێنین.
لەو بارەیەوە (کوییم تۆرا) سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا گوتی، ئەگەر بۆ (١٠٠) ساڵیش لەسەر دانانەوەی سندوقەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا زایندانی بکرێین هێشتا وەڵامی ئێمە ڕوونە کە پێویستە جارێکی دیکە سندوقەکانی دەنگدان بۆ مافی چارەی خۆنوسین بێنینەوەدەرێ و دەنگدان ئەنجامبدەین.
دادگای باڵای ئیسپانیا سزای زیندانیکردنی دەیان سەرکردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جوداخوازانی کەتەلۆنیا بڕیوەتەوە لەسەر ئەوەی هانی خەڵکیانداوە بۆ جیابونەوە لەئیسپانیا، ئەو هەڵوێستەی حکومەتی ئیسپانیا نیشانی جیابونەوەخوازان و دیموکراسیخوازانی دەدات تاریکترین بەشە لەمێژووی دەیەی ڕابردوودا.

بەرشلۆنا ناوچەیەکی دەوڵەمەندە:
کەتەلۆنیا کە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیە و نزیکەی حەوت ملیۆن و نیو کەسی تێدا دەژین، ئەوان زمانی تایبەتی خۆیان و، پەرلەمان و ئاڵای خۆیان هەیە و، هەروەها لەناو ئیسپانیادا ناوچەکەی ئەوان دەوڵەمەندترینە و، حکومەتی ئیسپانیا بەشێکی زۆری وڵاتەکەی لەسەر سامانی کەتەلۆنیا بەڕێوەدەبات.
پرسی سەربەخۆی پرسێکی بەرهەڵستیکارە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە، هاوکات خەونێکی لەبن نەهاتوشە لەلایەن خەڵکی بەرشلۆنا و هەرێمی کەتەلۆنیاوە، بۆیە هیچیان بۆ هیچیان دەست نادەن و سازش لەسەری ناکەن، ئەگەر ئەو پرسە بەدیموکراسی یەکلایبکرێتەوە دەبێ بدرێتە دەست خەڵکی کەتەلۆنیا و ئەوان بڕیار لەسەر ویستی دواڕۆژی خۆیان بدەن، بەڵام بەگوێرەی دەستوور ئەوە نایاساییە.
سەرکردەکانی بەرەی سەربەخۆیی لەساڵی (٢٠١٧) ەدا خواستی جیابونەوەیان ڕاگەیاند و ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، بەڵام حکومەتی ئیسپانیا بەتوندی ڕووبەڕوویان بۆوە و کۆنتڕۆڵی کەتەلۆنیای بۆ ماوەیەک گرتەوە دەست و، سەرکردەکانی ڕووبەڕووی یاساکردنەوە.
دادگای باڵای کەتەلۆنیا (١٣ ساڵ) زیندانی بۆ سیاسیەکان و چالاکوانانی بەرەی جیابونەوە بڕیەوە، ئەو بڕیارەی دادگا خۆپیشاندان و، توڕەیی و توندوتیژی گەورەی کەتەلۆنیەکانی لێکەوتۆتەوەو بەردەوامی هەیە.
خۆپیشاندانەکان لەهێمنی و ئاشتیەوە گۆڕاون بۆ توندتیژی و سوتان و زیانگەیاندن بە ماڵ و سامانی گشتی، کە بەو هۆیەوە بەدەیان ئۆتۆمبیل سوتاون و، شارەوانی بەرشلۆنا زیانەکانی بە زیاتر لە ملیۆنێک یۆرۆ خەمڵاندوە، حکومەتی ناوەندی و هەرێمی ئیدانەی خۆپیشاندانی بەتوندتیژیەوە دەکەن و داوای هێوری و هێمن بوونەوە لەهاوڵاتیاندەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز) شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی کەتەلۆنیا نیگایان لەوانە وەرگرتوە کە غاندی لەساڵی (١٩٣٠)دا سەرکردایەتی دەکردن، هەروەها لەو خۆپیشاندانەش کە لەلایەن سەرکردەکانی مافە مەدەنیەکانی ئەفەریقاییەکانی ئەمەریکاوە لەواشنتن لە ئازاری ساڵی (١٩٦٣)دا ڕێکخرابوو.
شیاوی گوتنە، هەرێمی کەتەلۆنیا کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیاوە بەناوچەیەکی دەوڵەمەند و گەشتیاری مەزن ناسراوە و، ساڵانە داهاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی ئیسپانیا دابیندەکات.
ڕۆژی (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) کەتەلۆنیاییەکان ڕۆژێکی مێژووییان بەڕێکرد، لەلایەک جۆش و خرۆشی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی و، لەلایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی توندتیژییەکانی پۆلیسی نیشتمانی بونەوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە نزیکەی (٢،٢ملیۆن) دەنگدەر توانیان دەنگبدەن و، لەو ڕێژەیە نزیکەی (٩٠%) یان بەبەڵی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە.
ئیسپانیا لەو کاتەوە تائێستا لەسزادانی سەرکردەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەتەلۆنیا بەردەوامی هەیە، ئەوەش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و توندتیژی لێکەوتۆتەوە.
(تۆررا) سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا کە پارتەکەی پاڵپشتی سەربەخۆیی دەکات، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی وێڕای ئیدانەکردنی توندتیژی خۆپیشاندەران و داوای لێکردن کە بەئاشتی و بەهێمنی خۆپیشاندان بکەن، لەهەمان کاتیشدا هۆکاری ئەو ڕەوشەی ئێستای گەڕاندەوە بۆ بڕیاری دادگای باڵا و زیندانیکردنی سەرکردەکانیان.
وە گوتیشی تاوانبارکردنی دەیان کەسیجوداخوازئەوە گەورەترین پاشەکشەی دیموکراسیە لەوڵاتدا لەدوای نەمانی سەردەمی دیکتاتۆری فرانسیسکۆ فرانکۆوە.
سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا سورە لەسەر ئەنجامدانی دەنگدانێکی دیکەی سەربەخۆیی و دەڵێ، سزادانی سەرکردەکانمان وامان لێدەکات کە دەبێ تاوەکو کۆتایی ساڵی (٢٠٢١) واتە پێش تەواوبوونی ئەو خولەی حکومەت دەنگدانێکی دیکەی سەربەخۆیی ئەنجامبدەین.
بەگوێرەی دەستووری ئیسپانیای ساڵی (١٩٧٨)، خاکی وڵاتەکە بەیەکگرتووی دەمێنێتەوە، وە دادگاش پێشتر هەموو ئەو هەوڵانەی ڕیفراندۆمی ڕێ لێگرتوون و بەنایاسایی لەقەڵەمیان دەدا.

© 2017 Hawler