حوزەیران 01, 2020

هەڕەشەی جیدی و پاکتاوی ڕەگەزی یان گاڵتەی منداڵان

ئەمەریکا لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا شاندێکی باڵای ناردە ئەنقەرە و، پێکەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی تورکیادا بۆ بارودۆخی سووریا کۆبونەوە و دواجار گەیشتنە ڕێکەوتن کە شەڕەکە ڕابگیرێت.

ڕۆژێک دوای ڕێکەوتنەکە، (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا شەڕ و بارودۆخەکەی نێوان تورکیا و، هێزەکانی کوردی بە گاڵتەی منداڵان شوبهاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) لەلایەن (دۆناڵد ترەمپ) ی سەرۆکی ئەمەریکاوە شەڕی نێوان تورکیا و، کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شەڕی نێوان منداڵان وەسفکراوە.
(ترەمپ) لە تەکساسەوە بە خەڵکی ڕاگەیاند، وەکو دوو منداڵ، دەبێ ڕێگایان پێبدەی پێکهەڵپژێن و شەڕبکەن و، ئنجا لێکیان وەکەی.
وێڕای ڕازیبونی تورکیا بەداواکاری ئەمەریکا و ڕێکەوتن بۆ ئاگربەستێکی (١٢٠) سەعاتی، بەڵام ڕۆژی هەینی شەڕ هەبوە و هێزە کوردییەکانی باکووری سووریا دەڵێن تورکیا تۆپبارانی ڕانەگرتوە.
لەسەر دۆخی سووریا کاردانەوەی ناوخۆیی لەشەقامی سیاسی و گشتی ئەمەریکادا دروستبوە و گلەیی لە ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) دەکەن کە بۆچی پشتی کوردی بەرداوە، یان بۆچی یەکەم جار و پێش شاڵاوە سەربازیەکە دەرفەتی ڕێکەوتنی دروستنەدەکرد.
لەلایەنی نێودەوڵەتیشەوە هەڵوێستی ئەمەریکا لەو دواییانەدا لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکرێ، (ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆککۆماری فەرەنسا گلەیی لەهاوپەیمانەکەی ناتۆی دەکات کە لە تویتەکانی (دۆناڵد ترەمپ) ەوە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسووریا زانیوە.
(ماکڕۆن) لە لوتکەی یەکیەتی ئەوروپادا گوتی، ئەوە دەزانم کە لەنێو ناتۆداین، وە ئەمەریکا و، تورکیاش لەنێو ناتۆدان. هەروەکو هەموو ئەوانەی دیکە، لەڕێگای تویتەکانەوە زانیم کە ئەمەریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لەسووریا بکشێنێتەوە.
شەڕی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا زیانی گیانی و قەیرانی گەورەی مرۆیی لێکەوتۆتەوە، وێڕای سەدان بریندار و کوژراوی مەدەنی هاوکات نزیکەی (١٦٠ بۆ ٣٠٠ هەزار) کەس ئاوارەبوون و، وە ترسی گەورەش هەیە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ببێتەهۆی پاکتاوی ڕەگەزی لەسەر دانیشتوانی کورد لەو ناوچەیەدا.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی تاوان و پێشلکاری جنگیان ئەنجامداوە، هێشتا ڕاپۆرتی پشتراستنەکراوەن بەڵامباس لەوەش دەکرێ تورکیا فسفۆری سپی لەسووریا بەکارهێناوە، وە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی سەرگەرمی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاریە لەو بارەیەوە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی چی؟
کورد هێزێکی کاریگەری شەڕی داعش بوون و هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمەریکا بوون لەناوچەکەدا، بەڕێز (ترەمپ) لەسەر هەڵوێستی پشتکردنە کوردەکان توشی ڕەخنەی هاوکارە کۆمارییەکانی بۆتەوە کە بۆچی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی داو ڕێگایداوە تورکیا شەڕ و کوشتار و داگیرکاری لەو ناوچەیەدا ئەنجامبدا.
لەحەفتەی ڕابردوودا نامەیەکی (ترەمپ) کە بۆ (ئەردۆغان) ی ناردبوو لەنێو میدیایەکاندا بڵاوببۆوە، (ترەمپ) بۆ (ئەردۆغان) ی نوسیوە پیاوێکی ڕەق مەبە، نەکەی گەمژە بیت وەرە باڕێکەوتنێکی باش بکەین، ئەو نامەیە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی تورکیا بوە، وە هەندێک سەرچاوەی تورکیا بە (بی‌بی‌سی) یان ڕاگەیاندوە کە ئەردۆغان نامەکەی خستۆتە ناو زبڵدانەوە.

ئێستا بارودۆخی سووریا چۆنە؟
لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕازیبونی تورکیا بۆ ڕاگرتنی شەڕ بەڵام ڕاپۆرتی میدیا نێودەوڵەتیەکان تۆماریان هەیە کە تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی سەرێ کانی سنووری لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بەیانی ڕۆژی هەینی درێژەیان هەبوە، سەرەڕای ئەوەش (ئەردۆغان) ڕەتیکردەوە کە ئاگربەستیان شکاندبێت.
بەپێی ڕێکەوتنەکە، لەدوای کۆبونەوەی (مایک پێنس) جێگیری سەرۆکی ئەمەریکا و، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) تورکیا ڕازیبوە شەڕ ڕابگرێ، بەهەمان شێوە کوردەکانیش ڕازیبون کە شەڕ ڕابگرن لەناوچەکانی نێوان سەری کانێی و گری سپیدا کە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا شەڕی چڕیان لەسەر بوە.
هەموو شەڕەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕادەوەستێ، وە دواتر دەبێتە هەمیشەیی، لەو ماوەیەدا ئەمەریکا یارمەتی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە دەدات لەسەر سنوور بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لەلایەن تورکیاوە.
وە ڕۆژێک دوای ڕێکەوتنەکە (ئەردۆغان) گوتی، کوردەکان دەستیانکردوە بەکشانەوە، وە هێزەکانی تورکیا لەناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەمێننەوە تاوەکو دڵنیابن لەکشانەوەی ڕاستی هێزەکان.

ئایا تورکیا ئەوەی دەیویست دەستی دەکەوێت؟
ئەو ڕێکەوتنەی کە لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە بۆ نێوەندگیری تورکیا و کوردەکان کراوە باسی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دەکات، هەڵبەتە ڕوونی نەکردۆتەوە ڕاگرتن چی دەگەێنێ بەڵام لەو بارەیەوە (جەیمس جێفری) نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا گوتی، ڕاگرتن مانای ئەوەیە کە هیچ پێشڕەویەکی دیکە لەلایەن هێزەکانی سەر زەمینەوە ناکرێ، هیچ لێدانێکی سەربازی ئەنجامنادرێ تەنها بەرگریکردن نەبێ.
ئەوە بۆ هەردووک لای شەڕەکە وەکو یەک دەبێ، تورکیا ناکشێتەدواوە و، ئەو ناوچانەی کە گرتوونی چارەگێک لەو ناوچەیەیە کە دەیەوێت ناوچەی ئارامی لێ دروستبکات، وە هێشتا ناوچەیەکی زۆر لەبن دەستی کوردەکاندا ماوە کە دەبێ پاشەکشەی لێ بکەن.
جەنەڕاڵ (موزڵوم کۆبانی) سەرۆکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە دەڵێ، هەموو هێزەکانیان پاشەکشێ دەکەن بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارام بەڵام ئەوەشی گوت، پێویستە ڕاگرتنی شەڕ بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی سەر سنوور تاوتوێ بکرێ.
لەدوای شاڵاوی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کوردی لەباکووری سووریا، هێزەکانی یەپەگە بەناچاری پەنایان بۆ حکومەتی سووریا برد و ئەوانیش لەو ماوەیەدا گەڕاونەتەوە بەشێک لەناوچەکانیان، هەبوونی ئەوانیش لەو ناوچەیەدا دەکرێ کاریگەری لەسەر ئەو ڕێكەوتنە هەبێ.
سووریا و ڕووسیا لەسەر مێزی ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و، تورکیا و کوردەکان نەبوون، کەواتە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەوانیش کاریگەری دەبێ لەسەر سەرکەوتنی ڕێکەوتنەکە و، جێبەجێکردنی.
ئەوەی کە لەئێستادا بەدیدەکرێ ئەوەیە کە تورکیا دەیویست یان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی بۆ دەدا کە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەدەستی بهێنێ، زۆنێک لەناو سووریادا لەسەر سنووری وڵاتەکەی خۆیان کە بۆ خۆیان بەڕێوەیببەن و، هێزەکانی کوردەکان ئەوێ چۆڵبکەن تاوەکو هێزی سەربازی خۆیان کۆنتڕۆڵی بکەن، ئەوەی بەشەڕ دەیانویست بەدەستی بێنن ئێستا بەڕێکەوتن دەستیان دەکەوێت.
تورکەکان ڕازیبون کە ڕاگرتنی شەڕ بکەنە هەمیشەیی ئەو کاتەی کە کوردەکان لەو ناوچەیەی کە قوڵایی (٣٢ کم) ە کشانەوە، بەڵام هیچ داواکاریەک لەناو ڕێکەوتنەکەدا نەهاتوە کە سەربازەکانی تورکیاش دەبێ بچنە دەرەوە.

ئایا تاوانی جەنگ لەباکووری سووریا ئەنجامدراوە؟
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووریای بۆ مافەکانی مرۆڤ لەوەتەی شەڕەکە دەستیپێکردوە لە (٩ی ئۆکتۆبەر)ەوە نزیکەی (٥٠٠) کەس کوژراون بەچەکدار و بەخەڵکی مەدەنیەوە.
ڕاپۆرتی چەند ڕۆژنامەیەکی نێودەوڵەتی دەڵێن تورکیا فسفۆری سپی لەسووریادا بەکارهێناوە، خەڵک بەهۆی گازەوە بەخراپی سوتاون کە نیشانەی سوتانی کیمیایی بوون.
هەڵبەتە تورکیا ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ئەو گازەی بەکارهێنابێت بەڵام کوردەکان دەڵێن هێزەکانی میلیشیای سەر بەتورکیا لەجیاتی ئەنقەرە لەدژی خەڵکی ناوچەکە بەکاریان هێناوە.
لەو بارەیەوە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ڕۆژی هەینی گوتی، هەتاوەکو ئێستا تۆمەتەکان پشتڕاستنەکراونەتەوە، بەڵام ئەوان ئاگاداری بارودۆخەکە دەکەن و زانیاری لەو بارەیەوە کۆدەکەنەوە.
وە ئەمنستی نێودەوڵەتیش لەو بارەیەوە گوتی، بەڵگەی تاوانی جەنگ و پێشێلکاری دیکەیان کۆکردۆتەوە کە لەلایەن تورکیا و هاوکارەکانیەوە ئەنجامدراون.
ئەمنستی نێودەوڵەتی نمونە دێنێتەوە و دەڵێ، تاوانی کوشتنی (هەڤرین خەلەف) سیاسەتوانی کوردی سووریا لە (١٢ی ئۆکتۆبەر) دا یەکێکە لەو پێشلکاریانەی شەڕ کە لەلایەن چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەنجامدراوە، ئەو چەکدارانە کە لەبەرەی تورکیادان ئافرەتەکە لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی ڕایدەکێشنەدەرێ و دەیکوژن. وە لەحاڵەتی دیکەش هەبوون بۆ نمونە، منداڵ بەهۆی تۆپباران و هێرشە هەواییەکانی تورکیاوە کوژراون.

© 2017 Hawler