تشرینی یەکەم 24, 2020

کێشەی چینێکی زلهێز و هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکەی شینجاک

ناوچەی سین‌کیانگ یاخود شینجاک(بە ئۆیغۆری شینجاک)وڵاتی چین زیاتر لە دەملیۆن مسوڵمانی ئۆیغۆرنەژادی لێ دەژیێت؛ شینجاک ناوچەیەکی بەرفراوانی سێ‌هەندی چوارپارچەی کوردستانە؛ دەکەوێتە باکووری رۆژاوای چینەوە؛ حکوومەتی چین، بە پاساوی بەرپەرچدانەوەی رەشکوژی و تیرۆریزمەوە، چین‌چین ئۆیغۆرەکان دەگرێت و دەیانخاتە ئۆردووگاوە و خانەبەندیان دەکات و، لەوێ بە گوێرەی بەرنامەیەکی تۆکمە و بە شێوازی هاوچەرخ،مێشکیان دەشۆرێتەوە و، بیروباوەڕی ئیسلامەتییان لێ دەسڕێتەوە.
 
یەنینگ شارێکی باکووری رۆژاوای شینجاکە؛ بە فەرمی ناوی لێ نراوە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ئۆیغۆرایەتی؛ کەچی حکوومەتی چین چڕوپڕ چاودێرییان دەکات؛ ئەقیلە خانم، لە خواردنگەیەکی ئەو شارەدا بەردەستی دەکات؛ ئەو کچە حەڤدە ساڵانە ئاوەها باسی ئەو چاودێریە دەکات:
"هەموو کۆڵانێک، بنکەیەکی پۆلیسی لێ کراوەتەوە؛ هەموو دووشەممانێک دەبێ بچین سەرێک بۆ ئاڵای چین دابێنینەوە؛ ئێمەی خەڵکی ئەو گوندەی خۆمان، نزیکەی ٥٠٠ کەسێک دەبین و، بە خۆشی بێ و ناخۆشی دەبێ بچینە بن ئاڵا و سەری بۆ شۆڕ کەینەوە و رێزی بگرین.
  بەو چەشنە رێوڕەسمانە گوایە دەیانەوێ وانەی نیشتمانپەروەری و چین‌دۆستی بەو خەڵکەئۆیغۆرە دابدەن؛ بەکارهێنانی هەموو جۆرە هێمایەکی ئیسلامی قەدەغەیە؛ بۆ نموونە نیڤهەیڤ (هیلالی مانگ)؛ حکوومەتی چین بۆ ئەوەی بە وردی چاوەدێریی ئۆیغۆرەکان بکات، بۆ هەموو منداڵێک زڕداک و زڕباوکێکیش دیاری دەکات؛با وای بڵێین: داکەدەوڵەت و باوکەدەوڵەت! ئەو داکەدەوڵەت و باوکەدەوڵەتە، ژن و پیاوێکی راسپێردراوی حکوومەتی چینن، مانگێ سێ شەو، دەچنە ناو بنەماڵەکانەوە و لەگەڵیاندا دەژین و دەخۆن و دەخەون، هەتا دڵنیا بن لەوەی هەموویان بە زمانی چینی قسان دەکەن، نەکا بە زمانە ئۆیغۆریەکەی خۆیان بئاخڤن!
ئەقیلە دەڵێت: "کە دێن بۆ ماڵمان، دایدەکوتن و شەویش ناچنەوە؛ جارێکیان دوو پیاویان ناردبوو؛ جارێکیشیان ژن و پیاوێک؛ ژنەکە شەو بە لای دایکمەوە نوست و، پیاوەکەیش لەگەڵ باوکمدا خەوت؛ سەیر دەکەن بزانن چۆن دەژین و، چ کێشەیەکمان هەبێ، دەبێ ئەوان بیزانن."
لەو ساڵانەداهەرێمیشینجاک، چەند جارێک ئاژاوەی تێکەوتووە و، رەشکوژی لێ پەیدا بووە؛ حکوومەتی چین دەڵێ ئەو رەشکوژی و ئاژاوەگێڕیە، کاری ئۆیغۆرەکانە و، راست و درۆ، بەو پاساوەوە کەوتووەتە وێزەی ئەو خەڵکە و، تەنانەت وای لێ هاتووە دەست دەخاتە شێوەی ژیانی مەردمەکەیشەوە؛ مەردم واتە خەڵک.
شائانشین، مزگەوتێکی ٢٦٠ ساڵانی ناوچەکەیە؛ حکوومەت دیوارێکی برندی بە دەوەیدا کێشاوە و، پاسەوانی بۆی داناوە نەکا خەڵک هاتوچۆی بکەن؛ ئەو مزگەوتە هی (هۆیی)ـەکانە؛ هۆیی، نەتەوەیەکی کەمینەن لەو هەرێمەدا.
 مزگەوتی شائانشین، (نووسراوک)ـێکی گەورەی پێوە هەڵواسراوە، لێی نووسراوە: "ئەندامەکانی حزبی کۆمۆنیست و، یەکیەتیی لاوانی کۆمۆنیست و، فەرمانبەری حکوومەت، فەرمانبەری خانەنیش و، قوتابی و خوێندکار و مامۆستا و، منداڵ و ناباڵغ بۆیان نیە هاتوچۆی ئەم مزگەوتە بکەن."
مزگەوتەکەی شائانشین، ئاڵای چینی لێ هەڵواسراوە؛ دەروازەکەیشی کامێرای شەشدەری لێ دانراوەتەوە هەتا بزانن کێ هاتوچۆی مزگەوت دەکات.
حکوومەتی چین سەرەڕای ئەوەی دین و دینداریکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە کاڵ دەکاتەوە و بەری دەگرێ، هەڵساوە کەمپێکی زۆریشی خستووە (خستووە واتە دروست کردووە)، خەڵکی تێدا خانەبەند دەکات و، مێشکیان دەشۆرێتەوە؛ کەس نازانێ حکوومەتی چین چەندهەزار یاخود چەندسەدهەزار خەڵکی لەو ئۆردووگایانەدا خانەبەند کردووە بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن بە لای کەمەوە ١٢٠هەزار کەس خانەبەند کراون؛ هەندێکیان هێژن نزیکەی ملیۆنێ کەس ئۆردووگابەند کراون و، چین بە بەرنامەوە خەریکە دین و کولتووریان لێ کاڵ دەکاتەوە.
شاری یەنینگ، هەر سەد مەتر و بازگەیەکی پۆلیسی لێ دانراوە؛ زوو زوو خەڵک و ترۆمبێلان دەپشکنن؛ شەقام و هوتێل و خواردنگە و بازاڕ و، رزقوبار (عەلوە) و ئەوەی بە خەیاڵتدا نایەت، کامێرای لێ دانراوەتەوە و، بیستوچوار سەعاتە خەڵکی پێ چاودێری دەکرێت.
ئینجا سەیرەکە لەوەدایە هیچکام لە وڵاتە ئیسلامیەکان، بە کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران و عەرەبستانەکەی ئال‌سعوودەوە و سوڵتانەکەی تورکیاوە، لەو بابەتەدا نقەیان لێوە نایەت و، لەلێکیان بە چین نەگوتووە؛ ئەویان سەنگ بە رۆژاواوە دەنێت و، ئەمیان سنگ بۆ فەلەستین دادەڕێ و، ئەوی دیکەیان خەون بە خەلافەتەوە دەبینێت.

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler