تشرینی یەکەم 21, 2020

جوڵە دیبلۆماتیيەکان بۆ ڕێگرتن لە شەڕی کەنداو

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) کۆبونەوەی ئەو ساڵی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پڕبوو لەشاندی نێوەندگیری و، لەوێ هاوپەیمانەکان هەوڵیاندەدا دوژمنایەتی دوژمنەکان هێوربکەنەوە و، دەرچەی ئاشتی بدۆزنەوە، وادەردەکەوتن کەمێک لەسەهۆڵەکەیان شکاندبێت.

دیبلۆماتکارێکی بەریتانی لەو بارەیەوە دەڵێ، بەرزترین ئاستی دیبلۆماسی تێدا بوو، ئەو ساڵ هەوڵەکان بۆ دروستکردنەوەی متمانە بوون لەنێوان لایەنەکاندا، هەروەها بۆ نزیککردنەوەی نەیارەکان بوون، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نەبوون کە بتوانن سەرۆکی ئەمەریکا و، سەرۆککۆماری ئێران پێکەوە کۆبکەنەوە.
هەروەها گوتیشی، پێویستمان بەڕێگایەکە کە بەناو بەرزترین فشارەکانی ئەمەریکا و، بەبەرزترین بەرەنگارییەکانی ئێراندا تێپەڕێت.

زۆرترین دیبلۆماسیەت:
(ئیمانوێڵ ماکرۆن) سەرۆککۆماری فەرەنسا زۆرترین ڕۆڵی نێوەندگیری لێ بەدیکراوە لەکۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، ئەو هەوڵی زۆریداوە و، پێشنیاری چوار خاڵی پێشکەش ئەمەریکا و ئێران کردوە کە کۆببنەوە و تاوتوێی بکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ.
لەپای ئەو هەوڵەیدا، لەدوای گەڕانەوەی بۆ تاران (حەسەن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران ستایشی هەوڵەکانی فەرەنسای کرد و وەسفی پلانە پێشنیارکراوەکەی فەرەنسای بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەپەسەند زانی.
سەرکردەکانی ئێران خەتای ئەمەریکایان گرت کە بۆتەهۆی شكستهێنان بەپلانی فەرەنسا بۆ گفتوگۆی نێوانیان، بەڵام دەگوترێ ئێرانیەکانیش لەپرۆسەکە کشانەوە.
لەناو پلانی فەرەنسادا ئێران دەبێ پابەندبێ قەت بەلای چەکی ئەتۆمیدا نەچێ، وە بەمەرجەکانەوە پەیوەستبێ کە بۆ ماوەیەکی درێژ خەونی بەرنامە ئەتۆمیەکەی بوەستێنێ، هەروەها هەوڵ بۆ ئاشتی ناوچەکە بدات لەوانە ئاشتی لەیەمەن لەڕێگای گفتوگۆوە، وە داوا لەئەمەریکاش کراوە کۆتایی بەسزایەکان بهێنێ و ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی ئێران بدرێتەوە.
فەرەنسا هەوڵیدا بەهێزترین پاڵ بەو پلانەوە بنێ و وا لەهەردووک لایان بکات بێنەپێشەوە و ڕازیبن بەڵام نەهاتن. لەو بارەیەوە (ئێلی گێرانمای) جێگیری سەرۆکی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باکووری ئەفەریقا لە ئەنجومەنی یەکیەتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە گوتی، ئێرانیەکان دەیانویست (دۆناڵد ترەمپ) یەکەم هەنگاو بهاوێژێت لەباری لادانی سزایەکانەوە، بەڵام ئەو ئامادەیی ئەوەی نەبوو، وە ئەمەریکاش دەیویست ئێران یەکەم هەنگاوبنێ و، ئاماژەکان بۆ گفتوگۆی ئاشتی نێوانیان بەدیاربکات.
ئەگەرچی هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ کۆبونەوەی دوو قۆڵی نێوان هەردوو سەرکی ئەمەریکا و ئێران سەرکەوتوو نەبوو، وە دواتر (ماکڕۆن) هیواخواز بوو تەلەفۆنی سێ قۆڵی ئەنجامبدەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو چوار خاڵەی نێو پلانەکەی فەرەنسا.
دیارە لەئەنجامدا هەوڵە دیبلۆماسیەکانی فەرەنسا لەبارەی نزیککردنەوەی ئەمەریکا و ئێران ئەگەرچی هیچ لایانی ڕازی نەکردکەدانیشن یان تاوتوێی خاڵەکان بکەن بەڵام لەلایەن هەردوو لایانەوە بەنێوەندگیریەکی گرنگ وەسفکراو و چاوەڕێدەکرێ لەداهاتوو ئەو جوڵە و دەنگ لێوەهێنانە ببێتە ڕێچکەیەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکانیان.

عەرەبستان و ئێران، هەنگاوێک بۆ گفتوگۆکردن دەهاوێژن:
لەکۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵ و جوڵەی دیبلۆماتی بۆ لێکنزیککردنەوەی عەرەبستان و ئێرانیش هەبوون، وە لەو دوایانەدا هەردوو وڵات ئاماژەی گفتوگۆکردنیان پێوە دیارە و نایانەوێ ناکۆکیەکان بگەنە هەڵایسانی شەڕ.
بەپێی ڕاپۆرتەکە (یوسف بن علاوی) وەزیری دەرەوەی عومان لەبارەی ویستی ئاشتی وڵاتانی ناوچەکەوە گوتی، زۆربەی سەرکردەکان ئێستا زیاتر بەلای ئاشتیەوەن نەک شەڕ. وە بەرپرسانی ئێرانیش لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتیدا ئاماژەیان بەوەداوە کە قسەی ئەرێنیان بەرگوێ کەوتوە لەلایەن زۆرێک لە نێوەندگیرەکانەوە لەبارەی ویستی عەرەبستان بۆ گفتوگۆ و ئاشتی لەنێوانیاندا.
هەر لەسەر ناکۆکیەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان، چەند وەزیرێکی دەرەوەی وڵاتە عەرەبیەکان بەڕاپۆرتەکەیان گوتوە، چەند پەیامێکیان پێگەیشتوە کە ئێران ئامادەیی تێدایە گفتوگۆ لەبارەی کێشە ناوچەییەکانەوە لەگەڵ نەیارەکانی بکات.
وە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی)یش عەرەبستان و ئێران ویستی دانیشتن و گفتوگۆکردنیان هەیە و، دەیانەوێ پرسەکانیان بەئاشتی چارەسەر بکەن. لەو بارەیەوە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، عەرەبستان و ئێران هەنگاویان بەرەو ڕووی یەکدی هاویشتوە بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوانیان و مرکاندنەوەی گرژییەکانیان، وە (ڕیاز) داوای لە عێراق و پاکستان کردوە بۆ نێوەندگیری و قسەکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران لەبارەی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
جەزیرە لەسەرچاوەیەکی (نیۆرک‌تایمز)ەوە ئەوەی زانیوە (محمد بن سەلمان) شازادەی جێ نیشینی عەرەبستان داوای لەسەرکردەکانی عێراق و پاکستان کردوە دەستێوەردان بکەن و هەوڵی نێوەندگیری نێوانیان بدەن.
هەڵبەتە لەسەر ئەو پەلامارانەی ئەو دواییەی کەرتی نەوتی عەرەبستان ئەمەریکا و عەرەبستان ئێرانیان تاوانبارکرد، وە عەرەبستان چاوی لەکاردانەوەکانی ئەمەریکا بوو لەدژی ئێران بەڵام ئەمەریکا هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەدژی ئەو هەوڵانەی ئەو دواییەی ئێران لە کەنداو نەهاویشت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (تایمز) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بڕیاری وەڵامدانەوەی سەربازی لەدژی ئێران پەیڕەونەکرد ئەوەش پرسیارێکی لەلای عەرەبستان لەبارەی بەڵێنەکانیەوە بۆ ئاسایشی عەرەبستان هێنایە پێشەوە. وە ساردی ئەمەریکا لەو پرسەدا وای لەعەرەبستان کردوە هەوڵبدات بۆ خۆی چارەسەری گرژییەکان بدۆزێتەوە.
شیاوی گوتنە، لەو دواییانەدا جوڵە دیبلۆماتیەکان بەناڕاستەخۆیی هەبوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی کەنداو و، هەوڵدان بۆ دانیشتن و گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و، ئێران و، هەروەها گفتوگۆی ناڕاستەخۆ لەنێوان عەرەبستان و ئێرانیشدا.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە کاریگەرانەی نێودەوڵەتی کە هەوڵی جیدی داوە بۆ کۆکردنەوەی نەیارەکانی کەنداو و، کۆتایهێنان بەگرژییەکان.
عەرەبستان و ئێران هەردووکیان بەئاشکرایی دەڵێن لەگەڵ شەڕکردن نین، وە کراوەن بۆ گفتوگۆکردن، ئەگەرچی دەگوترێ عەرەبستان داوای لەعێراق و پاکستان کردوە هەوڵی نێوەندگیریان لەگەڵ ئێران بدەن، بەڵام بۆ ڕاپۆرتەکەی (تایمز) حکومەتی عەرەبستان دەڵێ، بەغدا و، ئیسلامئاباد دەستپێشخەریان بۆ گفتوگۆی نێوانیان لەگەڵ ئێران کردوە، ئەوان هیچ داواکارییەکان لەو بارەیەوە پێشکەش بەسەرکردەکانی ئەو وڵاتانە نەکردوە.
(علی لاریجانی) سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی ویستی ئێرانەوە گوتی، ئێران کراوەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ عەرەبستان و وڵاتانی دیکە لەناوچەکەدا، وە بەدایالۆگی نێوان ئێران و عەرەبستان دەتوانرێ زۆربەی کێشەکان لەئاسایشی ناوچەکە و کێشە سیاسیەکان چارەسەربکرێن.
ڕاپۆرتەکان بەگەرمی باسی گفتوگۆی نێوان لایەنە نەیارەکانی کەنداو دەکەن، هەندێک لەبەرپرسان دەڵێن عێراق پێشنیاریکردوە دەتوانن بەغدا بکەنە شوێنی بەیەکگەیشتن و کۆبونەوەی نێوان عەرەبستان و ئێران.
عەرەبستان و ئێران چەندین کێشەی گەورەی سیاسی و ناوچەیان هەیە و، ساڵانێکە دژن و لەبەرنبەر یەکتریدان، ئەوان ناکۆکن لەزۆر مەسەلە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانە دژن لەشەڕی یەمەن و سووریادا، وە (ڕیاز) پاڵپشتی سزایە توندەکانی ئەمەریکای کرد لەسەر ئێران.
شارەزایان دەڵێن هەر ئاشتبونەوەیەکی نێوان ئەو دوو هێزە ناوچەییە ئاکامی گەورەی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا و، بەتایبەتی لەسەر کاڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دابڕاندنی ئێران.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler