تشرینی یەکەم 21, 2020

چین له‌ نمایشێكی سه‌ربازییدا نوێترین مووشه‌كی كیشوه‌ربڕی نمایشكرد

چین له‌ نمایشێكی سه‌ربازییدا نوێترین مووشه‌كی كیشوه‌ربڕی له‌جۆری "DF-41" نمایشكرد، كه‌ دوورترین مه‌ودای له‌جۆری خۆی هه‌یه‌ له‌جیهاندا. هەروەها به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای كۆریای باكوور، كۆریای باكوور دوو مووشه‌كی هه‌ڵداوه‌.

چین ده‌ستی كرد به‌ دیزاینكردنی ئه‌م مووشه‌كه‌ له‌ ساڵی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌م مووشه‌كه‌ به‌ سووته‌مه‌نی قورس كارده‌كات و پێكدێت له‌ 3 یه‌كه‌، له‌ ساڵی 2012 ده‌ستیكرد به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی.
لە راگه‌یه‌ندراوەكەی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای كۆریای باكوور، ئاماژە بەوەكراوە كه‌ یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان كاتژمێر 07:20 كه‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریای رۆژهه‌ڵات و ئه‌وی دیكه‌ش كه‌وتووه‌ته‌ كه‌ناراوه‌كانی شاری شیمانه‌ باشووری ژاپۆن. راشگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ مووشه‌كه‌كان 910 كیلۆمه‌تر به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ دووری 450 كیلۆمه‌تره‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ کە له‌ تاقیكردنه‌وه‌ مووشه‌كییه‌كاندا، زیان به‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ سه‌ربازییه‌كان نه‌گه‌یه‌ندراوه‌.
كۆریای باكوور كه‌ زوو زوو مووشه‌ك ئاراسته‌ی ده‌ریای رۆژهه‌ڵات ده‌كات له‌ میانی ئه‌مساڵدا، 11 جار تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كیی ئه‌نجامداوه‌.
حكوومه‌تی كۆریای باكوور رایگه‌یاندبوو، حكوومه‌تی واشنتۆن و پیۆنگیانگ هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنی به‌رایی له‌ چواری تشرینی یه‌كه‌م و ئه‌نجامدانی دانوستانه‌كان له پێنجی تشرینی یه‌كه‌مدا.
به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاواز، ئه‌وپه‌ڕی مه‌ودای مووشه‌كه‌كەی چین ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 14هه‌زار كیلۆمه‌تر و، له‌توانایدایه‌ 10 كڵاوه‌ی جه‌نگیی هه‌ڵبگرێت، له‌نێوانیاندا كڵاوه‌ی ئه‌تۆمیی، ئه‌مه‌ش رێگریگرتن له‌و مووشه‌كه‌ زۆر ئه‌سته‌م ده‌كات.
درێژی ئه‌م مووشه‌كه‌ ده‌گاته‌ 21 مه‌تر و، تیره‌كه‌ی له‌نێوان 220 - 250 سانتیمه‌تر ده‌بێت و، ده‌توانرێت له‌سه‌ر سه‌كۆی جێگیركراو له‌سه‌ر زه‌وی و له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی جووڵاو له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بته‌قێنرێت، هه‌روه‌ها ده‌توانرێت بته‌قێنرێت له‌ پێگه‌ی ژێر زه‌وییه‌وه‌ و، وردی پێكانی له‌نێوان 100 - 500 مه‌تر ده‌بێت.جێی باسه‌، به‌بۆنه‌ی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری چین، چین گه‌وره‌ترین نمایشی سه‌ربازیی ئه‌نجامدا له‌مێژووی خۆیدا، كه‌ تێیدا نزیكه‌ی 15هه‌زار سه‌رباز و، 580 تانك و زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی و، 160 فڕۆكه‌ی جیاواز و هێلیكۆپته‌ر به‌شدارییان تێدا كرد.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 06 تشرینی یەکەم 2019 12:14
© 2017 Hawler