نیسان 03, 2020

توركیا: بڕیاره‌كه‌ی دادگای چیك، پشتیوانیكردنێكی ئاشكرای تیرۆره‌

 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌یان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌، ساڵح موسلیم له‌ لایه‌ن چیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و به‌رپرسیارێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا یه‌ك ناگرێته‌وه‌.
وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا، به‌كر بۆزداغ، رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی دادگای چیك، "پشتیوانیكردنێكی ئاشكرای تیرۆره‌.
بۆزداغ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ریكردووه‌، رایشگه‌یاندووه‌، ئازادكردنی ساڵح موسلیم، پرسێكی سیاسییه‌ و پێچه‌وانه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌.
ناوبراو هۆشداریشی دا له‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و چیك.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و بڕیاره‌ نموونه‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی مه‌ودای دووڕوویی و راستگۆ نه‌بوونی ئه‌وروپا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر".
به‌كر بۆزداغ، باسی له‌وه‌شكرد، پارتی یه‌كێتی دیموكراتی، كه‌ لقی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌، له‌ لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی هه‌ژمار كراوه‌، چیكیش ئه‌ندامی ئه‌و یه‌كێتیه‌یه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتووه‌ "چیک نموونه‌یه‌كی نوێی پێشكه‌شكرد و دەریخست كه‌ چه‌نده‌ دوورن لە باوەڕپێکردن و ناڕاستن له‌ باوەڕەكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر لە ئەورووپا".
ئه‌مڕۆ، دادگایه‌كی چیك له‌ پراگی پایته‌خت، بڕیاریدا ساڵح موسلیم ئازاد بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا له‌ زاری به‌رپرسانی باڵایه‌وه‌ داوای ده‌كرد، ناوبراو راده‌ستی توركیا بكرێته‌وه‌.
ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی رابردوو، له‌ پراگ، پۆلیسی ئینته‌رپوڵ ساڵح موسلیمیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری توركیا.

© 2017 Hawler