ئایار 30, 2020

كاردانه‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعودیه

سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا بۆریس جۆنسن به‌ شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی ڕاگه‌یاند پێویسته‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی به‌ كۆمه‌ڵ هه‌بێت له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعودیه. سه‌رچاوه‌كان ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌كۆشكی سپی، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا( پنتاگۆن) فه‌رمانیان پێدراوه‌ كه‌ ئاماده‌كاری بۆ هێرشی رێژه‌یی دژی ئێران بكه‌ن. ‌

وته‌بێژی جۆنسن ده‌ڵێت: سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سعودیه‌ی كردووه‌ و پێی ڕاگه‌یاندوون كه‌ بریتانیا له‌ پاڵ سعودیه‌دا ده‌بێت و پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌وه‌.
هه‌روه‌هاوته‌بێژه‌كه‌ گوتی : سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا بۆریس جۆنسن و شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ی ڕوویداوه‌ بوه‌ستن و سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌ گرنگی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی به‌ كۆمه‌ڵ كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ و هانی شازاده‌ی جێنشینی داوه‌ به‌رده‌وام بێت له‌كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئه‌وروپییه‌كانیدا.
سه‌رچاوه‌كان به‌ سی ئێن ئێن یان راگه‌یاندووه‌: كۆشكی سپی به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاوێك بهاوێژێ، چاوه‌ڕێی بڕیارێك له‌سه‌ركرده‌كانی سعوودیه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران ده‌كات.
له‌باره‌ی كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن: ئێواره‌ی دوێنێ مایك پۆمپیو گه‌یشتۆته‌ سعوودیه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كۆبۆته‌وه‌، واشنتۆنیش هیچ هه‌نگاوێك نانێت تا پۆمیۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه.‌
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری سعوودیه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازده‌ده‌ن و ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ردوو كارگه‌ی سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌وتی ئارامكۆی كرده‌ ئامانج.

© 2017 Hawler