ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ده‌زانین ئه‌نجامده‌رانی كێن و له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌گه‌ری هەر هێرشێك

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی كردنه‌ئامانجی كارگه‌كانی نه‌وت لە سعوودیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ "ده‌زانن ئه‌نجامده‌رانی كێن" و "له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌گه‌ری هەر هێرشێك".

وەزیری بەرگری ئەمریکا ( پنتاگۆن) رایگەیاند هێرشەکانی ئەمدواییەی سعودیە پێشتر نمونەیان نەبوە و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سەرقاڵی بەرگریکردن بون لەو کارانەی کەیاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگیرییان دەکەن و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشێلکراون.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ رایگه‌یاند، به‌ چه‌كی ئێرانی دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆ بە ئامانج كراون و بەو هۆیەوە 50% ی بەرهەمەكانی وەستاون.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،"رۆژی شه‌ممه‌ دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی دابینكردنی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان له‌ سعودیه‌ دەستدرێژییەكی خراپەكارانەیان كراوەتە سەر.
سعودیه‌ داواشدەکات، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به به‌پرسیارێتی خۆی هه‌ستێت بۆ شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌ستی له‌و هێرشانه‌دا هه‌بوه‌ و داوایكردوە، روبەروی ئەو سەرچاوانە ببنەوە كە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە وزەی جیهان.
دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی كردنه‌ئامانجی كارگه‌كانی نه‌وت لە سعوودیه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند "كێڵگه‌یەکی نه‌وت لە سعوودیه‌ هێرشی كرایه‌ سه‌ر. هۆكارمان هه‌یه‌ بۆ پشوودرێژیمان له‌وه‌ی باوه‌ڕ بكه‌ین ئه‌نجامده‌ری كێیه‌، په‌یوه‌ندیدار به‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ ئێمه‌ سه‌رنجمان خستۆته‌ (سه‌ر ئامانج) و چه‌كه‌كانمان پڕن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئەوەی لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوەیە له‌ شانشین (سعوودیه‌)ه‌وه‌ ببیستین".
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا بڵاویکردەوە نایانەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام وڵاتەکەی زیاتر لەهەر وڵاتێکی دیکە ئامادەیە بۆ جەنگ.
ئەمە لەکاتێکدایە، تەنها رۆژێک پاش هەڕەشەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێدەچێت ئێران هێرشەکانی ئەنجامدابێت، بەڵام نایانەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵبگیرسێنن.
گوتیشی کە سزاکانی سەر ئێران لاناچن و لەسەر ئەو هێرشانەش قسە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپا دەکەن.
هاوکات سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانیش لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لەسەر هەمان پرس داوا دەکات هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، ئێران رووبەڕووی سزای زیاتر بکەنەوە.
پێش کۆبونەوەی لەگەڵ میری بەحرین، ترەمپ بەرۆژنامەنوسانیشی راگەیاند، وڵاتەکەی باشترین سیستمی موشەکی و فڕۆکەوانی هەیە و زیاتر لەهەر وڵاتێکی دیکە لەمێژودا ئامادەیە بۆ جەنگ.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌پێی وه‌ڵامی ریاز ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ چ هه‌لومه‌رجێكدا بكه‌ونه‌ خۆ.
دۆناڵد تره‌مپ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و رووداوه‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زین له‌ نرخی نه‌وت لە بازاڕه‌كانی ئه‌مریكادا روونه‌دات ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ "به‌پێی پێویست" نه‌وتی عه‌مباركراو به‌كاربهێندرێت.
رۆژی شەممە له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دوو کارگەی كۆمپانیای ئارامكۆ. هێرشه‌كه‌ زیانی گیانی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنا و په‌نجه‌ی تۆمه‌تیش بۆ هیچ لایه‌نێك درێژ نه‌كرا، به‌ڵام حووسییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌وان به‌ ١٠ فڕۆکەی درۆن هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌.
حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی مووشه‌كی بالیستی كورتمه‌ودا و ناوه‌ند مه‌ودا كه‌ له‌ لایه‌ن سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی سعوودیه‌وه‌ تێك ده‌شكێندرێن، به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌نه‌‌ ئامانج.
ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناسه‌قامگیری سیاسیی یه‌مه‌نی گرتۆته‌وه‌ و پێكدادانه‌كان له‌ نێوان حووسییه‌كان كه‌ ئێران پشتگرییان ده‌كات و هێزه‌كانی سه‌ربه‌ حكوومه‌تی یه‌مه‌ن كه‌ سعوودیه‌ و ئیمارات پشتگیریان ده‌كه‌ن، به‌رده‌وامه‌.
حووسییه‌كان له‌ ئه‌یلوولی ٢٠١٤ه‌وه‌ سه‌نعا-ی پایته‌خت و ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی دیكه‌ی یه‌مه‌نیان له‌ژێر کۆنترۆڵدایه‌. هاوپه‌یمانییەتی عه‌ره‌بیش به‌ڕابەرایەتی سعوودیه‌ له‌ ئاداری ٢٠١٥ه‌وه‌ پشتگیری حكوومه‌تی یه‌مه‌ن ده‌كات دژبە حووسییه‌كان
بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، مارک ئەسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا، رایگەیاند : " هێرشەکانی ئەمدواییەی سعودیە پێشتر نمونەیان نەبوە و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سەرقاڵی بەرگریکردن بون لەو کارانەی کەیاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگیرییان دەکات و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشێلکراون.
تره‌مپ له‌لایەكی دیكەوە لە ویلایه‌تی نیومه‌كسیكۆ، له‌ به‌رده‌م هه‌وادارانیدا گوتی: دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌ستبه‌كاربوونم، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌دا جه‌یمس ماتیس پێی وتم: گه‌وره‌م، ته‌نیا بڕێكی زۆر كه‌م له‌ چه‌ك و چۆڵی سه‌ربازیمان هه‌یه‌.
گوتیشی: ئه‌و قسه‌یه‌م كاتێك بیست، كه‌ ناكۆكی له‌ نێوان ئێمه‌ و وڵاتێك هه‌بوو، ئه‌و كاته‌ ماتیس گوتی: ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌و پرسه‌ دوابخه‌ن، چونكه‌ كۆگاكانی چه‌كمان خاڵیین.
تره‌مپ ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌و ره‌وشه‌ زۆر ناپه‌سنده‌و پێویسته‌ هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و وشانه‌ نه‌بیستێت، من نامه‌وێت هه‌رگیز له‌ ره‌وشێكی وادا بژیم.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا روونیشیكرده‌وه‌، ئێستا له‌سه‌رده‌می خۆیدا، ئه‌مه‌ریكا كۆگاكانی چه‌كی پڕ كردوون و ژماره‌یه‌كی زۆر مووشه‌ك و تانك و فڕۆكه‌ی هه‌یه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كاتێك بووه‌ته‌ سه‌رۆكی وڵات له‌ %50ی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانای هه‌ڵفڕینیان نه‌بووه‌، له‌ ره‌وشێكی خراپدا بوونه‌، به‌ڵام ئێستا باشترین هێزی فڕۆكه‌وانی هه‌یه‌ له‌ جیهان و هه‌مووانیش فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی ده‌كڕن.

 

لوقمان مستەفا ـ هه‌ولێر