ئەیلول 28, 2020

کۆبونەوەی سێ قۆڵی و چارەسەری دوایین قەیرانی سووریا

سێ وڵاتە کاریگەرەکەی قەیرانی سووریا لە ئەنقەرە کۆبونەوە بەئامانجی دیاریکردنی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئیدلیب کە دواین ناوچەی قەیرانی سووریایە.

سەرکردەکانی هەر سێ وڵات کە هەریەکەیان ئامانجی جیای خۆی هەیە لەهاوکێشەکانی سووریادا بەتەما دیارن لەکێشانی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری سیاسی و کۆتایهێنان بەکێشەکانی سووریا و، هەریەکەیان بەشێک لەو سەرکەوتنەی پیدەبڕێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ئەیلول) لەئەنقەرە هەریەکە لە (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیای فیدڕاڵ و، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا و، (حسن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران کۆبونەوە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی هاوبەش بۆ قەیرانی سووریا، ئەگەرچی ستراتیژیەکانیان جیاوازە بەڵام ئەو ڕێکەوتنە دەستکەوتی هاوبەشی بۆ هەموویان تێدادەبێ.
(پۆتین) گوتی، دەمەوێ گەشبینی و متمانەی خۆم نیشاندەم کە گفتوگۆکان بەرهەمهێنەردەبن و ئەو ڕێکەوتنەی دەیکەین شێوەیەکی هاوبەش دەبێ بۆ کۆتا چارەسەری قەیرانی سووریا، وە چەسپاندنەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ وڵات و، بەهۆیەوە هێز و شکۆش دەگەڕێنێتەوە.
دیارە بارودۆخی ئێستای (ئیدلیب) بەلای هەرسێ وڵاتەوە جێی بایەخ و نیگەرانیە و دەیانەوێ بەئاشتی چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزنەوە، ئەگەرچی هەریەکەیان ئەجێندا و ستراتیژی جیای هەیە لەسووریا و، هەروەها لەبەرەی جیاجیای هاوکێشەی ئیدلیبن بەڵام چاوەڕێی دەکرێ ڕێکەوتنی ئاشتی لەو بارەیەوە بێتەئاراوە.
دەکرێ ئەو سێ وڵاتە هەنگاوەکانی ئاشتی لەسووریادا بەهێزتربکەن، وە (ئەردۆغان) یش لەو بارەیەوە گوتی، هەریەکە لە تورکیا و، ڕووسیا و، ئێران پێویستە بەرپرسیاریەتی زیاتر هەڵگرن لەدامەزراندنی ئاشتی لەناو سووریادا.
سەرکردەکانی وڵاتانی کاریگەر لەهاوکێشەکانی سووریادا دەیانەوێ نەخشەی ئاشتی درێژخایەن لە باکووری ڕۆژئاوای سووریادا داڕێژن، (ئەردۆغان) لەو بارەیەوە گوتی، هەرسێ سەرۆک تاوتوێی دواین گەشەسەندنەکانی ناوچەی ئیدلیب باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەکەن، هەروەها گفتوگۆدەکەن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لەلای باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە، وە پرسی پەنابەرانیش.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە سێ ئەجێندا کڕۆکی کۆبونەوەکانی ئەو سێ سەرکردەیەن کە بریتین لەدۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی گونجاو و هاوبەش بۆ ناوچەی ئیدلیب، وە پشتگیریکردنی ناوچەی ئارام کە تورکیا هەنگاوی یەکەمی دەستپێکردوە و، ڕێگرتن لەئاوارەبوونی زیاتری سووریاییەکان بۆ تورکیا و، گێڕانەوەی بەشێک لەئاوارەکانی پێشوتر لە تورکیاوە بۆ ناوچەی ئارام.
هەر لەسەر کۆبونەوەی سێ قۆڵی سەرکردەکانی ڕووسیا و، تورکیا و ئێران لەئەنقەرە لەڕاپۆتێکی (زە نیو عەرەب)دا هاتوە، کۆبونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی کاریگەر لەسەر بارودۆخی سووریا بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیە بۆ کۆتایهاتنی هەشت ساڵەی شەڕ و قەیرانی سووریا.
سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا و تورکیا پار ڕێکەوتنیان بۆ ئاشتی لەو ناوچەیەدا ڕاگەیاند بەڵام لەو ماوەیەدا هێرشی هەوایی حکومەتی سووریا و بەپاڵپشتی ڕووسیا لەو ناوچەیەدا ئەنجامدراون و ڕێکەوتنەکە بەتەواوەتی جێبەجێ نەبوە.
هەروەها کۆتایی مانگی ئاب ڕووسیا ئاگربەستی لەوێ ڕاگەیاند، بەڵام هێرشە هەواییەکانی حکومەتی سووریا هەر بەردەوامبون لەسەر ناوچەکانی ئیدلیب و کوشتار و برینداریشی لێکەوتۆتەوە، بۆیە ئەو کۆبونەوە سێ قۆڵیە هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاشتی دەباتە قۆناغێکی باشترەوە.
سێ وڵاتیکاریگەر لەدۆخی سووریادا لەلایەک هاوپەیمانن و، لەلایەک پشتی ئەجێندای جیاجیای هاوکێشەکانی سووریا دەگرن، لەڕابردوودا توانیویانە بەشێک لەکێشەکان بەچارەی سیاسی چارەسەربکەن و ئێستاش هەمان نیازیان بۆ ئیدلیب هەیە. تورکیا پشتی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و، ئێران و ڕووسیاش هێز و ئاگر بۆ حکومەتی (ئەسەد) دابیندەکەن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی مۆسکۆ و ئەنقەرە و تاران لەو ساڵانەی دواییدا بەرەو گەرمی ڕۆیشتوە و، هەریەکەیان قورسایی خۆی خستۆتەسەر ستراتیژ و بەرژەوەندییەکان لەنێو ئەو وڵاتە لەتبوەی سووریادا.
چاوەڕێدەکرێ هەرسێ سەرکردە ڕێکەوتنێک بۆ دواین ناوچەی قەیراناوی سووریا بۆ درێژمەودا دابڕێژن، ئەو ڕێکەوتنە هێز و دەسەڵات بۆ سووریا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بۆ ئەو سێ وڵاتەش قازانج دەکەن بەتایبەتی بۆ تورکیا زۆر بایەخدار دەبێت.
تورکیا پاڵپشتی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو ئیدلیب دەکات، ئەو ناوچەیە نزیکەی سێ ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە کە نیوەیان لەناوچەکانی دیکەوە ئاوارەبوون و لەوێ گیرساونەتەوە، وە نزیکەی ملیۆنێک کەسیش لەدوای هێرش و گەمارۆییەکانی سەر ئیدلیب خۆیان گەیاندۆتە سنووری تورکیا، بەرگرتن لەشەڕی ئیدلیب گەرەنتی ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکی سووریا بۆ ناو تورکیا دەکات.
ئەنقەرە کە پێشتر نزیکەی (٣،٦ ملیۆن) کەسی سووریایی لەخۆگرتوە، نایەوێ شەڕی ئیدلیب قوڵببێتەوە و ببێتەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر بۆناو تورکیا، بۆیە پشتگیری ئاشتی دەکات.
(ئەردۆغان) بەئاشکرایی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە دەیەوێ ملیۆنێک ئاوارەی سووریا بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەی ئارام کە لەگەڵ ئەمەریکا بەڕێوەدەبەن لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
تورکیا زۆر مەبەستیەتی لەدوا دەرفەتەکانی سووریادا ناوچەی ئارام دروستبکات، بەدروستکردنی ناوچەی ئارام بەشێک لەئاوارەکان دەگەڕێنێتەوە و، پاشەکشێ بەهێزەکانی یەپەگە لەسەر سنووردەکات و، دەسەڵاتی خۆشی لەناو خاکی سووریادا مسۆگەردەکات.
سەرەڕای پشتگرتنی بەرەی جیاواز بەڵام ڕووسیا و تورکیا پەیوەندییەکان بەهێزە و تادێ بەرەو باشتربوون دەچێ، لەماوەی رابردوودا ڕادەستکردنی سیستەمی موشەکی (ئێس ٤٠٠) لەلایەن مۆسکۆوە بۆ ئەنقەرە ئەو پەیوەندییانەی بردە قۆناغێکی دیکەی باشترەوە.
هەروەها لەو ڕۆژانەی رابردووشدا ڕووسیا دوو پاتری ئەو سیستەمە موشەکیەی گەیاندە دەستی تورکیا، وە ئێستا ئەو دوو وڵاتە هەماهەنگیش دەکەن لەبواری وزەدا و ئامادەکاری بۆ ڕێکەوتن لەو بارەیەشەوە دەکەن.

© 2017 Hawler