نیسان 03, 2020

لە سای ڤیتۆیەکەی مۆسکۆوە، تاران ئەمجارەشیان قوتاری بوو


لە ڕەشنووسکی بڕیارنامەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر یەمەندا، باسی ڕۆڵی خراپی ئێرانیش کرابوو، بەڵام ڕووسیا ڤیتۆی کرد و، لێ نەگەڕا پەسەند بکرێت؛ نیکی هێلی نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێرێ دووشەمە گوتبووی ڕووسیا بەو ڤیتۆکردنەی، نەیهێشیت ئێران بدرێتە بەر پرسیار و، هەرهەموو ناوچەکەی خستە گێژاوی مەترسیەوە.

نیکی هێلی لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێ ئەگەرچی لیژنەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەڵگەیان پێ بوو لەسەر ئەوەی ئێران لە بنەوە چەکۆچۆڵ ڕەوانەی یەمەن دەکات و گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە دەشکێنێت؛ ئەنجومەنی ئاسایشیش قەناعەتی پێ هات بەڵام، لەبەر ڕووسیا نەیتوانی بڕیارنامەی پێویست دەربکات.
پێرێ دووشەمە، ڕووسیا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڤیتۆ کرد کە بەریتانیا ئامادەی کردبوو؛ لەو ڕەشنووسەدا هاتبوو کە خەمی ئەوەمانە ئێران ڕەچاوی گەمارۆی سەر یەمەن ناکا و ژێربەژێر چەکوتەقەمەنییان بۆ دەنێرێت. بە گوێرەی بڕیارنامەی ٢٢١٦ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ لایەن و وڵاتێک بۆی نیە چەکوچۆڵ بنێرێت بۆ یەمەن.
شارەزایانی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە چاوەدێریی گەمارۆ سەبازیەکەی سەر یەمەن دەکەن، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە کە ئێران گوێی لەوە خەواندووە کە لە ئێرانەوە مووشەکی دوورپێک و تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکوتەقەمەنی بچێت بۆ حووسیە چەکدارەکانی یەمەن.
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئەوە یەکەم جار نیە ڕووسیا بە ڤیتۆ پشتی حکوومەتە دڕندەکەی بەشار ئەسەد دەگرێت؛ ئەمڕۆش بەو ڤیتۆیەی کە کردی ڕژێمە تیرۆریست‌پەروەرەکەی ئێرانی پاراست

.
نیکی هێلی دەڵێ ڕووسیا بەو کارەی کردی، نەیهێشت لە ئێران بپێچینەوە و، ئاژاوەکەی ناوچەکەی زیاتر کرد.
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: "ئەگەربێتو ڕووسیا بە ڤیتۆ لێ نەگەڕێ بەری ئێران بگرین و، ئێران هەروا ناوچەکە بشڵەقێنێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناچارن ڕێگایەکی وا بگرنە بەر، ڕووسیا پێی نەکرێ کۆسپ و تەگەری تێ بخات."
نیکی هێلی وەختی خۆی گوتبووی سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێرانەوەیە.
بەریتانیاش داوای لە ئێران کردووە کارێکی وا نەکا شەڕی یەمەن پەرە بستێنێت.
پێرێ دووشەمە، بارام قاسمی وتەبێژی وەزراەتی دەرەوەی ئێران گوتی ئێران دەستی لە ناردنی چەکوچۆل بۆ یەمەن نیە.
قاسمی حەفتەی ڕابردوو لە وەڵامی بریتانیا و بەرەنسادا گوتبووی: "خۆ یەمەن لە هەرچوار لاوە گەمارۆ دراوە؛ ئیتر ئەم درۆودەلەسەیە چیە گوایە ئێران چەکوچۆڵی بۆ دەنێرێت؟!"
پاش ئەوەی بە ڤیتۆی ڕووسیا، ڕەشنووسەکەی وا بریتانیا ئامادەی کردبوو لەەکڵک کەوت، ڕووسیا بە خۆی ڕەشنووسێکی خستە دەنگدانەوە کە هیچ باسی ئێرانی تێدا نەکراوە و، هەر دەڵێ گەمارۆکەی سەر یەمەن درێژ بکرێتەوە.
ڕەشنووسەکەی وا ڕووسیا خستیە ڕوو، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی هەر پانزە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند کرا. بە گوێرەی ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەی شارەزایانی سەربەخۆ، تا یەک ساڵی دیکە درێژ کرایەوە.

© 2017 Hawler