ئەم پەڕەیە چاپ بکە

جۆن بۆڵتن بەهۆی پرەنسیپەکانیەوە لە پۆستەکەیدا نەما

ڕۆژی (١٠ی ئەیلولی ٢٠١٩) (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەڕێگای تویتەرەوە بەئەمەریکا و جیهانی ڕاگەیاند (جۆن بۆڵتن) ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی چیدیکە لە خزمەتەکانی وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەردەوام نابێت و، لەپۆستەکەی دورخرایەوە، بەڵام (جۆن بۆڵتن) ی ڕاوێژکار زوو وەڵامیدایەوە و گوتی بۆ خۆم دەستم لەکارکێشاوەتەوە.

ڕاستی ئەو بابەتە و ئەو لێدوانانە هەرچیەک بن، (دۆناڵد ترەمپ) و، (جۆن بۆڵتن) لەبارەی سیاسەتی دەرەوەیاندا ناکۆک بوون و، لەزۆر بابەتی دەرەوە و شێوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتان و، لێکدانەوەی بۆ ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان سەربەخۆ بوە، دژایەتی هەندێکیان بوە. سەرەڕای جیاوازی تێڕوانینەکانیان بەڵام ئەو ماوەیەی کاریان پێکەوە کردوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا تەبا دەردەکەوتن، وە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سوپاسی (جۆن بۆڵتن) ی کردوە و دەڵێ بۆ خزمەتە زۆرەکانی سوپاسی دەکەم.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەسەر تێڕوانینەکانیان سەرۆک (ترەمپ) و،ڕاوێژکار (بۆڵتن) هەمیشە ناڕێک بوون، دژ بوون لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەیان، لەسەر شێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیەتیکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا.
(جۆن بۆڵتن) یەکێک بوو لەوانەی کە لەناو پرەنسیپە نەگۆڕەکانی خۆیدا مابۆوە، ئەو لەدژی نەرمی ئەمەریکا بوو لەگەڵ کۆریای باکوور و، نزیکبونەوەی ڕووسیادا، وە زۆر جار ئەو هەڵوێستانەی دەربڕیون، ئەو پێیوابوو دەبێ لەگەڵ دوژمنەکەتدا سەختگیربیت.
لەماوەی حەڤدە مانگی کارکردنی پێکەوەییدا، پەیوەندییەکانیان نەرم و بێ کێشە دەردەکەوتن، (بۆڵتن) بیروڕا توندەکانی لەپشتی پەردەوە ڕادەگەیاند، بەو هەڵوێستانەی هەندێک لە دیبەیتە ناوخۆییەکانی دەبردەوە بەڵام هەندێکیشی دەدۆڕاندن وە هەمیشەش دەیگوت ئەو بڕیار بەدەست نیە بۆ ئەو تێڕوانینانەی هەیەتی.
دەگوترێ هەڵوەشاندنەوەی دایالۆگی نێوان ئەمەریکا و ئەفغانستانیش ئەو قسەیەکی تێدا هەبوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە دوو سەرچاوەی نزیک لەو باسە ئاماژەیان پێکردوە، (بۆڵتن) لەدژی بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی تاڵیبان بوە بۆ هاوینەهەواری (کامپ دەیڤ)ی سەرۆک بۆ ئەوەی لەوێ بگەنە ڕێکەوتن، ئەو بیروڕای خۆی بە (مایک پێنس) گوتوە و دواتریش ئەو هەڵوێستەی (بۆڵتن) گەیشتۆتەوە بە(ترەمپ).
(جۆن بۆڵتن) لەبارەی ئەفغانستانەوە لەو باوەڕەدا بوە، کە ئەمەریکا دەکرێ نزیکەی (پێنج هەزار) سەربازی وڵاتەکەی لەو (چواردە هەزار) سەربازەی کە لە ئەفغانستان هەیانە بکشێنێتەوە و هێشتاش دەتوانێ بەو ڕێژەیە لەدژی تیرۆریزم بوەستێتەوە بەبێ ئەوەی ڕێکەوتن لەگەڵ دوژمندا بکات.
هەروەها لەبارەی ڕووسیا و ئێرانەوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوەداوە کە (بۆڵتن) لەگەڵ ئەجێندای کۆتایی لوتکەی (گروپی ٧) دا نەبوە، کە (ترەمپ) یش پاڵپشتی کردوە بۆ هێنانەوەی ڕووسیا بۆ کۆبونەوەکانی گروپی وڵاتە زلهێزەکان و، هەروەها هاندانی دروستکردنی گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
وە زۆر جاریش بە ڕاگەیاندنەکانی دەگوت، هەروەکو خۆیان ماون و نەگۆڕاون، وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاریکردوە بۆ دابڕاندنی ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک لەڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان و، لەو باوەڕەدابوە ئەو ڕێکەوتنانە لەبەرژەوەندی ئەمەریکادا نین.
ئەو یەکێک بوە لەوانەی کە بەتوندی لەگەڵ سزادانی ئێران بوە، پێیوابوە دەبێ بە بۆمب لەدژی بۆمبەکانی ئێران بوەستنەوە.
شیاوی گوتنە، سەرۆکی ئەمەریکا لەحەفتەی داهاتوودا چوارەمین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەدوای (جۆن بۆڵتن) بۆ وڵاتەکەی دەستنیشاندەکات، هەر کەسێک لەئیدارەی ئەودا کاربکات دەبێت پابەندی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی کۆشکی سپی بێت.
جۆن بۆڵتن لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١٨)دا پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای وەرگرت، ئەو یەکێکبوو لەو کارەکتەرە گەورە سیاسیانەی ئەمەریکا کە هەڵوێستی توندی لەبەرانبەر ئێراندا هەبوە و، هەروەها لەگەڵ نزیکبونەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و، ڕووسیا و، کۆریای باکووریشدا نەبوە. ئەو هەڵوێستانەی (بۆڵتن) تازەنین بەڵکو پێشتریش لەسەردەمی (جۆرج بۆش) دا لێدوانی توندی لەدژی هەریەکە لە ئێران و عێراق و لیبیا و، کۆریای باکوور و، کوبادا هەبوو و ئەوانەی بەپاڵپشتیەکەرانی تیرۆریزم ناوبردون.