ئەیلول 30, 2020

لە ئەوڕوپا گازی سروشتی ٥٠٪ نرخەكەی كەم بوەتەوە كەچی لە توركیا بەرز بوەتەوە

لەمساڵدا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا نرخی گازی سروشتی ٥٠٪ كەم بوەتەوە، بەڵام لە توركیا بە پێچەوانەی وڵاتان نرخی گازی سروشتی بۆ ماڵان ٥٠.٨٪ نرخەكەی بەرز بوەتەوە، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر هاووڵاتییان دروست كردوە.

تەنیا مانگێك بەر لە ئێستا حكوومەتی توركیا نرخی گازی سروشتی گران كرد، بەڵام ئەمڕۆ دیسان نرخەكەی گران كردەوە، كە بە تێكڕای ئەمساڵ بەرێژەی ٥٠.٨٪ نرخەكەی بەرز بوەتەوە. ئەمەش بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا.
رۆژنامەی (حومهوریەت)_ی توركی لە راپۆرتێكدا لەبارەی گرانبوونی نرخی گازی سروشتی ئاماژەی داوە، كە لە وڵاتانی ئەوروپا نرخی گازی سروشتی بە رێژەی ٥٠٪ كەم بوەتەوە، چونكە بازاڕی گازی سروشتی گۆڕانی بەسەردا هاتوە و نرخ كەم بوەتەوە، كەچی لە توركیا بە پێچەوانەوە نرخ ٥٠.٨٪ بەرز بوەتەوە.
بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند، كە نرخی گازی سروشتی و كارەبا لەمساڵدا هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نایەت و گران نابێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن ئیدی گرانبوونی نرخ دەستی پێكرد.
رۆژنامەی (سۆڵ)_ی توركی، بە هەمان شێوە لەبارەی گرانبوونی نرخی گازی سروشتی راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی داوە كە زیانمەندی یەكەم هاووڵاتییانن، چونكە وەرزی زستان نزیك بوەتەوە و هاووڵاتییان گازی سروشتی بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنن، بەڵام ئەگەر نرخەكەی هەروا گران بێت، ناتوانن وەكو پێویست خۆیان گەرم بكەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ساڵانە لە توركیا چەندین كەس بە هۆی سەرماوە گیان لە دەست دەدات، بەتایبەت ئەو كەسانەی هەژارن و ناتوانن گازی سروشتی بەكار بهێنن.
لە ئیستەنبۆڵ و شارەكانی تری توركیا جگە لە باكوور، تاكە رێگە بۆ خۆ گەرمكردنەوە بەكارهێنانی گازی سروشتییە، بەڵام هاووڵاتییانی هەژار بە نهێنی لە ماڵەوە دار دەسوتێنن بۆ گەرم كردنەوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler