ئەیلول 30, 2020

ململانێیەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بەرزکردنەوەی گرژییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئیسرائیل لەو ماوەیەدا چەند هێرشی ئاسمانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامداون بۆ ڕێگرتن لەپڕچەککردن و خۆڕێکخستنی هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئێران لەو ناوچەیەدا، هێرشەکانی ئیسرائیل لەدژی دڕۆن و، موشەک و، چەکە مەترسیدارەکانی دیکەی بەردەستی هێزە بریکارەکانی ئێران بوون کە دەتوانرێ تەحەددای ئیسرائیلیان لەلایەن ئێرانەوە پێبکرێ.

لەڕاپۆرتێکی (نیۆرک‌تایمز) دا هاتوە، ئەو شاڵاوانەی چەند حەفتەی ڕابردوو گرژی تازەن لەشەڕی سێبەری نێوان ئێران و ئیسرائیل، کەوا بەرەو هەڕەشە و ڕووبەڕووبونەوەی بەرفراوانتر ڕۆیشتون و دەشێ مەترسی ئاڵۆزبونی زیاتربن لەداهاتوودا.
ئیسرائیل ئێران تاوانباردەکات کە هەوڵدەدات شاڕێیەکی سەربازی بەناو عێراقدا و، بەرەو سووریا و لەوێوە بۆ لوبنان دروستبکات، لەو ڕێگایەوە چەکی پێشکەوتووی سەربازی بگەێنێتە دەستی هێزە بریکارەکانی. ئەو شاڵاوانەی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا ئامانجیان ڕاگرتنی هەوڵ و تونایەکانی ئێرانە و، هێماش دەداتە هێزەکانی سەر بەئێران کە ئیسرائیل ڕێگانادات موشەکی زیرەکیان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل هەبن.
(سیما شاین) سەرۆکی پێشوتری توێژینەوە بۆ هەوڵگری ئیسرائیل گوتی، ئێران هەندێک شت لێرە لەناوچەکەدا دروستدەکات، وە ئەوەی کە لێرەدا گۆڕاوە ئەوەیە کە هەنگاوەکان گەیشتونەتە ئاستێک کە ئیسرائیل پێویستە بەشێوەیەکی جیاواز لەدژیان کاربکات.
ئێرانیش لەدژی ئەو شاڵاو سەربازییانەی ئیسرائیل بێدەنگ نەبوە و، بەرپرسانی باڵای ئێرانی دەڵێن ئەو شاڵاوانەی ئیسرائیل بێ وەڵام نابن، هەڵبەتە ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە سنوری ئێران لەو ناوچەیەدا لەوڵاتی خۆی تێپەڕیوە. هەر لەسەر ئو بابەتە (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی هێزەکانی قودس کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئێران لەدەرەوەی ئێران دەکات لە تویتەردا نوسیویەتی، لێدانەکانی زایۆنیست شێتانەن و بەکۆتاییدێن.
لەکاتێکدا ئێران بەفەرمی نەیگوتوە کە موشەکی پێشکەوتووی بۆ ناوچەکە گواستونەتەوە بەڵام ئێرانیەک کە بەهەوڵەکانی ئێران لەناوچەکەدا بەئاگایە و شارەزایی لەو بوارەدا هەیە گوتی، لەساڵی پارەوە ئێران سیاسەتی لەگەڵ ‌هێزە بریکارەکانی کە چاوی بڕیبوە مەشقپێکردنیان گۆڕیوە بۆ شەڕی زەمینی لە سووریا و لەعێراق و پڕچەککردن و ڕاهێنانیان بەچەکی تەکنۆلۆجیای پێشكەوتوو.
سەرکردەکان لەهەموو لایەکانی ناوچەکەدا دەڵێن شەڕی دیکەیان ناوێت بەڵام بەرزبونەوەی ئەو شاڵاوە سەربازیانە و، هەندێک جار شاڵاوی دڕۆنەکان کە تەکنۆلۆجی پێشکەوتویان تێدایە دەشێ زەنگێک بن بۆ گەورەبوونی مەترسیەکان و بەرفراوانبونی ئاڵۆزییەکان لەناوچەکەدا و هەڵایسانی شەڕێکی گەورە.
لەحەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشێکی هەوایی لەسووریا ئەنجامدا و لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، بۆ ڕێگریکردن بوە لە هەڵدانی دڕۆنێکی هەڵگری تەقەمەنی بەرەو ئیسرائیل.
هێرشەکان لەدژی هێزەکانی سەر بەئێران تەنها لەسووریادا نەوەستاوەتەوە بەڵکو هەردوو وڵاتی لوبنان و عێڕاقیشی گرتۆتەوە، لەو چەند حەفتەیەی ڕابردوودا بنکەکانی گروپەکانی حەشدی شەعبی چەند جارێک هێرشیان کراوەتەسەر کە سەرکردەکانی ئەو گروپانە دەڵێن ئیسرائیل ئەو هێرشانەی ئەنجامداون، لەوانە هێرشی سەر ئۆتۆمبیلێکی سەربازی لە قائیم کە فەرماندەیەکی تێدا کوژرا و، هەروەها هێرشی سەر بنکەکەی باکووری بەغدا لە (١٩ی تەمموز)ی ڕابردوودا لەجۆری ئەو هێرشانەی ئەو ماوەیەن کە کاراکتەرەکەیان بەڕوونی دیارنیە بەڵام چەند بەرپرسێکی ئەمەریکایی (ئاماژە بەناوەکانیان نەدراوە) بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێن لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.
هەروەها سوپای لوبنانیش ئاماژەی بەشاڵاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل کردوە و دەڵێ، لەو ماوەیەدا تەقەیان لەدوو دڕۆنی ئیسرائیلی کردوە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندوە.
ئەو ئاماژانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەو دەرفەتانەی کە ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستیهێناون ئێستا ئیسرائیل لەدژیان دەوەستێتەوە و هەوڵدەدات مەترسیەکان لەخۆی دووربخاتەوە.
(راندە سلیم) شیکەرەوە لە ئەنستیتیۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن گوتی، مەیدانی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەڕووی بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی بەرفراوانبوە. ئێستا دۆخەکە چیدیکە لەبارەی هەبوونی ئێران لەسووریاوە نیە بەڵکو لەبەرئەو تۆڕەی ئێرانە لەناوچەکەدا.
ئیسرائیل دەیەوێ پارێزگاری لەئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی بکات، بۆ ئەوەش پرۆژەی موشەکە زیرەکەکانی حیزبوڵلای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێ بەمەترسی دەزانێت، وە هەوڵەکانی بەرزکردونەتەوە لەڕێگای ئەنجامدانی چالاکی سەربازی هێرشی هەواییەوە بۆ تێكشکاندنیان، ئیسرائیل لەساڵی (٢٠١٧) ەوە کاردەکات بۆ ڕێگرتن لەتواناییەکانی حیزبوڵلای لوبنانی تاوەکو نەهێڵێت توانا موشەکیەکانی بەهێزترببن.
هەروەها شاڵاوی ئیسرائیل لە(١٩ی تەمموز) بۆ سەر بنکەی سەربازی عامرلی لە باکووری بەغدا، ئەو موشەکە زیرەکانەی کردونەتە ئامانج کە بۆ سووریا دەنێردران، ئەو هێرشە هەواییەی ئیسرائیل یەکەم هێرشە لەعێراق لەدوای هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئەتۆمی لەبەغدا لەساڵی (١٩٨١)ەدا کە ئەو کاتەی (سەددام حسێن) لەدەسەڵات و هێزدا بوو.
شیاوی باسکردنە، ئێران لەڕێگای بەهێزکردنی تۆڕەکانیەوە لە عێراق و، یەمەن و، لوبنان و سووریاوە ڕووبەڕووی بەرژوەندییەکانی ئیسرائیل و، ئەمەریکا و، عەرەبستان بۆتەوە و، بۆ ئەوەش لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ پڕچەککردنی هێزە بریکارەکانی لەناوچەکەدا بەچەکی پێشکەوتوو و ڕاهێنانیان لەسەر موشەکی زیرەک و بەکارهێنانی درۆنەکان.
بەهاری عەرەبی و، کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی عەرەبی دەرفەتی گەورەی بۆ ئێران پێبوە، لەو ڕێگایەوە ئێران هەوڵیداوە هێزەکانی نزیک لەخۆی پاڵپشتی بکات و بەهێزیان بکات، وە کاریگەری و دەستێوەردانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەی بەرچاو بەرزبونەتەوە.
پێشتر بارودۆخی ناوچەکە بەهۆی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتوە، وە شەڕی سێبەری نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش دیسان کاریگەری بەرەو خراپتربوونی لەسەر ڕەوشی سەقامگیری ناوچەکە دەبێت کە شارەزاییان لەو باوەڕەدان مەترسی ئەو ململانێیانە ڕوو لەکردنەوەی دەرچەی شەڕێکی تازەن لەناوچەکەدا.
زۆربەی هێرشە هەواییەکانی ئیسرائیل لەدژی ئێران لەناو خاکی سووریادا ئەنجامدراون، کە لەوەتەی ساڵی (٢٠١٧) ەوە ئیسرائیل نزیکەی (٢٠٠) هێرشی ئاسمانی لەدژی کاروانی چەک و تەقەمەنی و، بنکەی سەربازی و، پێگە و شوێنی دیکە ئەنجامداون کە پەیوەستبوون بەئێرانەوە.

© 2017 Hawler