ئەیلول 30, 2020

یەکەى هەواڵگریى ئابووریى جیهان لە لیستێکى دەرخستەییدا "تۆکیۆ"ى پایتەختى ژاپۆنى وەک ئارامترین شارى جیهان دیاریى کرد، پێوەرى دیاریکردنەکە پۆلێنى تواناى شارەکان دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا کە پەیوەندییان بە بارى ئاساییشەوە هەیە، هەر لە کارەساتە سروشتییەکان تاوەکو هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
دواى تۆکیۆ، سەنگافوورە لە پلەى دووەمدا هاتووە، پلەى سێیەمیش دیسان شارێکى دیکەى ژاپۆنییە، شارى ئۆساکا. پێوەرى دەرخستەکە هەمان ئەو پێوەرەیە کە لە ساڵى 2015-2017ـیشدا بەکارهێنراوە.
توێژەران دەڵێن (60) گەورە شارى جیهان لە دەرخستەکە لەبەرچاو گیراوە و لەمساڵدا فۆکەس لەسەر "نەرمیى شار"ەکان بووە لە ڕووى ئامادەسازیى و مامەڵەى خێرا و گونجاو لە کاتى حاڵەتە لەناکاوەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا. بۆ ئەمەیش چوار لایەنى ئاساییش لەبەرچاو گیراوە: ئاساییشى دیجیتاڵى، ژێرخانى، تەندروستى، ئارامیى کەسەکى.
شارەکانى ناوچەى ئاسیا و دەریاى هێمن زۆربەى پلەکانى 10 باشترینەکانیان گرتووە، چونکە "سیدنى" ئوسترالى لە پلەى پێنجەم دێت و "سۆل"ى کۆریاى باشوور لە پلەى هەشتەم و "مێلبۆرن"ى ئۆسترالى لە پلەى دەیەم.
هەر لە لیستى 10 باشترینەکەدا، دوو شارى ئەوروپاى دوو شارى ئەمریکاى باکورى تێدایە، بەم جۆرە: "ئەمسترادام"ى پایتەختى هۆڵەندا پلەى چوارەم و "کۆپنهاگن"ى دانمارکى لەگەڵ "سۆل"دا پلەى هەشتەمى هەیە. "تۆرنتۆ"ى کەندا پلەى شەشەم و "واشنتۆن"ى ئەمریکى پلەى حەوتەمى هەیە.
توێژەران دەلێن شارە زۆر ئارامەکان لە ڕووى تواناى چاودێریى تەندروستیى و کوالێتى و تیمى پسپۆر بۆ پارێزگاریى ئەلیکترۆنى و ڕۆڵى پۆلیس لە پاراستنى کۆمەڵگە و پلانى چاک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کارەساکان، ئاستێکى بەرزیان تۆمارکردووە و ئەمەیش دەیانکارتە سەلامەتترین شارەکانى جیهان.
arabic.euronews.com

© 2017 Hawler