ئەیلول 21, 2019

ڕووداوی ئاگرەکان هۆکار و کاریگەری لەسەر پشتبەخۆبەستنی ئابووریی عێراق

ئاگرەکانی ناوچەکانی باکووری عێراق لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کە وەرزی گەنم و جۆ بوو زیانێکی گەورەیان بەژێرخانی ئابوری عێراق گەیاندوە، وە جوتیاران کە تەنها بەربومیان دانەوێڵە بوو بەرهەم و ڕەنجی ساڵێکیان تێدا سووتا. حکومەتی عێراق زیاتر ئاگرەکانیان بە ڕووداوی سروشتی و بەدبەختی گێڕاندەوە کە لەڕاستیدا شتی زیاتر لەوە لەپشتی ڕووداوەکانەوە هەبوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) دەیان هەزار دۆنم بەربومی کشتوکاڵی لەوەرزی دانەوێڵەدا لەناوچەکانی باکووری عێراق سوتان، بەجۆرێک کە دوکەڵ و خۆڵەمێشی ئاگرەکان ئاسمانی ناوچەکانی ڕەش داپۆشیوە و جوتیارەکان کە ژیانیان لەسەر ئەو بەربوومە بوو ماندوو و نیگەران و بێ بەرهەم مانەوە.
بۆ جوتیارەکانی ناوچەکانی نەینەوا کە سوننەکان و، یەزیدیەکانن پشکی زۆری سووتانەکانیان لەوێ بەرکەوتوە، ئەوان ساڵانێک لەژێر ستەم و چەوساندنەوە و ئازارەکانی داعشدابوون، وە بەهیواوە لەدوای ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانیان بۆ ژیانێکی باشتریان دەڕوانی بەڵام جارێکی دیکە بێ ئومێد بوونەوە.
ئەو ساڵ بۆ کشتوکاڵ بەهۆی زۆری باران و تەڕیەوە جوتیارەکان لەو باوەڕەدابوون کە بەرهەمەکەنیان هاوشێوەی نەبوە لەڕابردوودا و هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیبوون و، بەساڵێکی پڕ لەبەرهەم دیاریکرابوو، کەچی لەپڕێکدا بەدەیان هەزار دۆنم لە کێڵگەکانی گەنم و جۆی ناوچەکان سووتا و سەرتاپا کێڵگەکان ڕەشیان پۆشی.
(جلال موحما) جوتیارێکی ناوچەی شنگالە و دەڵێ، تەماشاکەن، ژیانی خەڵکی تێدا چوو، ئەو کە گوڵە گەنمێکی بەدەستەوە بووە دەڵێ هەرگیز سەد ساڵی دیکەش ناگەینەوە بەبەرهەمی ئەو ساڵ.
نەک تەنها جوتیارەکان، لایەنی ئیداری ناوچەکەش لەدوای دەرکردنی داعش و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکان هیوایان بەگەنم و جۆی ناوچەکە بوو، وە بەهۆکارێکیان دەزانی بۆ سەربەخۆی عێراق لەڕووی دابینکردنی گەنم و جۆوە.
حکومەتی عێراق لەناوەڕاستی مانگی تەمموزدا ڕایگەیاند وێڕای سوتانی بەشێکی زۆری گەنم و جۆی جوتیاران، بەڵام لەڕووی چەندێتیەوە عێراق دانەوێڵەی پێویستی دەبێت لەو ساڵدا و کەموکورتی نابێ.
بەڵام بەڵگەکان لەناوچەکان، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە کێڵگە بەپیتەکانی گەنم و جۆی لێبوون ئەوە نیشاندەدەن کاریگەری ئەو سوتانانە گەورەترە لەوەی کە حکومەت دانی پێداناوە. لەو بارەیەوە (دوراید حیکمت) بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا گوتی، نزیکەی (٧٥ هەزار) دۆنم زەوی بەروبومی گەنم و جۆ لەناوچەکانیان سووتاوە، وە ئەو ڕێژەیە نزیکەی چوار ئەوەندەیە ئەو ڕێژەیەیە حکومەت باسی کردوە.
لەکاتێکدا کاریگەری ئاگرەکان دیارە و دەبینرێ بەڵام هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان بە مەتەڵ ماوەتەوە و، پشتگوێ خراوە.
بەلای حکومەتی عێراقەوە نزیکەی (٣٠%) ی ڕووداوی ئاگرەکان بەئەنقەست و چالاکی تاوانباری و تیرۆریزمەوە ڕوویانداوە، باقی دیکەش ڕووداوی سروشتی بوون و دەستی دیکە لەپشتیانەوە نەبوە.
ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ جوتیارەکان جێی قبوڵکردن نیە، ئەوان هەرگیز ڕووداوی ئاگری لەو شێوەیان پێشتر بەو ئەندازە بەرفراوانیە نەبینیوە، وە بەرپرسانی ناوچەکانیش لەو بارەیەوە دەڵێن بۆ بەدواداچونی هۆکارەکان لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکان بەووردی ئەنجامنەدراوە، ئەوەش نیگەرانی و گومانی لای خەڵکەکە دروستکردوە.
ئاگرەکان بەزۆری ماڵ و موڵکی سوننەکان و، یەزدییەکانیان لەناوچەکانی نەینەوا بەئامانج گرتوە، هەروەها لەناوچەکانی حەوێجە و، کەرکوکیش کێڵگەکانی کوردەکان سوتێنراون، ئاگرەکان بەربوومی ئەو خەڵکانەیان بەئامانج گرتوە کە لەدوای ڕزگاربونەوەی ناوچەکانیان گەڕاونەتەوە بەهیوای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی باشتر.
چەند بەرپرسێکی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەداوە کە وڵاتانی دەوروبەر بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان هەناردەی عێراق بکەن دەستیان هەبوە لەسوتاندنی گەنم و جۆی هاوڵاتیانی عێراقی بۆ ئەوەی عێراق پێویستی بەکڕینی دانەوێڵەی وڵاتانی دەرەوە هەبێت.
(حیکمت) لەو بارەیەوە دەڵێ شەڕی ئابوری لەنێوان وڵاتاندا هەیە بۆ ئەوەی فشار لەسەر عێراق دروستبکەن پێویستی بەهاوردەی بەرهەمی ئەوان هەبێت.
وە چەند ڤیدیۆیەکیش لەماوی ئاگرەکاندا بڵاوبونەوە دەریدەخەن کە چەکدارەکانی گروپەکان ئەوانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات ئاگر بەردەدەنە کێڵگەکان، ئەو جۆرە دەستانەی پشت ئاگرەکان کێشەکانی نێوان سوننە و شیعەکان و کێشە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان قوڵتردەکەنەوەو دەیانەوێ هەنگاوەکانی عێراقیش بۆ سەربەخۆیی ئابوری لەباربەرن.
لەڕاستیدا لەوانەیە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ هۆکارەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکان لەئارادانەبن، وە جوتیارەکانی ناوچەکە و بەرپرسانی کارگێڕی ناوچەکەش دەڵێن ناوچەکەیان ئاڵۆزە و، ناوچەکان کێشەدارن، وە تائێستاش تۆڕی گەریلایی چەکدارەکانی داعش لەو شوێنانەدا ماون و، گروپی چەکداریش لەناوچەکەدا هەن، بۆیە هۆکارەکان لێڵ و نادیارن، بەڵام سروشتی نین و ناکرێ بەو بیانوە کەمتەرخەمی لەبەدواداچوونەکاندا بکرێت.
شیاوی باسکردنە، وەزیری بازرگانی عێراق لەمانگی تەمموزدا ڕایگەیاند وێڕای ئاگر و لافاوەکان کە کاریگەری لەسەر بەرهەمی دانەوێڵەی ئەو ساڵ هەبوە، بەڵام عێراق لەو ساڵدا نزیکەی (٤ ملیۆن تەن) گەنمی لەناوچەکانی عێراق بەدەستگەیشتوە، ئەو هەنگاوەش ئاماژەیەکە کە عێراق ئامادەی بەدەستهێنانی پشتبەخۆبەستنی بەرهەمی دانەوێڵەیە لەناوخۆی وڵاتدا.
بەدەیان هەزار دۆنم زەوی بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیاران لەناوچەکانی کەرکوک و، دیالە و نەینەوا سوتان، ئەو ناوچانە بەهۆی هەبوونی گروپی چەکداری جیاوازەوە وێنەی هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکانیان ئاڵۆزکردوە.
جوتیارەکانی عێراق حکومەتی عێراق بەکەمتەرخەم دەزانن لەئاستی ڕووداوەکان، وە بەلای ئەوانەوە ناکرێ بەرووداوی سروشتی دابنرێن. کەمتەرخەمیەکانی حکومەت تەنها لە بەدواداچوون بۆ هۆکارەکاندا نابیننەوە بەڵکو لەکاتی ڕووداوەکانیشدا دامەزراوەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە ئامێری پێویستیان لەبەردەستدا نەبوە و، نەیانتوانیوە لەزیانەکان کەمبکەنەوە.
عێراق بۆ ئەوەی پشت بەئابوری خۆی ببەستێ پێویستە پاڵپشتی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارەکان بکات، جوتیارەکان کە ژیانیان لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە پێویستیان بە پرۆگرامی هاوکاری زیاتر و، قەرەبوکردنەوە لەکاتی زیانەکاندا و، ستراتیژی کشتوکاڵی بەهێزترهەیە، کە دواجار بەرهەمەکانیان لەخزمەتی زیادکردنی بەرهەمی نیشتمانی وڵاتیشدا ڕەنگدەداتەوە.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچە کێشە لەسەرەکان بەهاوبەشی و هێزە فەرمیەکان کاردانەوەی باشی دەبێت لەسەر گێڕانەوەی هیوا و ئامانجەکان بۆ جوتیارەکانی ناوچەکە، وە لەهەبوونی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانەدا دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ناوچەکە و، بۆ عێراق و کوردستانیش فەراهەم دەبێت.

© 2017 Hawler